Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا بەبێ کارتى ڤاکسین مامەڵەى هاووڵاتیان ڕایى ناكات

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت: لە ڕێکەوتى (١/٢/٢٠٢٢) بە دواوە پێویستە هاووڵاتیان لەکاتى سەردانیان بۆ وەزارەت کارتى وەرگرتنى ڤاکسینیان پێ بێت، بەپێچەوانەوە ڕێگەیان پێنادرێت سەردانى وەزارەت بکەن بۆ ڕاییکردنى مامەڵەکانیان.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئاماژە کردن بە بڕیارى سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و لیژنەى باڵاى ڕووبەڕووبەنەوەى کۆرۆنا، لە گشتاندنێکدا چەند بڕیارێکى بۆ پاراستنی سەلامەتى گیانی ھاووڵاتیان و فەرمانبەران و مامۆستایان لە دامودەزگاکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرکرد كه‌ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن:

یەکەم: ئەو فەرمانبەرانەى دیوانى وەزارەت کە پێکوتە (ڤاکسینى) دژە کۆرۆنایان وەرگرتووە، پێویستە تاکو ڕۆژى پێنجشەممە ڕێکەوتى (٢٧/١/٢٠٢٢) وێنەیەک لە ناسنامە یاخود کارتى وەرگرتنى پێکوتە (ڤاکسین)ى دژە کۆرۆنا، بۆ دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى/ بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى و سەلامەتى لە دیوانى وەزارەت بنێرن.

دووەم: ئەو فەرمانبەرانەى دیوانى وەزارەت پێکوتە (ڤاکسینى) دژە کۆرۆنایان وەرنەگرتووە، بەبێ تێستى کۆرۆنا کە (٤٨) سەعاتى بەسەردا تێپەڕ نەبووبێت، ڕێگەى پێنادرێت بێتە دەوام و بەنەهاتوو هەژمار دەکرێت، لەڕۆژى دەرچوونى ئەم نووسراوە.

سێیەم: لە دواى ڕێکەوتى (١/٢/٢٠٢٢) بەدواوە هیچ کەسێک ڕێگەى پێ نادرێت سەردانى  وەزارەتەکەمان بکات بەبێ هەبوونى کارتى ڤاکسین یان ئەنجامدانى تێستى کۆرۆنا کە (٤٨) سەعاتى بەسەردا تێپەڕ نەبووبێت.

 لەلایەن تیمى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستی و سەلامەتیى لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، ڕاستاندن بۆ بەڵگەنامەکان دەکرێت ئەگەر ڤاکسینى وەرنەگرتبێت ڕێگەیان پێ نادرێت بێنە ناو دیوانی وەزارەت.