Skip to the content

پوختەی لێدوانی وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕبوونەوەی کۆرۆنا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژی ٢٠٢١/٤/١١ دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا، كە تێیدا ئاماژەی بە چەند تەوەرێك كرد.

د. جووتیار عادل، وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ئاماژەی بە پەسندكردنی بوودجەی گشتی عێراقی فیدڕاڵ كرد كە تێیدا پشكی هەرێمی كوردستان بە پێی ماددە (١١ جێگیر كرا، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند لە ئێستەدا لیژنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری حكوومەتی فیدڕاڵ بۆ جێبەجێكردنی یاساكە لە پەیوەندی و هەماهەنگیدان. وتەبێژی حكوومەت سەرنجی خستە سەر ئەوەی كە تا ئێستە بەهۆی ئەوەی لیژنەكانی هەردوولا لە پەیوەندیدان، بۆیە دیار نییە بڕی ئەو بوودجەیەی كە بڕیار وایە بەپێی یاساكە لە بەغداوە بگاتە هەرێمی كوردستان چەندە؟ هەر بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا ڕووننەبوونەوەی ئەو بڕەی پارەیەی لە بەغداوە دەگات، ناتوانێ بڕیار لەسەر چۆنییەتی دابەشكردنی مووچە بدات و ئەو بابەتە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، بەڵام ئومێد دەكرێ مووچە وەك خۆی و بەبێ لێبڕین بەسەر مووچەخۆران دابەش بكرێ.

وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن باسی لەوە كرد، ناوەندەکانی خوێندن له‌ سه‌رجه‌م قوتابخانه‌ و په‌یمانگه‌كانی سه‌ر به‌ په‌روه‌رده‌ به‌ حكومی و ئه‌هلییه‌وه‌ ڕاده‌گیرێت و ناکرێنەوە و تەنیا به‌ رێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی به‌رده‌وام ده‌بن. هەروەها وتی: دەوامی ڕۆژانی پێنج شەممەی فەرمانگەکانی حكوومەتی هەرێمی ئاسایی دەبێتەوە، كە پێشتر بەهۆی زۆربوونی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیار درابوو، كە ڕۆژانی پێنجشەممە هاوكاتی ڕۆژانی هەینی و شەممە پشووی فەرمی بێ.

وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دۆخی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕایگەیاند، كە ئێستە دۆخەكە لە پێشتر مەترسیدارترە، بەڵام لە بەرانبەردا حكوومەت ڕێكاری تووندتری گرتووەتەبەر، داوای لە هاوڵاتیانیش كرد، كە زیاتر پابەندی رێنماییەكان بكەن و ماسك وەك تاكە چارەسەر و خۆبەدوورگرتن لە ڤایرۆسەكە ببەستن، بەتایبەتریش لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز ڕێكارەكان وەك پێویست دەبن، هەروەها تیشكی خستە سەر ئەوەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پێی پلانێك هەوڵ دەدات ڤاكسین بۆ هەموو هاوڵاتیان دابین بكات، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدایە.

وتەبێژی حكوومەتی هەرێم هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا وەڵانی پرسیارەكانی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە، هاوكات دەقی بڕیارەكانی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای خوێندەوە، كە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

یه‌كه‌م/ فه‌رمان به‌ پارێزگا و به‌رپرسه‌ ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان كراوه‌ رێكار دژی نه‌به‌ستنی ماسك بگرنه‌ به‌ر.

دووه‌م/ مه‌راسیمه‌ ئاینییه‌كانی مانگی ره‌مه‌زان سنووردار ده‌كرێن.

سێیه‌م/ خوێندن له‌ سه‌رجه‌م قوتابخانه‌ و په‌یمانگه‌كانی سه‌ر به‌ په‌روه‌رده‌ به‌ حكومی و ئه‌هلییه‌وه‌ ڕاده‌گیرێت و ته‌نیا به‌ ڕێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی به‌رده‌وام ده‌بێت.

چواره‌م/ سنووره‌كانی هه‌رێم به‌ ڕووی شاره‌كانی عێراق وه‌ك پێشتر ده‌بێت.

پێنجه‌م/ خوێندنی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا وه‌ك خوێندنی پێشوو به‌ سیستمی ئاوێته‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و پراكتیك له‌ هۆڵی خوێندن ده‌بێت.

شه‌شه‌م/ شوێنه‌ گشتییه‌كان سنووردار ده‌كرێن و هه‌ر شوێنێك پابه‌ند نه‌بێت داده‌خرێت و خاوه‌نەکەی سزا ده‌درێت.

حه‌وته‌م/ فه‌رمان به‌ پارێزگا و به‌رپرسی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان كراوه‌ رێگه‌ به‌ هیچ گردبوونه‌وه‌یه‌كی خه‌ڵك نه‌ده‌ن و پرسه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ و رێكار له‌ دژیان وه‌ربگرن.

هه‌شته‌م/ ئاساییكردنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمی و پێنجشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌وامه‌.

نۆیه‌م/ ئه‌م بڕیارانه‌ له‌ ١٢ی ٤ی ٢٠٢١ەوە جێبه‌جێ ده‌كرێن.