Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: تا ئێستا 81%ی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی منداڵ لە هەرێم جێبەجێ کراون

ڕۆژی هەینی ١٦ی ئایاری ٢٠٢٥، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لەمیانی گوتارێکدا کە لە کردنەوەی گفتوگۆکانی هەردوو ڕاپۆرتی خولی پێنجەم و شەشەمی عێراق، سەبارەت بە ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ لە جنێڤ پێشکەشی کرد، تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردانەی تایبەتن بە هەرێم لە بواری پاراستنی مافەکانی منداڵاندا، کە لە یاسا و ڕێساکان و ڕێنماییەکان و هەنگاوە کردەییەکاندا خۆیان دەبیننەوە.

لە سەرەتای گوتارەکەیدا ئاماژەی بە پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان - عێراق (2021-2025) کرد و ڕوونی کردەوە کە ئەم پلانە (11) ڕاسپاردەی تایبەت بە مافەکانی منداڵ لەخۆ دەگرێت، کە تا ئێستا (9) یان جێبەجێ کراون، واتە بە ڕێژەی (81.2%). لە نیسانی 2023دا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سیاسەتی پاراستنی منداڵی پەسەند کرد، کە ئامانجی پاراستنی منداڵانە لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و خراپبەکارهێنان و پشتگوێخستن، بەپێی پێوەر و ڕێککەوتننامە و ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها لیژنەیەکی تایبەتمەند پێکهێنراوە بۆ پەسەندکردنی بودجەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە. وێڕای ئەوەش ئەنجومەنی باڵای پاراستنی منداڵان دامەزراوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی گرنگی ناوە بۆ تەرخانکردنی (20,000) یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان، لەوانەش بەشێکیان بۆ ئەو منداڵانە تەرخان دەکرێن کە دەگەنە تەمەنی 18 ساڵی، بۆ ئەوەی بتوانن تیایدا بژین تا دەگەنە تەمەنی 24 ساڵی.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی: بە پشتبەستن بە یاسای هەموارکردنی یاسای چاودێریی نەوجەوانان ژمارە (5)ی ساڵی 2022، تەمەنی بەرپرسیارێتیی تاوانکاری لە هەرێمی کوردستان بۆ (11) ساڵ بەرزکرایەوە، دوای ئەوەی پێشتر (9) ساڵ بوو. سەبارەت بەو کەسانەی تەمەنیان لە (18) ساڵ کەمترە و گومانی پەیوەندییان بە گرووپە چەکدارە تیرۆریستییەکان و لە یاسا دەرچووەکانیان لێ دەکرێت، ئەوا بەشێوەیەکی یاسایی و مرۆیی وەک قوربانییانی تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت نەک وەک تاوانبار. سەرەڕای ئەوەش نووسینگەکانی لێکۆڵینەوەی کەسێتی لە دادگاکانی نەوجەوانانی هەرێم کارا کراون و توێژەری کۆمەڵایەتی و دەروونییان بۆ دابین کراوە. بۆ بەدواداچوونی منداڵە ونبوو و دیارنەماوەکانیش، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لیستێکی ئامادە کردووە کە زیاتر لە 100 منداڵی ونبووی هەڵەبجەی دوای ساڵی 1988 لەخۆ دەگرێت.
پاشان باسی لەو خزمەتگوزارییانە کرد کە حکومەتی هەرێم لە بواری پەروەردە و فێرکردندا پێشکەشیان دەکات و گوتی: ژمارەی قوتابخانەکان لە هەرێم (7,370) قوتابخانەیە، کە (6,863)یان قوتابخانەی حکومین. لە سێ ساڵی ڕابردوودا (33,271) منداڵ گەڕێندراونەتەوە بۆ خوێندن لە چوارچێوەی پرۆگرامی (گەڕانەوە بۆ خوێندن). حکومەتی هەرێم سیاسەتی جیاکارینەکردن لە خوێندندا لە نێوان هەردوو ڕەگەز پەیڕەو دەکات، ژمارەی قوتابییان بۆ ساڵی خوێندنی (2024-2025)گەیشتووەتە (1,755,818) قوتابی، (883,725) کوڕ و (872,093) کچ. دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتی هەرێم، هاوشێوەی هەموو وڵاتانی جیهان، قوتابخانەکانی داخست، بەڵام بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی قوتابییان لە خوێندن، چەندین هەنگاوی گرتەبەر بۆ یارمەتیدانیان، لەوانە پەخشکردنی وانەی ڕۆژانە لە ڕێگەی تەلەفزیۆنی پەروەردەییەوە. هەروەها وەزارەتی پەروەردە سەکۆی (قوتابخانەی ئەلیکترۆنی) خستەگەڕ.
زێباری ئەوەشی ڕوون کردەوە: ژمارەی قوتابییانی خاوەنپێداویستیی تایبەت لە قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان (10,366) قوتابییە، کە (5,828)یان کوڕن و (٤٥٣٨)یان کچن. بەڵام لە پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ژمارەی قوتابییانی خاوەنپێداویستیی تایبەت (704) قوتابییە، کە(374)یان کوڕن و (330)یان کچن.
دیندار زێباری باسی کەرتی تەندروستی کرد و ئاشکرای کرد: حکومەتی هەرێم ستراتیژی تەندروستیی دایک و منداڵی خستووەتەگەڕ. بەپێی ئەم ستراتیژییە، وەزارەتی تەندروستی خزمەتگوزارییەکانی بەتایبەتی پێشکەش بە دایکان و منداڵان دەکات لە ڕێگەی بنکە تەندروستییەکانەوە کە یەکەکانی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی لەخۆ دەگرن. لە هەرێمی کوردستاندا 13 نەخۆشخانەی حکومیی تایبەت بە ئافرەتان و منداڵان هەن، سەرەڕای ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشخانە تایبەتەکان و (28) بنکەی تەندروستیی پسپۆڕ لەم بوارەدا. هەروەها 167 یەکەی تەندروستی هەن، کە خزمەتگوزاری و ڕێنماییی گرنگ و هۆشیاری پێشکەش بە دایکان دەکەن لەبارەی بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕێکخستنی خێزان. بۆ پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک، لە هەرێمدا سێ سەنتەری پسپۆڕ هەن، سەرەڕای (277) یەکەی هۆشیاریی تەندروستی کە لە بنکە تەندروستییە جیاوازەکاندا بڵاوبوونەتەوە، کە هۆشیاری دەدەن لەبارەی گرنگیی پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک. هەروەها (12) سەنتەری تەندروستی بۆ پێشوازیکردن لەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە تەرخان کراون.
بەرەنگاربوونەوەی هاوسەرگیریی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی و هاوسەرگیریی بەزۆر و بازرگانیکردن بە مرۆڤ یەکێک بوو لەو بابەتانەی کە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی پێ کرد و گوتی: داواکاری گشتی سکاڵا لەسەر پێشێلکارانی مافە گشتییەکان تۆمار دەکات. لە ساڵانی ڕابردوودا، لە دادگاکان (313) کەیسیان وردبوونەوەیان بۆ کراوە. زۆربەی ئەم حاڵەتانە لەناو کەمپەکانی پەنابەران و ئاوارەکاندا ڕوودەدەن، بۆیە تیمە مەیدانییەکان پێکهێنراون بۆ لێکۆڵینەوە لێیان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرانبەر بەم حاڵەتانە و لێپرسینەوە لە تۆمەتباران. لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی نیشتمانی دەستپێکرد؛ ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی سەردان کراون گەیشتە (223) کۆمپانیا، (15).کۆمپانیایان ڕەوانەی دادگا کران. لیژنە تایبەتمەندەکان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ (2,784) بیانی نیشتەجێی هەرێم ئەنجامدا و (79) کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستگیرکران، هەروەها سزاش بەسەر (12) تۆمەتباری دیکەدا سەپێنرا.
سەبارەت بە پاراستن و باشترکردنی ژینگەش ڕایگەیاند: 26 بەیاننامەی هوشیارکردنەوە دەرچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لە کەرتە جیاوازەکاندا. ئەم ڕێنماییانە بە بنەما دادەنرێن بۆ ڕێکخستنی کاری یاسایی لە بواری پاراستنی ژینگە لە هەرێمدا. هەروەها جەخت لەسەر پاراستنی مافە ژینگەییەکانی منداڵان کراوەتەوە. ئەم ڕێوشوێنانە مسۆگەرکردنی ڕەچاوکردنی پێداویستی و بۆچوونەکانی منداڵان لە سیاسەت و بەرنامە نیشتمانییەکانی تایبەت بە پاراستنی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا لەخۆدەگرن.
لە کۆتاییی گوتارەکەیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم کرد بۆ یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران و ڕوونیکردەوە کە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا میوانداریی (865,816) ئاوارە و پەنابەر دەکات. حکومەت نزیکەی (80%)ی پێداویستییە سەرەکییەکانیان دابین دەکات، لەوانە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان، ئازادیی هاتووچۆ و دابینکردنی هەلیکار.