ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا پلانی نیشتیمانیی هەرێمیی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و چۆنیەتیی پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی تاووتوێ دەکەن

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا، پلانی نیشتیمانیی هەرێمیی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و چۆنیەتیی پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی تاووتوێ دەکەن.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازی لە ڕادو بوتوم، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، چەندین پرسی گرنگ تاووتوێ کران؛ ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەوە کردەوە پرسی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری لە میانەی جێبەجێکردنی پلانی نیشتیمانیی هەرێمیی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان (٢٠٢١ - ٢٠٢٥) و بە هەماهەنگیی لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، تیشکێکی زۆری خراوەتە سەر.
لە کۆبوونەوەکەدا ڕادو بوتوم بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا، ئاماژەی بە گرنگترین چالاکییەکانی داهاتووی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و کۆماری عێراق دا. هەروەها باسی لە کۆبوونەوەی لێژنەی هاوکاری لە چوارچێوەی ڕێکەوتنامەی نێوان هەردوو لایەن کرد؛ کە بڕیارە لە ڕێکەوتی ٣٠ی ئەیلوول لە بەغدا بەڕێوە بچێت؛ هەروەها هانی بەشداریکردنی هەرێمی کوردستانی دا، لە چالاکییەکانی لێژنەی لاوەکیی مافی مرۆڤ و دیموکراسی. لە هەمانکاتدا جەختێکی زۆری کردە سەر گرنگیی بەشداریکردنی هەرێم شانبەشانی عێراق.
هەردوولا باسیان لە گرنگترین هەنگاوەکان بۆ بەهێزکردنی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان کرد. بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا، تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی ئێستای لەگەڵ تۆڕی ئەوروپیی تایبەت بە دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و ئاماژەی بە ڕۆڵی بەهێزی ئەم تۆڕە دا، لە بنیادنانی تواناکان و پاڵپشتیی تەکنیکی؛ هەر لەو چوارچێوەیەدا پێشنیاری بەشداریکردنی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی کرد، لە مێزگردێک کە بڕیارە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ و پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت، بە مەبەستی تاووتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی مافی مرۆڤ لە ناوچەکە.
ڕادو بوتوم، دەستبەرکاربوونی خاتوو کاجسا ئولونگرن، لە دەسپێکی ٢٠٢٦ وەک نوێنەری تایبەتی مافەکانی مرۆڤی یەکێتیی ئەوروپا ڕاگەیاند. هەروەها پێشبینی ئەوەی کرد ئەزموونە دیپلۆماسییە فراوانەکانی دەستکەوتێکی باش بهێنێتە کایەوە، بۆ فراوانکردنی بازنەی هەماهەنگیی هاوبەش لەگەڵ دامودەزگا ئەوروپییەکان.
دیندار زێباری، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەردەوامبوون لە هەوڵەکان و چارەسەرکردنی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پرسەکانی مافی مرۆڤ دووپات کردەوە. ئاماژەی بەوەدا ڕاپۆرتی کۆتاییی پلانی نیشتیمانیی هەرێمیی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان (٢٠٢١ - ٢٠٢٥) پێشکەوتنی بەرجەستە لە بوارەکانی ئازادیی ڕاگەیاندن و پاراستنی مافی پێکهاتەکان و چاکسازیی دەخاتە ڕوو. هەروەها جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا کردەوە؛ لەڕێگەی بەشداریی چالاک لە کارەکانی لیژنەی لاوەکیی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی و ڕۆڵی ئەم چالاکییانە لە بەرزکردنەوەی شەفافیەت و لێپرسینەوە و نوێنەرایەتیکردنی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
لەکۆتاییی کۆبوونەوەکە، هەردوولا کۆک بوون لەسەر بوونی هەماهەنگییەکی بەردەوام، بە مەبەستی پێشخستنی پرسەکانی مافی مرۆڤ و حکومڕانی باش و شەفافیەت و بەرەوپێشبردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی.