فەرمانگەی میدیا و زانیاری: پێویستە راگەیاندنی وەزارەتەکان ببنە پردی نێوان حکومەت و خەڵك
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- د.جووتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوو کۆبوونەوەی جیادا رۆژی دووشەممە و سێشەممە رێککەوتی 9 و 10 تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی 2020، بەشێوەی ئۆنلاین لەگەڵ بەڕێوەبەری راگەیاندنی دامەزاراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
ئامانج لە کۆبوونەوەکە قسەکردن بوو لەسەر چۆنیەتی بەسیستەماتیک کردنی راگەیاندنی دامەزراوەکانی حکومەت و بەرەوپێش بردنیان، تاوەکو بتوانن بەشێوەیەکی پرۆفێشناڵانە کارەکانیان ئەنجام بدەن و لە زووترین کات و بە جوانترین شێواز کاروچالاکیی دامەزراوەکانی حکومەت بە هاووڵاتیان بگەیێنن و بەرچاوروونی تەواوتان پێ بدەن لەسەر رێنمایی و کار و پرۆژەی دامەزراوەکان.
سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بە گرنگی هەماهەنگی لە نێوان راگەیاندنی دامەزراوەکانی حکومەت لەلایەک و، هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە لایەکی دیکەوە دا و رایگەیاند، "پێویستە راگەیاندنی دامەزراوەکانی حکومەت ببنە پردی نێوان ھاووڵاتی و دامەزراوەکانی حکومەت و ھەوڵیش دەدەین لە داهاتوودا خولی تایبەت بۆ رۆژنامەنووس و وێنەگر و کارمەندانی هونەری وەزارەت و فەرمانگەکان بکەینەوە."
د. جووتیار داواشی لە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کرد، گرنگی بدەن بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن و پارێزراوبن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو هەموولایەک پێکەوە بتوانین هەرێمی کوردستان بە کەمترین قوربانی لەو نەخۆشییە دەرباز بکەین.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان گوێبیستی راوبۆچوون و داواکاری ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە گرت و بەڵێنی دا بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان بکات و ئەو داواکارییانەش کە لە توانای حکومەت دابێت بۆیان جێبەجێ بکات.