چاکسازییەکان لە بوارى مووچەى مووچەخۆران بەردەوامە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- لیستى مووچهخۆرانی شارستانی و مهدهنی و پۆلیس، ڕادەستى وەزارەتى دارایی و ئابووریی کرا بۆ دانانى ئەژمارى بانکى
دووشەممە ڕێکەوتى ٣٠/٨/٢٠٢١ى زایینى، ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایی و ئابوورى، دارا ڕەشید وەزیری پلادانان و عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و لیژنەی بایۆمەتری لە ئەنجومەنی وەزیران، لەسەر ڕادەستكردنی كۆدی بێهاوتا بە بانكە بازرگانییەكان و تەكنەلۆژیا بانكەكان بە مەبەستی كردنەوەی ئەژماری بانكی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران، کۆ بوونەوە.
لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا، ئاواتى شێخ جەناب، وەزیرى دارایی و ئابوورى باسى لە بڕگەیەکی یاسای چاکسازیی هەرێمى کوردستان کرد کە بڕگهی یهكهمی ماددهی (١٣) لە یاسای ژماره (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠ بوو کە تایبەتە بە كردنهوهی ههژمێری بانکى بۆ مووچهخۆران لە هەرێمى کوردستان و دانانى كۆدی بێهاوتا بۆ سەرجەم مووچەخۆرانى بە کەرتى گشتى و تایبەت و هەموو هاووڵاتیانى هەرێمی كوردستان. وەزیرى دارایی لهمبارهیهوه و گوتى: "لە مانگى حەوتى ساڵى ٢٠٢٠ـەوە دەست بە جێبەجێکردنى ئەو یاسایە کراوە و ئەمڕۆ ئەو بڕیارە چووهتە بواری جێبەجێکردن، بۆ ئەوەى مووچەخۆران لە ڕێگەی بانکەوە مووچەکانیان وەربگرن، ئەویش هەم بۆ پێدانى مووچە و هەم بۆ وەرگرتنى بارکۆدى بێهاوتایە بۆ ئەوەى مووچەخۆران بۆ تەواوى کاروبارەکانى خۆیان ئەو ئەژمارە بەکار بێنن'' و وەک هەنگاوى یەکەمیش مووچەخۆرانى پۆلیس و ئاسایش و مەدەنى، ئەژمارى بانکییان بۆ دەکرێتەوە کە ژمارەیان لە (٤٥٠) هەزار مووچەخۆر زیاترە.
بڕیاریشە وەزارەتى دارایی لەگەڵ تەواوى بانکە بازرگانى و ئەهلییەکانى هەرێمی كوردستان کۆ ببێتەوە تا مووچەى فەرمانبەران لە ڕێگەى بانەکەکانەوە دابەش بکرێت و مووچەخۆر ڕاستەوخۆ لە بانکەوە مووچەکەى وەربگرێت. وەزیرى دارایی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشى: کارەکانى یاساى چاکسازیی تایبەت بە ڕێکخستنەوەى کەرتى بانکى چووهتە وارى جێبەجێکردنەوە.
پاشان دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوون و سکرتێرى لیژنەى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازی باسى لەوە کرد کە لە ساڵى ٢٠٢٠ەوە هەنگاوى زۆر جددى بۆ جێبەجێکردنى یاساى چاکسازى نراون کە گرنگترین خاڵیش لە بوارى مووچە سوودوەرگرتن بووە لە سیستەمى بایۆمەترى و هەر ئەمەش هۆکار بووە بۆ ئەوەى تا ئێستا مووچەى ٢٠ هەزار مووچەخۆر ڕابگیردرێت تا بزانرێت کامەیان وەهمییە یا نایاساییە.
هەروەها باسى لەوە کرد کە ئێستا زانیاریى تەواو لەسەر مووچەخۆرانى مەدەنى و پۆلیس و ئاسایش تەواو کراوە و ڕادەستى وەزارەتى دارایی و ئابوورى کراوە بە مەبەستى کردنەوەى ئەژمارى بانکى و پێدانى کۆدی بێهاوتا کە سەرجەم زانیارییەکانی لە بارەى مووچەخۆرانەوە تێدایە و بەردەستی دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانە و باسیشى لەوە کرد کە "ژێرخانی ئابووری ههر وڵاتێك سیستەمی بانكییه، بۆیه ئێمه لهو ڕێگهیهوه كۆنتڕۆڵی دهكهین، واتە لە ڕێگهی كۆدی بێهاوتا ئهژماری ڕاستهقینهمان بۆ دهردهكهوێت، بەمەش دهتوانین كۆنتڕۆڵی چۆنییهتی مامهڵه بكهین له بهخشین و پێدانی ئیمتیازات و كاریش دهكهین ههموو بانكهكان له چوارچێوهی سیستەمێك ڕێک بخرێنەوە تا ئاسانکارى زیاتر بۆ هاووڵاتیان مەیسەر بێت".
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٣٠/٨/٢٠٢١