ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لە باڵیۆزی گشتیی فەرەنسا بۆ مافەکانی مرۆڤ کرد

ڕۆژی دووشەممە ٥ی ئایاری ٢٠٢٥، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازی لە شاندێکی فەرەنسایی کرد کە پێکهاتبوو لە ئیزابێل ڕۆم، باڵیۆزی گشتیی فەرەنسا بۆ مافەکانی مرۆڤ و یان برایم کونسولی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: یەکەم جارە باڵیۆزی گشتیی فەرەنسا بۆ مافەکانی مرۆڤ، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەمەش دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی قووڵ و هەمەلایەنە لەبارەی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان.
زێباری هەروەها گوتی؛ باس لە گرنگیی ئەنجامدانی چاکسازیی یاسایی و دامەزراوەیی، گرنگیدان بە پاراستنی مافی پێکهاتەکان، پێشخستنی زیاتری بنەماکانی یەکسانیی جێندەری و پتەوکردنی سەروەریی یاسا کراوە.
شاندی میوان جەختیان لە گرنگیی پاراستن و دەستەبەرکردنی ئازادیی ڕادەربڕین کردەوە، هاوکات ئاماژەیان بە پێویستیی بەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕقوکینە و کارکردن بۆ بەهێزکردنی حوکمڕانیی باش دا.