Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان کاری هاوبەش تاووتوێ دەکەن

ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی 21ی کانوونی دووەمی 2026، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان، پێشوازی لەمیرۆسلاڤ پرلێڤیچ، پسپۆڕی هەواڵگریی تاوان لە نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان(UNODC) و شاندی یاوەری کرد.
لە کۆوبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر هەر یەک لە پرسەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرەعەقڵییەکان، بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی کردن بە مرۆڤ، شوێنبزربووانی زۆرەملێ، تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و چۆنیەتی گونجاندنی سیاسەتە ناوخۆییەکان لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتیەکان؛ هەروەها باس لە ڕۆڵی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان کرا لە هەماهەنگی کردن لەگەڵ نوێنەرانی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ.
لەکۆتاییدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگی ڕەخساندنی بەرنامەی تایبەت بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و پێشخستنی بنیادنان و پەرەپێدانی کاری دامەزراوەکان كردەوە.