Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و کونسولی گشتیی بەریتانیا ڕاسپادە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ تاووتوێ دەکەن

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١١ی ئەیلوولی‎ ٢٠٢٥، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لە ئەندرۆ بیزڵی، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر و شاندی یاوەری کرد.

‎لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین ڕاپۆرتی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥) کرا، كە بڕیارە بەم زووانە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران پێشکەش بکرێت وەک ڕاپۆرتی کۆتاییی پلانەکە، تێیدا جەخت لەسەر ئەو میکانیزمانە دەکرێت، حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پەیڕەوی کردووە. هەروەها کۆبوونەوەی ئەمساڵی پانۆرامای خولی گشتگیر و ئەو ڕاسپاردانەی پێشکەشی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کران، بابەتێکی تری ناو گفتوگۆکە بوو.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پێشکەوتنەكانی بواری ئازادیی ڕۆژنامەگەری، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان، پاراستنی ماف و ئازادییە گشتی و ئایینییەکان كرا، هەروەها ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئامادەییی نووسینگەکەی دەربڕی بۆ هەر جۆرە ئاسانکارییەک بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی پسپۆڕی و شارەزایی لەنێوان دامودەزگاکانی هەرێم و لایەنە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە کونسڵخانەی گشتیی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا.