حکومەتی هەرێمی کوردستان: بە توندی سەرکۆنەی هێرشی داعش دەکەین بۆ سەر خەڵکی سڤیل و هێزی پێشمەرگەی کوردستان
![](/media/7039/untitled-wwww.jpg?center=0.49367088607594939,0.49367088607594939&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133433190230000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- شەوی ڕابردوو تیرۆرستانی داعش هێرشێکی ترسنۆکانەیان بۆ سەر هاووڵاتییانی گوندی خدر جیجە لە بناری چیای قەرەچووخ ئەنجام دا، بەداخەوە لەو هێرشەدا چەند هاووڵاتییەکی گوندەکە و لە کاتی بەهانەوە چوون و ڕاوەدوونانی تیرۆرستانیش، ژمارەیەک پێشمەرگەش شەهید و برینداربوون.
ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ترسنۆکانە دەکەین و سەرەخۆشی لە کەسوکارو بنەماڵەی ئەو خەڵکە سڤیلە و شەهیدە قارەمانانەش دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
دووپاتی دەکەینەوە بۆ رێگری کردن لە هێرشە بەردەوامەکانی تیرۆرستانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کورستان و پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە، پێویستە حکومەتی فیدڕاڵی هاوئاهەنگی وکاری هاوبەشی زیاتر لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە و دەردەبڕێت لەو بوارەدا.
د.جوتیار عادل
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١