Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کابینەی نۆیەم بە ڕێژەی (62.3٪) بەرزبوونەتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٣ى تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە شاری هەولێر، کۆڕبەندی دەرئەنجامەکانى جێبەجێکردنى پلانی حکومەتى هەرێم بۆ مافەکانى مرۆڤ، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان، حکومەت و فەرمانگە و دەستە سەربەخۆکان، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی دادی فیدڕال، ژمارەیەک لە دیپلۆماتکاران، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، یۆنامی و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی ئەنجام درا.

لە کۆڕبەندەکەدا د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، گوتەیەکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند کە؛ جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بناغەی ستراتیژی حوکمڕانیی باشە و بەشێکی سەرەکییە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی کەرامەتی مرۆییی هەر تاکێک بەبێ جیاوازی، لەم ڕوانگەیەوە ئەنجومەنی وەزیران پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥)، لە ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢١ پەسەند کرد.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها وتی: بە هەماهەنگیی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم، ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، چەندان چالاکیی جۆراوجۆرمان ئەنجام داوە، لەوانە ڕێکخستنی (٦٢) وۆرکشۆپ و خولی ڕاهێنان، پێشکەش کردنی(١٠٩) ڕاپۆرت بە لایەنی نێودەوڵەتی و بڵاوکردنەوەی زیاتر لە (١٧٥) لێدوان و بەیاننامە، لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ تۆڕی زانیاری نووسینگە کە لە (٤٦) نوێنەری دامودەزگا پەیوەندیدارەکان پێکهاتووە، ژمارەیەک ڕێکاری گرنگ دەرچوون وەک میکانیزمی خێراکردنی پرۆسەی جێبەجێکردن.

ئەوەشی ڕاگەیاند کە تا ئێستا ژمارەیەک ڕاپۆرت دەرچوون دوایینیان ڕاپۆرتی "هەڵسەنگاندنی بەراوردکاریی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بەپێی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ ٢٠٢١ - ٢٠٢٥" کە (٢٥) تەوەر لەخۆدەگرێت و هەڵسەنگاندنێکی گشتگیری بەراوردکاریی پڕۆسەی جێبەجێکردن دەخاتەڕوو، بەپێی ڕاپۆرتەکە لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕێژەی ڕاسپاردە جێبەجێکراوەکان (42.8٪) بوو، لە ساڵی 2023 گەیشتە (51.9٪)، بەڵام لە ساڵانی ٢٠٢٤ – ٢٠٢٥ ئەم ڕێژەیە چووەتە ئاستێکی پێشکەوتوو، کە گەیشتە (62.3٪) ، هەروەها بەپێی دەسەڵاتەکان بەم شێوەیە ڕاسپاردەکان جێبەجێکراون لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن (87.5٪)، لە دەسەڵاتی دادوەری (78.9٪)و لە دەسەڵاتی یاسادانان (40.5٪)بووە، بەشێوەیەکی گشتی ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان هەڵکشانیان بەخۆیانەوە بینیوە لە گشت تەوەرەکاندا.

سەبارەت بە پێشکەوتنی بەدیهاتوو لە پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان، دیندار زێباری وتی: لە دەستپێکی جێبەجێکردنی پلانەکە تا کۆتاییی مانگی تەممووزی ساڵی 2025، لە زۆر تەوەردا ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە بۆ نموونە دەرچوواندن و هەموارکردنی یاساکان (53.8٪)، ڕێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی (75%)، مافە مەدەنی و سیاسییەکان (74.3%)، نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ (83.3%)، نەهێشتنی ئەشکەنجەدان و شوێنبزرکردنی زۆرەملێ (37.5٪)، بەڕێوەبردنی چاکسازییەکان (42.86٪)، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (84%)، مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان (61.1٪)، ژینگە (83.3٪)، مافەکانی ئافرەتان (35٪)، منداڵان (45.5%)، کەمئەندامان و خاوەنپێداویستیی تایبەت (50%)، ئاوارە ناوخۆییەکان (80%)، پێکهاتەکان و ڕێگریکردن لە جیاکاری (75%)، دادپەروەری ڕاگوزەری (75%)، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن دادگاکانی هەرێم (66.7%) و ڕاهێنان و بڵاوکردنەوەی کولتووری مافەکانی مرۆڤ (73%) و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی (٧٥٪).

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەم ماوەیەدا حکومەتی هەرێم هەنگاوی گرنگی ناوە کە هاوتەریبن لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ نموونە (80) نەخۆشخانەی حکومی و (٧٢) نەخۆشخانەی تایبەت لە هەرێم هەن، (٢٠) سەنتەری نەهێشتنی نەخوێندەواری کراونەتەوە و نزیکەی (30.000) قوتابی دووبارە گەڕاونەتەوە بەر خوێندن، سوودمەندبوونی زیاتر لە (٤) ملیۆن هاووڵاتی لە پرۆژەی ڕووناکی، دروستکردنی دەیان بەنداو، رەخساندنی نزیکەی (200.000) هەلی کار ، درووستکردنی دەیان بەنداو، ئەم هەنگاوانەی حکومەت بەشێکن لە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.

دواتر تيشكی خستە سەر ڕاسپاردەکانی (UPR)و وتی: لە خولی (٤٨)ی پانۆرامای خولی گشتگیر (UPR) ی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ کە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ لە بارەگانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ ئەنجام درا، (٢٦٤) ڕاسپاردە لەلایەن (٩٦) وڵاتەوە ئاڕاستەی عێراق و هەرێمی کوردستان کران، دەرئەنجام (١٨٣) ڕاسپاردە قبووڵ کران و (٦٩) ڕاسپاردەش قبووڵ نەکراون.

ئەوەشی خستە ڕوو کە لەو گفتوگۆیانەدا ژمارەیەک لە وڵاتان ستایشی حکومەتی هەرێمیان کرد لە هەڵپەساردنی سزای لە سێدارەدان، پاراستنی مافی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، بەشداریی کارای ئافرەت لە کایەکانی دەوڵەت و بڕیاردان، لە ڕاسپاردەکانیاندا داوایان کرد کە هەوڵەکان بۆ درێژەپێدانی پلانی حکومەتی هەرێم بەردەوام بێت و میکانیزمێکی نیشتمانیی هەمیشەیی دابنرێت بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان و وتی: سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانە، لە پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکەدا، ژمارەیەک ئاڵنگاری ڕێگر بوون لە خێراکردنی کارەکان، لەوانە دەرنەچوواندن و هەموارنەکردنەوەی بەشێک لە یاساکان کە ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کراون، پەیوەستبوونی ژمارەیەک لە ڕاسپاردەکان بە پلانی نیشتمانیی حکومەتی فیدراڵی، بەتایبەتی لە ڕووی پەسەندکردنی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانەوە و ئالنگارییە داراییە بەردەوامەکان.