ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و سەرۆکی لیژنەی ڕێککەوتنامەی (سیداو) بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی لە پاراستنی مافی ئافرەتان تاووتوێ دەکەن
لە میانەی ئەو کۆبوونەوانەی لە خولی (٩٢)ی لیژنەی ڕێککەوتنامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک دژ بە ژنان (سیداو) ئەنجام درا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان چاوی بە سەرۆکی لیژنەی ڕێککەوتنامەی (سیداو) نەهلە حەیدەر کەوت.
لە دیدارەکەدا ئاماژە بەوە درا، سەرەرای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین هەوڵی گرنگی داوە بۆ باشترکردنی چوارچێوەی یاسایی و دامەزراوەییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی مافی ئافرەتان، بەڵام ئاڵنگارییەکان پێویستییان بە هاوکاریی نێودەوڵەتیی چڕتر هەیە لەسەر بنەمای هاوبەشیکردنی ئەزموون و دەستەبەرکردنی پاڵپشتیی تەکنیکی و دارایی، بە مەبەستی بەردەوامیی ئەم هەوڵانە.
لەم چوارچێوەیەدا، جەخت کرایە سەر ئەوەی کارە لەپێشیینەکانی داهاتوو دەبێت هەریەک لە تەرخانکردنی بودجە بۆ زیادکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوونی ئافرەتان و خزمەتگوزارییەکانی پاراستن و بەهێزکردنی بەرنامەکانی پاڵپشتیی دەروونی و یاسایی و تەندروستی لەخۆ بگرێت.
باس لە گرنگیی فراوانکردنی بەرنامەکانی تواناسازیی ئابووریی ئافرەتان و ڕزگاربووان لە دەستی توندوتیژی کرا، لە ڕێگەی ڕەخساندنی هەلی کار و خولی ڕاهێنان و پێشکەشکردنی قەرزی بچووک.
لە کۆتاییدا، گرنگیی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی نێودەوڵەتی لە گونجاندنی یاساکان و سیاسەتەکان لەگەڵ ڕێککەوتنامەی سیداو و میکانیزمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپات کرایەوە، هەروەها جەخت کرایە سەر ئەوەی پاراستنی ئافرەتان تەنیا بەرپرسیاریەتییەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو پاپەندبوونێکی مرۆیی هاوبەشە کە پێویستیی بە هەماهەنگییەکی نێودەوڵەتیی ڕاستەقینە هەیە.رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و سەرۆکی لیژنەی ڕێککەوتنامەی (سیداو) بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی لە پاراستنی مافی ئافرەتان تاووتوێ دەکەن