Skip to the content

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان و کونسوڵی ئیمارات پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و دۆسیەی مافەکانی مرۆڤ تاوتوێ دەکەن

ڕۆژی یەکشەممە، 11ی کانوونی دووەمی 2026، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازی لە ئەلشەیخ ئەحمەد حەسەن شەحی، کونسوڵی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە قووڵی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات کرایەوە، بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی و کەلتووری. زێباری تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکان و هەنگاوەکانی تایبەت بە دادپەروەری، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ماددە هۆشبەرەکان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان.

هەر لە دیدارەکەدا، ئاماژە درا بە ڕۆڵی ئەرێنی هەرێمی کوردستان لە بەهێزکردنی پێگەی عێراق لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان. لای خۆیەوە، کونسوڵی ئیمارات ستایشی ژینگەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی لە هەرێم کرد سەرەڕای ئاڵنگارییەکانی هاتوونەتەپێشی.

لە کۆتاییدا، هەردوولا كۆك بوون لەسەر پەرەپێدانی هەماهەنگییەکان لە بوارەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، تواناسازیی دامەزراوەکان، پاراستنی مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و ئەنجامدانی خولی ڕاهێنانی هاوبەش بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.