Skip to the content

باشترین و پێشكه‌وتووترین نه‌خۆشخانه‌ی ١٠٠ قه‌ره‌وێڵه‌یی له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق، له‌ دێره‌لوك دروست ده‌كرێت

نه‌خۆشخانه‌ی ئامێدی گشتی ١٠٠ قه‌ره‌وێڵه‌یی له‌ دێره‌لوك

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- یه‌كێك له‌و كه‌رتانه‌ی كه‌ حكومه‌ت هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی كابینه‌ی نۆیه‌م، فۆكسی خستۆته‌ سه‌ر، كه‌رتی ته‌ندروستییه‌، كه‌ زۆر جار و له‌ ڕاگه‌یاندنی هێڵه‌ گشتییه‌كانی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م، سه‌رۆكی حكومه‌ت زۆر به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی له‌ به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌م كه‌رته‌ كردووه‌. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا نه‌خۆشخانه‌ی ئامێدی گشتی ١٠٠ قه‌ره‌وێڵه‌یی له‌ دێره‌لوك كاری بۆ كراو له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه‌ به‌ردی بناغه‌ی دانرا. ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌، له‌لایه‌ن دوو كۆمپانیاوە  دروست ده‌كرێت كه‌ به‌ باشترین نه‌خۆشخانه‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق  له‌ڕووی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری و دابینكردنی پێشكه‌وتووترین ئامێری پزیشكی داده‌نرێت. نه‌خۆشخانه‌ی ١٠٠ قه‌ره‌وێڵه‌یی له‌ دێره‌لوك، له‌سه‌ر ڕووبه‌ری ٤٣٠٠٠م چوارگۆشه‌ دروست ده‌كرێت كه‌ ڕووبه‌ری  ١٨٠٠٠ مه‌تری چوارگۆشه‌ بۆ باڵه‌خانه‌ ته‌رخان كراوه‌، به‌ڵام به‌ پێی ئه‌و به‌رنامه‌ و پلانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌ندازیاران و سه‌رپه‌رشتیكاران دانراوه‌،  بڕیاره‌ دوای ته‌واو بوونی نه‌خۆشخانه‌كه ‌و له‌ داهاتوودا فراوانتر بكرێت به‌شێوه‌یه‌ك کە شوێنی ٥٠ تاكو١٠٠ قه‌ره‌وێڵه‌ی دیكه‌ی بۆ زیاد بكرێت و گوژمه‌ی ته‌رخانكراو له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی نه‌خۆشخانه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ ٤٣ ملیۆن دۆلار.

 

ئامانج له‌ دروستكردنی ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌

ئه‌م ناوچه‌یه‌ (ناحیه‌ی دێره‌لوك) له‌ ناوه‌ندی قه‌زای ئامێدی و شاری دهۆك دووره‌، به‌ جۆرێك زۆر جار ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كه‌ تووشی ڕووداوێكی نه‌خوازراو ده‌بوون و پێویستییان به‌وه‌ ده‌بوو خێرا بگوازرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌، كاتێكی زۆری ده‌ویست، بۆیه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر خودی نه‌خۆشه‌كه‌ دروست ده‌كرد، ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ی به‌هۆی فراوانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ پێویست بوو نه‌خۆشخانه‌یه‌كی له‌م جۆره‌ دروست بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م سوود به‌ هاووڵاتیانی ناوچه‌كه‌ و هه‌میش به‌ ده‌وروبه‌ری بگه‌یه‌نێت و ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی نه‌خۆشیی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌ و بۆ چاره‌سه‌ر وه‌رگرتن پێویستییان به‌وه‌ هه‌یه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ئیدی دوای ته‌واو بوونی ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ ده‌توانن له‌ شوێنی خۆیان و به‌ باشترین شێوه‌ سوود له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ وه‌ربگرن، چونكه‌ دوای ته‌واو بوونی نه‌خۆشخانه‌كه‌ به‌ نزیكه‌یی١٢٥هه‌زار كه‌س لێی سوودمه‌ند ده‌بن.

 

به‌ر له‌ واده‌ی دیاریكراو ته‌واو ده‌كرێت

ئه‌ندازیارعه‌دنان سوبحی، به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌کە‌ به‌ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند، ساڵی ٢٠١١-٢٠١٢ دیزاینی ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ کرا، به‌ڵام به‌هۆی شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی دارایی، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ڕاگیرا، تاوەكو له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌ چوارچێوه‌ی گرنگیدان به‌ كه‌رتی ته‌ندروستی، له‌ ڕێكه‌وتی ٢٣/٩/٢٠٢٠ ده‌ستكرا به‌ كاركردن له‌ دروستكردنی  نه‌خۆشخانه‌ی ئامێدی گشتی ١٠٠ قه‌ره‌وێڵه‌یی، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ گوندی هیتیت له‌ ناحیه‌ی دێره‌لوك و بڕیار وایه‌ له‌ ڕێكه‌وتی  ٢٣/٣/٢٠٢٣ ته‌واو بکرێت و پاش  ته‌واوبوونیشی له‌ ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ستافی پزیشكی بۆ دابین بكرێت و دواتر بخرێته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه‌.

‌تاكو ئێستا %١٤.٦ی پڕۆژه‌كه‌ ته‌واو بووه‌ و ماوه‌‌ی دیاریكراو بۆ ته‌واوكردنی ٩٠٠ ڕۆژه‌، به‌ڵام به‌هۆی كاری به‌رده‌وام و ستافێكی خه‌مخۆر و دڵسۆز له‌ كاركردن كه‌ پێكدێن له ١٠٠- ٢٠٠ كه‌س  له‌ كرێكارو ئه‌ندازیاران و سه‌رپه‌رشتیاران، ته‌نانه‌ت له‌ ڕۆژانی پشووش كاركردن له‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌، بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌درێت زووتر له‌ واده‌ی دیاریكراوی ته‌واو بكرێت.

پێكهاته‌ی نه‌خۆشخانه

ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌  له‌ چه‌ند به‌شێكی سه‌ره‌كی پێكدێت كه‌ ئه‌مانه‌ن :

- به‌شی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كانی وه‌كو پێشوازی و كارگێڕی و فریاكه‌وتن و نۆڕینگه.‌

- به‌شی دكتۆره‌كان كه‌ پێكدێت له‌ ١٨ خانوو، كه‌  بۆشوێنی حه‌وانه‌وه‌ی دكتۆره‌كان دروست ده‌كرێت.

- به‌شێكی دیکەی نه‌خۆشخانه‌كه‌ كه‌ به‌ دڵی پڕۆژه‌كه‌ داده‌نرێت، تایبه‌ته‌ به‌ سیستەمی نه‌خۆشخانه‌ و كاروباره‌ ته‌كنیكییه‌كان و ئامێره‌كان.

- پزیشكی دادی (طب عدلى).

- شوێنێكى تايبه‌ت به‌ سووتاندنی پاشماوه‌ پزیشكییه‌كان، كه‌ ئه‌مه‌ به‌ به‌شێكی گرنگی نه‌خۆشخانەکە‌ داده‌نرێت له‌ ڕووی ته‌ندروستییه‌وه‌، چونكه‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به‌ ته‌ندروستی هاووڵاتیان و ژینگه‌و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش هه‌یه.‌

- به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ پاكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئاوه‌ پیسه‌ی كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، ئه‌مه‌ش به‌ جۆرێك چاره‌سه‌ر ده‌كرێت ‌ وه‌كو فلته‌رێك ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی پاشماوه‌ و ئاوی پیسی نه‌خۆشخانه‌كه‌، كاریگه‌رییه‌كی خراپی نه‌بێت له‌سه‌ر ته‌ندروستی هاووڵاتیانی ناوچه‌كه ‌و نه‌بێته‌ هۆی پیسكردنی ژینگه‌ و زه‌وی و زاری ده‌وروبه‌ری نه‌خۆشخانه‌كه.‌

- له‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌دا شوێنێكی تایبه‌ت دروست ده‌كرێت به‌ مه‌به‌ستی نیشتنه‌وه‌ی هێلیكۆپته‌ری فریاگوزاری،  بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی پێویستییان به‌ گواستنه‌وه‌ و فریاگوزاریی خێرا هه‌یه‌ سوودی لێ وه‌ربگرن.

 

ئه‌و به‌شه‌ پزیشكییانه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌كرێنه‌وه‌

- به‌شی له‌ دایكبوون و منداڵان.

- به‌شی ئێسك و شكان.

- به‌شی شوشتنی گورچیله‌، كه‌ ئه‌م به‌شه‌ له‌ ئێستادا ته‌نیا له‌ شاری دهۆك و قه‌زای ئامێدی هه‌یه، به‌ڵام له‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ به‌ كوالێتییه‌كی به‌رزترو ئامێری زیاتر ده‌كرێته‌وه‌‌.

- به‌شی دڵ وهه‌ناو.

- به‌شی نه‌شته‌رگه‌ری پێشكه‌وتوو.

- بەشی چاودێری چڕ

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی چه‌ندین خزمه‌تگوزاری پزیشكی بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی سه‌ردانی ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ ده‌كه‌ن به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ریی پزیشكی.

به‌ ته‌واو بوونی نه‌خۆشخانه‌ی ئامێدی گشتیی ١٠٠ قه‌ره‌وێڵه‌یی له‌ دێره‌لوك، مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت ٣٠٠   هه‌لی كار بۆ هاووڵاتیان بڕه‌خسێت .

 جێی ئاماژه‌یه‌ ته‌واوی زه‌وی ته‌رخانكراو بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتیانی ناوچه‌كه‌ كه‌ موڵكی خۆیان بوو وه‌كو دیاری دراوه‌ به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ قه‌ره‌بوویه‌ك له‌ به‌رامبه‌ردا وه‌ربگرن، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو هاوكاریكردنی كه‌رتی  ته‌ندروستی و پاڵپشتی كردنی حكومه‌ت بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ كه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامدا هه‌ر هاووڵاتیانن سوودمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بن له‌م جۆره‌ پڕۆژانه‌دا .

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری