Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: حکومەتی هەرێم بەشداری لە گفتوگۆکانی ڕاپۆرتی خولیی پێنجەم و شەشەمی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ لە جنێڤ دەکات

بڕیارە ڕۆژانی ١٣ تاكوو ١٨ى ئایاری ٢٠٢٥، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، کۆبوونەوەکانی گفتوگۆکردنی ڕاپۆرتی خولی پێنجەم و شەشەمی عێراق، تایبەت بە ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ ئەنجام بدرێن.
شاندێکی حکومەتی هەرێمیش لەو گفتوگۆیانەدا بەشدار دەبێت لە چوارچێوەی شاندی فیدراڵیدا. لەم بارەیەوە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئه‌وه‌ى ڕوون كرده‌وه‌ کە بەشداریی شاندی حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی هەماهەنگییە لەگەڵ لیژنەی نیشتمانيی نووسینی ڕاپۆرتی ئەو ڕێککەوتننامانەی عێراق پەسەندی کردوون و وەڵامدانەوەی ئەو تێبینی و ڕاسپاردانەی تایبەتن بە ڕێککەوتننامەکان لە حکومەتی فیدراڵیدا، بە ئامانجی خستنەڕووی پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان پێيانه‌وه‌.
زێبارى گوتیشی: ئه‌م به‌شدارييه‌ بە دەروازەیەک دادەنرێت و له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا تیشک دەخرێتە سەر دوایین هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پلانی مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١ - ٢٠٢٥)، تايبه‌تتر ئەو بەشەی پلانەکە کە بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵ ته‌رخان كراوه‌.
جێی ئاماژەیە ئەم گفتوگۆیانە لە چوارچێوەی کارەکانی خولی (٩٩)ـی لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە مافەکانی منداڵ بەڕێوەدەچن، کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ لە جنێڤ ئەنجام دەدرێت. ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە دانیشتنەکەدا گوتارێک پێشکەش دەکات و تیشک دەخاتە سەر ئەو یاسا و ڕێنمایی و هەنگاوە کردارییانەی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن.