وه‌زیری كاره‌با: دوای كردنەوەی وێستگه‌ی ١٣٢ كه‌ی.ڤییەکە سێ وێستگه‌ی تریش هەر لە هه‌ولێر جێبه‌جێ دەکرێن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- رۆژی ١٦/٨/٢٠٢١ و له ژێر چاودێری مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و به ئاماده‌بوونی وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاری هه‌ولێر لە مەراسیمێكدا وێستگه‌ی كاره‌بای (١٣٢) كه‌ی.ڤی نیشتمان له ناو بازاڕی هه‌ولێر كرایه‌وه، كه له لایه‌ن كۆمپانیای زاگرۆس به گوژمه‌ی ١٣ ملیۆن و ٩٩٥ هەزار و ٨١٢ دۆلار جێبه‌جێ كرا.
پارێزگاری هه‌ولێر: پڕۆژە خزمه‌تگوزارییه‌كان ئه‌ركی سهرشانمانە
له سه‌ره‌تای مەراسیمەكەدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر له میانی ڕێوه‌ڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی وێستگهكەدا وتارێكی پێشكه‌ش كرد و ڕایگه‌یاند، پڕۆژە خزمه‌تگوزارییه‌كان له هه‌ولێر ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موو لایه‌كه و هه‌وڵی خزمه‌تكردنی زیاتری هاووڵاتیان ده‌ده‌ین و درێخی له‌و جۆره پڕۆژانه ناكه‌ین.
پارێزگاری هه‌ولێر له به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا پیرۆزبایی له هاووڵاتیانی ئه‌و سنووره كرد كه پڕۆژەكهی تێدا به ئه‌نجام گه‌یشتووه. هه‌روه‌ها هیوای خواست كه له ئایینده‌یه‌كی نزیكدا بتوانرێ پڕۆژەی دیكه‌ی هاوشێوه بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان بێته جێبه‌جێ كردن و هاووڵاتیان لێی سوودمه‌ند بن.
وه‌زیری كاره‌با: حكومەت هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ڕیشه‌یی كێشه‌ی كاره‌با
لەبەشێكی دیكەی مەراسیمەكەدا ئه‌ندازیار كه‌مال محه‌مه‌د ساڵح وه‌زیری كاره‌با، وتارێكی پێشكه‌ش كرد و ئاماژەی به‌وه كرد مایه‌ی خۆشحاڵییه له ژێر چاودێری مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پڕۆژەیه‌كی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری له بواری كاره‌با پێشكه‌ش به به‌شێكی دیكه‌ی هاووڵاتیانی هه‌ولێری پایته‌خت ده‌كرێت، كه پێك هاتووه له پڕۆژەی وێستگه‌ی (١٣٢) كه‌ی.ڤی نیشتمان كه بڕی ١٨٧ مێگاوات كاره‌با دابین ده‌كات.
هەروەها وه‌زیری كاره‌با لە وتاره‌كه‌یدا سوپاسی كۆمپانیای زاگرۆسی كرد له دروستكردن و ته‌واوكردنی پڕۆژەكه كه له ماوه‌ی ١٠ مانگدا جێبه‌جێ كراوە. هاوكات تیشكی خسته سه‌ر جێبه‌جێكردنی پڕۆژە خزمه‌تگوزارییه‌كانی كاره‌با له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كاره‌باوه و باسی له‌وه كرد كه وه‌زاره‌تی كاره‌با له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی كاری كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌ر ڕاسپارده‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ڕیشه‌یی كێشه‌ی كاره‌با و دابینكردنی به شێوه‌یه‌كی پێویست به‌سه‌ر هاووڵاتیان. وتیشی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته وه‌زاره‌ت، پلان و به‌رنامه‌ی خۆی هه‌یه و له‌سه‌ر سێكته‌ره‌كانی به‌رهه‌مهێنان، دابه‌شكردن، گواستنه‌وه و كۆنتڕۆڵكردن، كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌ر چوار ئاسته‌كه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كاره‌با بكات.
له ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا ٦١٥ مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م هاتووه
ئه‌ندازیار كه‌مال محه‌مه‌د ساڵح ئاماژەی بۆ ئه‌وه كرد كه له ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردووی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا توانراوه چه‌ند وێستگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاجیای هه‌رێمی كوردستان به ئه‌نجام بگات و به تۆڕی كاره‌بای گشتی هه‌رێم ببه‌سترێته‌وه بۆ نموونه وێستگه‌ی كاره‌بای خه‌بات كه بڕی (٣٠٠) مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هینێت، وێستگه‌ی كاره‌بای گه‌رمیان كه بڕی (١٦٥) مێگاوات به‌رهه‌م ده‌هێنێت، هاوكات وێستگه‌یه‌كی دیكه‌ی (١٥٠) مێگاواتی له شارۆچكه‌ی زاخۆ، به‌م شێوه‌یه‌كی ڕوون ده‌بێته‌وه كه ته‌نیا له ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا (٦١٥) مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م هاتووه و چووه‌ته ناو تۆڕی كاره‌بای گشتی هه‌رێم. باسی له‌وه‌یش كرد توانراوه له‌و ماوه‌یه‌دا كێشه‌ی هه‌ردوو وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له دوكان و ده‌ربه‌ندیخان چاره‌سه‌ر بكرێت، له لایه‌كی دیكه‌وه له كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا سێ ویێستگهی (٧٥) مێگاواتی دیكه له لایه‌ن چه‌ند كۆمپانیایه‌كی دیكه ده‌كه‌وێته بواری جێبه‌جێ كردن.
زۆربەی كێشە تهكنیكییەکانی وێستگه‌كان چاره‌سه‌ر كراون
وه‌زیری كاره‌با له بواری گواستنه‌وه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه توانراوه چه‌ندین كێشه‌ی ته‌كنیكی له وێستگه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، بۆ نموونه دامه‌زراندنی وێستگه‌یه‌كی (٢٥) مێگاواتی له ساڵحئاغا له سنووری گه‌رمیان و گۆڕینی تێلی (١٣٢) كه‌ی.ڤی له كفری و كه‌لار، له‌گه‌ڵ ڕاكێشانی هێڵێكی (٣٣) كه‌ی.ڤی له له گه‌رمیان. هه‌روه‌ها له سلێمانی دامه‌زراندنی وێستگه‌ی عه‌ره‌به‌ت یه‌كێكه له پڕۆژەكانی دیكه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌گه‌ڵ دانانی سێ وێستگه‌ی دیكه بۆ ناو سه‌نته‌ری شاری سلێمانی و ڕاكێشانی هێڵی تانجه‌ڕۆ ـ سه‌یدسادق ـ هه‌ڵه‌بجه و ڕاكێشانی هێڵێكی دیكه له بازیان بۆ ڕاپه‌ڕین. هەروەها باسی له‌وه‌ش كرد له هه‌ولێر خواستی كاره‌با زیاتره، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش له بواری گواستنه‌وه‌دا توانراوه كار له‌سه‌ر چه‌ندین پڕۆژە بكرێت له‌وانه پڕۆژەی شێروان مه‌زن و كه‌سنه‌زان، ئازادی، ڕووناكی و شه‌مامك، به‌رحوشتر، گردجووتیار و مۆبایل پارك و مۆبایل سه‌ڵاحه‌ددین و چه‌ندین پڕۆژەی دیكه‌ی هاوشێوه. هه‌روه‌ها له پارێزگای دهۆك توانراوه هێڵی له (١٣٢) كه‌ی.ڤی خه‌بات بگه‌یه‌نرێته زه‌نگه‌نان و ڕاكێشانی هێڵی (٣٣) كه‌یڤی بۆ داره‌توو و به‌رده‌ڕه‌ش و قه‌سرۆك.
وه‌زیری كاره‌با له كۆتایی وتاره‌كه‌یدا ڕایگه‌یاند: ئومێد ده‌كرێت له داهاتوویه‌كی نزیكدا پڕۆژەی سێ وێستگه‌ی دیكه‌ی كاره‌با له هه‌ولێری پایته‌خت بكه‌وێته بواری جێبه‌جێ كردن.