Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و سەرۆکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی خاچی سوور پەرەپێدانی هاریکارییان لە پرسەکانی مافی مرۆڤ تاووتوێ کرد

ڕۆژی سێشەممە، ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازی لە ئیختیار ئەسڵانۆڤ سەرۆکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە بەغدا، فاروق ئیسلمۆڤ سەرۆکی لقی ڕێکخراوەکە لە هەولێر، چیا عەلی جێگری سەرۆکی لقی ڕێکخراو لە هەولێر کرد.

‎لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر مێژووی دامەزراندنی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و ئەو ڕۆڵە ئەرێنییەی گێڕاوییەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان. دواتر باس لە جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥) و ئامادەکردنی دوایین ڕاپۆرتی پلانەکە کرا؛ هەروەها جەخت کرایە سەر خولی (٤٨)مینی پانۆرامای خولی گشتگیر و پێشکەشکردنی وتاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان و لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

‎لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە، ئاماژە بە هەوڵە ئەرێنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە حکومڕانی باش، شەفافیەت و گونجاندنی سیاسەتە ناوخۆییەکان لەگەل ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کرا. هەروەها چەندین پرسی گرنگی مافەکانی مرۆڤ تاووتوێ کران و تیشکێکی زۆر خرایە سەر پرسی کەسانی شوێنبزربوو و ئەو کەسانەی چارەنووسیان نادیارە و بوونەتە قوربانی جەنگەکان و ئەو بارە ناسەقامگیرەی بە درێژاییی ساڵانی ڕابردوو لە ئارادابووە.

‎لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا کۆک بوون لەسەر بوونی هەماهەنگییەکی بەردەوام و چالاک لە داهاتوو، بەمەبەستی پێشخستنی پرسەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و درێژەپێدانی ئەم هەوڵانەی لەم بارەیەوە دراون.