Skip to the content

هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری دژی ئافرەتان لە جنێف خرایەڕوو

‎ڕۆژی چوارشەممە، 4ی شوباتی 2026، لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ، گفتوگۆکانی خولی (92)ی لیژنەی ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک دژی ئافرەتان (سیداو) بە بەشداریی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
‎لە دەستپێکی گفتوگۆکاندا، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم، بۆ بنبڕکردنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری و توندوتیژی خێزانی، هەروەها لە ڕاپۆرتێکدا ئامارەکانی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی خستەڕوو.
بەپێی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025)، ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لە ساڵی 2022دا (42.8%) بووە، لە ساڵی 2023دا بۆ (51.9%) بەرزبووەتەوە و لە نێوان ساڵانی (2024-2025)دا گەیشتووەتە (62.3%).
‎ڕوونیشیکردەوە، جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان بەپێی سێ دەسەڵاتەکە، (%87.5) دەسەڵاتی جێبەجێکردن، (78.9%) دەسەڵاتی دادوەری و (40.5%) دەسەڵاتی یاسادانان بووە و ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لە بواری مافەکانی ئافرەتاندا گەیشتووەتە (%35)
‎بەپێی راپۆرتەکە، لە هەرێمدا پۆستی باڵای وەک سەرۆکایەتی پەرلەمان و 3وەزارەت و یەک پارێزگار لای ئافرەتانن، لە بواری دادوەریشدا ڕێژەی دادوەرانی ئافرەت و ئەندامانی داواکاری گشتی گەیشتووەتە (26.2%)، هەروەها ڕێژەی ئافرەتان لە داواکاری گشتی گەیشتووەتە (%27.8) و ڕێژەی یاریدەدەرانی دادوەری ئافرەت گەیشتووەتە (%67).
‎لە ڕووی یاسادانانەوە، "کۆتا"ی (%30) بووەتە هۆی هاتنەدیی (147) پەرلەمانتاری ئافرەت لەخولە جیاوازەکاندا، کە (65)یان سەرۆکایەتی لێژنە هەمیشەییەکانیان کردووە. هەروەها لێژنەیەکی باڵا بۆ پاراستنی کاندیدانی ئافرەت لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن پێکهێنراوە بە بەشداریی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و چەندین وەزارەت و لایەنی پەیوەندیدار، بۆ داڕشتنی سیاسەتی پێویست بۆ پاراستنی کاندیدان لە ناوزڕاندن و سوکایەتی لە میدیا و سۆشیالمیدیدا.
‎ لە کەرتی ئابووریدا، لە نێوان ساڵانی 2022-2025 ژمارەی ئەندامانی ئافرەت لە ژووری بازرگانی، گەیشتووەتە (239) ئافرەت، هەروەها پاڵپشتی ڕاستەوخۆ بۆ ئافرەتانی لادێ دابین کراوە لە ڕێگەی پێدانی قەرز بە (1.198) ئافرەتی جوتیار بە بڕی زیاتر لە (9.5) ملیار دیناری عێراقی، جگە لە ڕەخساندنی (3.873)هەلی کار بۆ ئافرەتان لەو چوارچێوەیەدا.
‎سەبارەت بە سکاڵاکانی توندوتیژی، هێڵی گەرمی (119) لە ساڵی 2024دا (12.274) سکاڵای پێگەیشتووە، ئەمەش نیشانەی متمانەی ئافرەتانە بە ڕێکارە فەرمییەکان. هەروەها (1.532) حاڵەت لە ڕێگەی ئاشتەوایی خێزانییەوە چارەسەرکراون و لە ساڵی ڕابردوودا (99) سکاڵا لە بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان تۆمارکراون.
‎ (5) سەنتەری داڵدەدان بۆ ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو دامەزراون و ساڵانە خزمەتگوزاری بە زیاتر لە (900)ئافرەت دەگەیەنن، و ژمارەی ئەو ئافرەتانەی لە ساڵی 2019 تا 2025 لەم سەنتەرانە سوودمەند بوون گەیشتووەتە (5.530)ئافرەت.

‎لە پرسی هاوسەرگیری پێشوەختەدا، دادگاکان سەیری (313) کەیسی پەیوەندیدار بە هاوسەرگیری نەوجەوانان و هاوسەرگیری زۆرەملێیان کردووە، هەروەها تیمێکی مەیدانی لە ناو کەمپی ئاوارەکاندا پێکهێنراوە کە ئەفسەران و شارەزایانی یاسایی و دەروونی لەخۆدەگرێت بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست، و داواکاری گشتی دەستبەجێ سکاڵای یاسایی دژی سەرپێچیکاران تۆمار دەکات. لە بواری بەرەنگاربوونەوەی شێواندانی ئەندامەکانی جەستە، کەمپەینەکانی هۆشیارکردنەوە سەرکەوتنێکی بەرچاویان بەدەستهێناوە و حاڵەتەکان بە ڕێژەی (%60) کەمی کردووە، هاوکات پشتیوانیی ڕاستەوخۆ پێشکەش بە (5,000) ئافرەت لە توێژە لاوازەکان کراوە.
‎ لە کەرتی پەروەردەشدا ڕێژەی کچان گەیشتووەتە (%48) کە زیاتر لە (872.000) قوتابی.
لە بواری ڕاگەیاندنیشدا (1.600) ڕۆژنامەنووسی ئافرەت تۆمار کراون و (192) ڕێکخراوی تایبەت بە ئافرەتان چالاکن.
‎سەبارەت بە بەشداری ئافرەتان لە کەرتی ئەمنی و سەربازی، (1,261) ئافرەت لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەدا خزمەت دەکەن، کە (132) یان پلەی ئەفسەریان هەیە و بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنە جۆرییەکان دژی تیرۆر کردووە، ئەمە جگە لە زیادبوونی ڕێژەی (%15) بەشداریی ئافرەتان لە ڕیزەکانی پۆلیسدا لە ساڵی 2021ـەوە.
‎لە بارەی دۆسیەی ڕفێنراوانی ئێزیدی و بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ ناساندنی تاوانەکانی داعش وەک جینۆساید، بەپێی ئامارەکان(3.593) کەس ڕزگارکراون، کە (2,290)یان ئافرەت بوون.