ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری UNDP ڕۆڵی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان تاووتوێ کرد

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازی لە تیتۆ نمیترا، نوێنەری هەمیشەیيی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP) لە عێراق كرد.
لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر کۆبوونەوەی سەرەتای ئەمساڵی پانۆرامای خولی گشتگیر (UPR) و ئەو ڕاسپاردانەی کە ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کران.
لە بەشێکی ديكهى کۆبوونەوەکەدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەى بە بەشداریکردنی کەرتی تایبەت لە ئاوەدانکردنەوەی هەرێم و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری كرد، کە ئەمەش کاریگەرییە ئەرێنییەکانی دەرکەوتووە، بە تایبەت لە کەرتی کشتوکاڵ، پیشەسازی و دابینکردنی سەرچاوەی ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتیيان. هەروەها ستایشی ڕۆڵی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد لە ڕابردوودا، بە تایبەت ڕۆڵی بەرنامەی UNDP لە عێراق.
ئەوەش خرایە ڕوو کە بەشداریکردنی کارای نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمدا لەگفتوگۆکانی تایبەت بە ڕێککەوتننامە و پەیماننامەکانی عێراق، ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە لە گەیاندنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە دامودەزگاکان لە هەرێم. هەروەها گەیاندنی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم ڕاستەوخۆ بە دەرەوە.
نوێنەری UNDP ئاماژەیان بەوە دا کە بڕیارە بابەتى ئیدارەدانی ئاو و سەرچاوەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بخەنە بەر باس، بەو پێیەی حکومەتی هەرێم چەندین هەنگاوی گرتووەتەبەر لە بواری بەڕێوەبردنی ئاو وسەرچاوەکانی ئاودا، لەوانەش دروستکردنی بەنداو و پۆند، کە کاریگەرى هەبووە لهسهر گەشتوگوزار و دابینکردنی ئاوی پاک.