Skip to the content

حکومەتی هەرێم ستراتیجییەکی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەخاتەڕوو

ڕۆژی یەكشەممە 15ی شوباتی 2026، لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ، ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و کەسانی پسپۆڕ و شارەزا، كۆنفرانسی (کوردستان بەبێ ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان)، بەسەرپەرشتی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ و کاروباری پەنابەران بەڕێوە چوو.


لە کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر گرنگی ستراتیژیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەم لەم بوارەدا و ئەوەشی ڕاگەیاند: لە 15ی تشرينى يەكەمی 2023، لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) یەکەمین کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان بە بەشداری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ئەنجامدا، ئەم کۆنفرانسە دەرفەتێک بوو بۆ کۆکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و خستنەڕووی داتا، ئاڵنگاری و پێشنیارەکان، کە لە دەرئەنجامدا ڕێکاری تایبەتمەند ئامادەکران، دواتریش ئەم ڕێکارانە گشتاندنیان پێکرا لەسەر ئاستی دامودەزگاکان لە هەرێمدا بۆ ئەوەی بکەونە بواری جێبەجێکردن لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا.


ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەش کرد، ڕاسپێردراوین بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی ڕێکخراو (UNODC)، بۆ مەبەستی پەرەپێدانی تواناکان، لەوانە: لێکۆڵەرەکان، دەزگاکاکانی ئاساییش، داواکاری گشتیی و دەسەڵاتی دادوەری، هەروەها یارمەتیدەربوون لە بابەتی پاڵپشتیی لۆجستی و دابینکردنی ئامێری پشکنینی پزیشکی تایبەت و ئاڵوگۆڕی زانیاریی.


لە لایەکی دیکەوە نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی لە چاودێریکردنی لیژنەی بەڕێوەبردنی هەماهەنگی، لە بابەتی خێرا بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان، زیاتر لە (68) وۆرکشۆپ لەگەڵ ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕێکخراوە.


دواتر تیشکی خستە سەر ئامارەکانی تایبەت بە دەستبەسەرداگرتنی ماددی هۆشبەر و دەستگیر کردنی تاوانباران و گوتی: "بەپێی ئاماری دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە ساڵی 2025، کۆی گشتیی ماددەی هۆشبەری دەست بەسەرداگیراوە بریتی بووە لە (922 کیلۆ و 963 گرام) و (12،194) شییت حەبی کۆنتڕۆڵ کراوی پزیشکی، لە لایەکی دیکەوە کۆی گشتیی سزادراوان لە چاکسازییەکانی هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە (1709) تاوانبار و کۆی گشتی ڕاگیراوان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە گەیشتووەتە (2784) تۆمەتبار".


لە کۆتاییی وتارەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "سەرکەوتنی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم، پێویستی بە هەوڵ و کۆششی هەموو کایەکانی کۆمەڵگا و هەماهەنگی و هاوکاری لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەیە، لەهەمان کاتدا بەهێزکردنی هاوکاریی هەرێمی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان زۆر پێویستە".