Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و (WFP) مێزگەردێکیان لەبارەی خاوه‌نپێداويستيى تايبه‌ت و ئاسایشی کۆمەڵایەتی ڕێکخست

ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە هاوبەشی لەگەڵ پرۆگرامی خۆراکی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (WFP)، مێزگردێکی تایبەتیان بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و ماف و ئیمتیازاتەکانی خاوەنپێداویستيی تایبەت، لە چوارچێوەی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥) ڕێکخست.

لە میانەی مێزگردەکەدا، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر گرنگيی بابەتی پاراستن و پەرەپێدانی مافه‌كانى خاوەنپێداویستيی تایبەت و ئاماژەی بەوە دا: ئەم پرسە لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بە تایبەتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دوابەدوای بەشداریکردنمان لە خولی (٤٨)ــه‌مینی پانۆرامای خولی گشتگیر و دوای ئەوەی وڵاتان ژمارەیەک ڕاسپاردەی تایبەتیان بەم پرسە ئاراستەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فيدرال کرد.

لە بەشێکی دیکەی مێزگەردەکە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان چەندین بابەتی گرنگی خستە ڕوو لەوانە: مافی دابینکردنی خۆراک، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بەستنەوەی هەر یەک لەم بابەتانە بە پرسی کەسانی خاوەنپێداویستيی تایبەت و گرتنەبەری میکانیزمی گونجاو بۆ بەدەستهێنانی پێشکەوتن و دەستەبەرکردنی ئەم مافانە بە باشترین شێوە.

لە بەشێکی ديكه‌ی مێزگردەکە دیندار زێباری ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لە پرسی کەسانی کەمئەندام و خاوەنپێداویستيی تایبەت و چۆنیيەتيی گرتنەبەری سیاسەت و ستراتیژییەکی یەکگرتووی نیشتیمانی و خۆگونجاندن لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.


لەلایەن خۆیانەوە بەشداربووان سەرنج و تێبینییەکانیان خستە ڕوو و ئاماژەیان بە ژمارەیەک ئاڵنگاری دا لە پرسەکانی مافی مرۆڤ بە گشتی و پرسی کەسانی کەمئەندام و خاوەنپێداویستيی تایبەت، گرنگترینییان باری دارایی و تەرخان نەکردنی بودجەی تایبەت، لەلایەن حکومەتی فيدرال بوو.