Skip to the content

دڵنیایی جۆری

ده‌زگای سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایی جۆری

 

پێناسەی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری

بەپێ یاسای ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠٠٨)ی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان-عێراق، بەشی سێیەم ( پێکهاتە و دەسەڵاتەکان) مادەی چوارەم-برگەی چوارەم "ئەرکی ئەم دەزگایە لێکۆڵینەوەی جێبەجێ کردنی باشی ئەرکەکانی زانکۆ و دەستەکان و ڕادەی رەوایەتی هەڵسوکەوت و گونجانیان لەگەڵ یاسا کارپێکراوەکان لە ئەستۆ دەگرێت".

پەیکەری دەزگا

 

سەرۆکی دەزگا

بەپێ یاسای ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠٠٨)ی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان-عێراق، بەشی سێیەم ( پێکهاتە و دەسەڵاتەکان)، مادەی چوارەم-برگەی چوارەم "فەرمانبەرێک بە پلەیەکى تایبەت لە هەڵگرانى بڕوانامەى دکتۆرا بەلایەنى کەم پرۆفیسۆرى یاریدەدەر بێ و شارەزایى لە کاروبارى زانستى و کارگێڕى دا لە پازدە ساڵ کەمتر نەبێ و چەند پسپۆڕ یارمەتى دەدەن و ئەرکەکانى دەستنیشان دەکرێن".

 

دیدگا (Vision)

بۆ بەرەو سیستەمێکی کارگێڕی و ئەکادیمی ئاست بەرز و پێشكەوتوو و خاوەن كوالێتى، لەسەر ئەو بنەمایەی کە سەرجەم دام و دەزگاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پەیوەستن بە پارێزگاریکردن و بەرەو پێشبردنی کوالێتی خزمەتگوزاری ئەکادیمی و زانستی و کارگێڕی.

 

پەیام (Mission)

دەزگاکەمان لە ڕێگەی سەرپەرشتی و بەدواداچوون و پشکنین و هەڵسەنگاندنی بەردەوام، کار دەکات بۆ دەستەبەرکردنی باشترین جۆری خزمەتگوزاری کارگێڕی، فێرکردن، توێژینەوە، پڕۆگرامی خوێندن و ژینگەیەکی تەندروست بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكاران/ قوتابیان لە دام و دەزگاکانی سەر بە وەزارەتەكەمان، بۆ ئەمەش بە ئاڕاستەى هەنگاو نان و پێشوەچوونی بەردەوام بە پێیی پێوەرەكانى ستانداردی ناوەخۆیی و جیهانی.

 

ئامانجەکان

یەکەم: دانان و هەموارکردنی میکانیزم و ڕێکارە یاسایی و زانستیەکان، لە خوێندن و توێژینەوە و شوێنی کارکردن بۆ ئەوەى بەرامبەر يان گونجاو بێ لەگەڵ ئەو مەرج و ئەركانەى كە لە لايەنى كارە نموونەيى و پیشەييەكانى دڵنیایی جۆری و تەندروستى و سەلامەتى داندراوە.

دووەم: ئامادەکردنی ستافی شارەزا و لێهاتوو لە بواری دڵنیایی جۆری بۆ ئەوەی پاڵپشتی تەواوی زانکۆ و پەیمانگە و دەستە و فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتەكەمان بکرێت.

سێیەم: کارکردن بە شێوەیەک بێت کە لەگەڵ بنەما و بەها ئەخلاقیەکانی کار بگونجێت و لەگەڵ پێوەرە جيهانيەكان بگونجێت.

چوارەم: دابین کردنى ژینگەیەکى ئاسودە و سەلامەت و تەندروست لە ڕێگای هەوڵدان بۆ کەم کردنەوەى رووداوى دڵتەزێن و نەخوازراو لە هەموو بالەخانەیەکى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە گشتى لەگەڵ ئامانجى بەربەستكردنى زامداربوون يان تووش بوون بە نەخۆشييە پيشەييەكان.

پێنجەم: برەودان بە کەلتوری دڵنیایی جۆری و تەندروستی و سەلامەتی لە دام و دەزگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی بالا و توێژینەوەی زانستی بەشێوەیەک کە گشت مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران پێوەی پابەند بن.

شەشەم: بەرزکردنەوەی ئاستی جۆرێتی خوێندن و ڕاهێنان و بەرزکردنەوەی بەهای بڕوانامەکان بە هاوتا نێودەوڵەتییەکان.

حەوتەم: بەرزڕاگرتنی پێگە و هەیبەتی مامۆستا و فەرمانبەران و خوێندکاران و دەزگاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەرێمدا.

هەشتەم: پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاست و پرۆگرامی خوێندن و گونجاندنیان لەگەڵ پێویستی بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان. 

نۆیەم: بەرەوپێشبردن و پاریزگاری کردن لە کوالێتیەکی بەرزی خوێندن لە هەموو قۆناغەکانی پرۆسەی فێربوون لە زانکۆ و دەستە و ئەنجومەن و پەیمانگاکان.

 

ئەرک و دەسەڵاتەکانی دەزگا

پاڵپشت بە یاسای ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠٠٨)ی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠١٣)ی زانکۆ تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها بە پێی فەرمانی وەزاری ژمارە (١١٠٣) لە ڕێکەوتی (١/٧/٢٠١٩) دەسەڵاتەکانی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری بریتین لەم دەسەلاتانەی خوارەوە:

  1. بینینی گشت نووسراوەکانی ئاسایی پەیوەندیدار بە دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و بەرزکردنەوەی ئەوانەی کە پێویستن بۆ جەنابی وەزیر لەگەڵ دیاریکردنی ڕا و بۆچوون دەربارەیان.
  2. واژۆکردن لە سەر گشت نووسراوەکانی فەرمی ئاسایی پەیوەندیدار بە دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و ئەوەی پێویست دەکات پێشتر ڕەزامەندی جەنابی وەزیری لە سەر وەرگیرابێت.
  3. سەرپەرشتی کردنی دەوامی گشت فەرمانبەرانی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و هەبوونی دەسەڵاتی لێپێچینەوە و پێدانی مۆڵەتی ئاسایی تا ماوەی (٧) ڕۆژ.
  4. دابەشکردنی کارەکان بە پێی پێویست و بەرژەوەندی کار بەسەر پێکهاتەکانی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری.
  5. نووسراوەکانی گشتاندنی ڕێنماییەکان و ئاگادارییەکان لە سەر کاروباری دڵنیایی جۆری ئەکادیمی و کارگێڕی و تەندروستی و سەلامەتی.
  6. نووسراوەکانی مفاتحەکردنی دەرەوەی وەزارەت تا ڕادەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکان بۆ کاروباری ڕای تەکنیکی و ئەکادیمی و ئاسایی پەیوەندیدار بە دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری.
  7. نووسراوەکانی ڕاپۆرتەکانی بەدواداچوونەوەی دەزگاکانی خوێندنی باڵا لە ڕووی دڵنیایی جۆری ئەکادیمی و کارگێڕی و تەندروستی و سەلامەتی.
  8. پشکنین و بەدواداچوون  و هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆفایلی مامۆستا لە زانکۆ و پەیمانگە و کۆلێژە حکومی و تایبەتەکان.
  9. سەرپەرشتی جێبەجێکردنی پرۆسەی ریزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
  10. وەرگرتنی گشت پڕۆپۆزەڵەکانی کردنەوەی زانکۆ و پەیمانگە و کۆلێژ و بەش و لقی زانستی حکومی و تایبەت.
  11. دیراسەتکردنی گشت ئەو پڕوپۆزەڵ و پڕۆژانەی کە پێشکەش دەکرێت بۆ کردنەوەی زانکۆ و پەیمانگەی حکومی و تایبەتی تازە.
  12. دەرکردنی فەرمانی وەزاری بۆ کردنەوەی زانکۆ و پەیمانگەی تایبەت بە واژۆی جەنابی وەزیر.
  13. کارکردن لە سەر دیراسەتکردنی ئەو پڕوپۆزەڵانەی کە لە لایەن زانکۆ و پەیمانگە و کۆلێژە تایبەتەکان پێشکەش دەکرێن بۆ کردنەوەی بەش و کۆلێژی تازە، دواتر پێدانی مۆڵەتی کردنەوەیان دوای بوونی سەرجەم مەرجەکان بە پێی یاسا و ڕێنماییەکان بە واژۆی جەنابی وەزیر.
  14. پەسەندکردنی کردنەوەی کۆلێژ و بەش و لقە زانستیەکان لە زانکۆ حکومیەکان بە پێی پێوەر و ستانداردەکانی دڵنیایی جۆری.
  15. سەردانی کردنی گشت زانکۆ و پەیمانگەکان لە هەر کاتێکدا کە پێویست بکات بە مەبەستی دڵنیا بوون لە ئەدا و کوالێتی زانستی زانکۆ و پەیمانگەکان.
  16. چاودێریکردنی گشت زانکۆ و پەیمانگە و کۆلێژە حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سەردانی کردنی لیژنەکانی دڵنیایی جۆری و تەندروستی و سەلامەتی .
  17. ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک و ڕاگری زانکۆ و پەیمانگە و کۆلێژە حکومی و تایبەتەکان سەبارەت بە کاروبارەکانی پەیوەندیدار بە پڕۆسەی دڵنیایی جۆری لە بواری ئەکادیمی و زانستی هەروەها پەیوەندیدار بە تەندروستی و سەلامەتی.
  18. نووسینی کۆنووسی سەردان و کۆبوونەوەکان، هەروەها وێنەیەک لە کۆنووسەکە ئاراستەی گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان بکرێت و بەدواداچوونی بۆ دەکات.
  19. پرۆسەی پشکنین لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان و تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات، جگە لەوەش ئەو نووسراوانەى پەیوەست بن بەو بابەتە و پێویستیان بەفەرمانى وەزارى هەبێ ئەوا فەرمانى وەزارى دەردەکات و وەڵامى ئەو نوسراوانەش دەداتەوە کە ئاڕاستەى دەکرێ.
  20. هەڵسەنگاندنی ئەدای مامۆستا لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان.
  21. هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ پڕۆژە و پلان و ستراتیژیەت و سیاسەتی خوێندنی باڵای هەریمی کوردستان دەکات لە رووی کوالێتی و دڵنیایی جۆریەوە کە لە لایەن زانکۆ و پەیمانگە و فەرمانگەکانی دیوانی وەزارەتمان ئامادە دەکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش تیمی تایبەتی دەزگا هەڵسەنگاندنی مەیدانی بۆ دام و دەزگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات و ڕاپۆرتی هەلسەنگاندن ئامادە دەکات.
  22. بەرزکردنەوەی پلەی زانستی فەرمانبەرانی زانکۆیی لە دیوانی وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆیەکی حکومی و فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان.
  23. ئاگادار کردنەوەی زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان لە کاتی سەرپێچی کردن بە ڕێنماییەکانی دڵنیایی جۆری و تەندروستی و سەلامەتی و یاخود هەر ڕێنماییەکی تر کە لە بەشە جیاجیاکانی وەزارەتمان دەردەچێت بە تایبەت ڕێنمایی پەیوەندیدار بە لایەنی زانستی و ئەکادیمی وەک (کۆنفڕانسی زانستی و توێژینەوەی زانستی و پڕۆگرامەکانی خوێندن و گۆڤارە زانستیەکان و هتد...).
  24. سەرپەرشتیکردن و بەدواداچوون بۆ جێ بە جێکردنی پڕۆسەی دڵنیایی جۆری (دڵنیایی جۆری فێرکردن، زانستخوازی بەردەوام، هەگبەی مامۆستا، فیدباکی خوێندکار، پەرتووکی کۆرس، پەرەپێدانی پڕۆگرام) لە گشت زانکۆ و پەیمانگە و کۆلێژە حکومی و تایبەتەکان، ئەوەش لە ڕێگەی کۆبونەوە و سەردانیکردن.
  25. هاندانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ئەنجامدانی چاڵاکی جۆراوجۆر لە چاڵاکی زانستی و هونەری و وەرزشی و کەلتووری و هتد.. وەکو ئەنجامدانی کۆنفرانس و وۆرکشۆپ و سیمپۆزیۆم و سیمینار و دیبەیت و  خولی ڕاهێنان.
  26. بەشێوەیەکی بەردەوام سەرجەم زانیاریەکانى پەیوەست بە پرۆسەى دڵنیایى جۆرى لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکان ئەرشیف دەکات بۆ ئەوەى  بۆ ریزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان سودیان لێ وەربگیرێ.
  27. بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بۆ کۆنفرانسی زانستی و گۆڤاری زانستی زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان.
  28. هەڵسەنگاندنی ئاستی خوێندن و پرۆگرامی خوێندن و گونجاندنیان لەگەڵ پێویستی بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان.
  29. ئاراستەکردنی هێلە گشتیەکانی پلانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی پڕۆگرامەکانی خوێندن و گونجاندنی یەکەی بابەتەکانی خوێندن لەگەڵ ستانداردە جیهانیەکاندا لە ناویاندا جێبەجێکردنی سیستەمی بۆلۆنیا پڕۆسێس.
  30. پەیوەندیکردن لەگەڵ لیژنەی زانستی بەشە زانستیەکان و ڕێنوێنیکردنیان بۆ پیادەکردنی پلانەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە بواری پەرەپێدانی پڕۆگرامەکاندا.
  31. هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون و پەسەندکردنی ئەو بابەتانەی گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە بە پێی ڕێنماییەکانی وەزارەت و زانکۆ و دەستەکان.
  32. سەرپەرشتیکردنی لیژنە پسپۆریەکانی پێکهاتوو بە مەبەستی گۆڕانکاری و پەرەپێدان لە پڕۆگرامی خوێندنی بەشە زانستیەکان.
  33. پەسەندکردنی هەموارکاریەکان و گۆڕینی پڕۆگرامەکانی خوێندن لە بەشە زانستیەکانی زانکۆ و پەیمانگە و کۆلێژە حکومی و تایبەتەکان، هەروەها بەدواداچوونی جێ بە جێکردن و هەڵسەنگاندنیان.
  34. دیاری کردنی ڕێژەی مامۆستایان لە بەرامبەر ڕێژەی خویندکار/قوتابیان بە گوێرەی ستانداردە جیهانیەکانی هەر پسپۆریەک.
  35. کردنەوەی خوێندنی باڵا لە زانکۆ تایبەتەکان بە هەماهەنگی لەگەل فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان.
  36. هەڵسەنگاندنی زانکۆ تایبەتەکان بە پێی یاسا و پەیڕەو و ڕێنماییە ڕەچاوکراوەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون.
  37. پەسەندکردنی پلانی وەرگرتنی ساڵانەی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون.
  38. پەسەندکردنی ئەو کرێ خوێندنەی کە لە قوتابی/خویندکار وەردەگیرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون.
  39. جێ بە جێکردنی ڕێنماییەکانی تەندروستی و سەلامەتی لە سەرجەم دامەزراوەکانی سەر بە زانکۆ و دەستە و ئەنجومەن و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی سەر بە وەزارەت لە رووی پشکنین بۆ دڵنیابوون لە بوونی مەرجەکانی تەندروستی و سەلامەتی.
  40. جێ بە جێکردنی ڕێنماییەکانی تەندروستی و سەلامەتی لە بەشە ناوەخۆییەکانی سەر بە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی سەر بە وەزارەت لە رووی پشکنین بۆ دڵنیابوون لە بوونی مەرجەکانی تەندروستی و سەلامەتی.
  41. پشکنین و بەدواداچوون بۆ گشت زانكۆ و دەستە و ئەنجومەن و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان دەکات بە مەبەستی دڵنیا بوون لە بواری تەندروستی و سەلامەتی دام و دەزگاکان و تاقیگەکان.
  42. کارکردن لە سەر مەترسیە (فيزياوى،  كيمياوى، بايۆلۆژى، ميكانيكى، كەوتن و خليسكاندن، كارەبا و ئاگر، پەتاى بڵاوەبوو، ژەهراویبوون بەخواردن و ئاوى پيس) بە مەبەستی خۆ پاراستن لێیان.
  43. بەدواداچون و دەستنيشانكردنى ئەو كۆسپانەى ڕوداوى دڵتەزێنیان لێ دەکەوێتەوە هەروەها دۆزينەوە و دەستنیشانکردنى ڕێگە چارەى گونجاو بۆ کێشەو گرفت و کەموکوڕییەکان و دەركردنى رِێنمايی تايبەت بە بوارى تەندروستى و سەلامەتى و دروستكردنى فۆرمی بەدواداچون بۆ ئاسانكردنى چاڵاكيەكان.
  44. بەرێوەبردنى بەرنامەى تەندروستى و سەلامەتى لە زانكۆكان بە گشتى لەگەڵ ئامانجى بەربەستكردنى  زامداربوون يان تووش بوون بە نەخۆشييە پيشەييەكان.
  45. هۆشيارى سەلامەتى و تەندروستى لەناو  مامۆستا و فەرمانبەران و  خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگەکان بڵاودەکاتەوە.

 

سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری: د. محمد حسین احمد