Skip to the content

زیاتر لە ٣ ملیار دینار بۆ دوو پڕۆژە‌ی خزمەتگوزاری لە زاخۆ خه‌رج ده‌كرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی نیشان داوە لەسەر خەرجکردنی بڕی ٣,٢٩١,٠٠٠,٠٠٠ (سێ ملیار و دووسەدو نەوەدو یەک ملیۆن) دینار بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار/ سەرۆکایەتی شارەوانی زاخۆ، بە مەبەستی خاوێنکردنەوەی دەڤەری زاخۆ و دەوروبەری و مانگانەش بڕی٢٧٤,٢٥٠,٠٠٠ (دووسەد و حەفتاو چوار ملیۆن و دووسەدو پەنجا هەزار) دینار، لە ڕێکەوتی (٢٠٢١/٧/١ تا ٢٠٢٢/٦/٣٠). پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای (هیزل)ـەوە جێبەجێ دەکرێت و ئەو بڕە پارەیەش لەسەر بودجەی سەرۆکایەتی شارەوانی زاخۆ خەرج دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە و بە مەبه‌ستی بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان و نەهێشتنی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی ۲۰۷,۰۰۰,۰۰۰ (دووسەدو حەوت ملیۆن دینار) بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار/ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی زاخۆ دا بۆ کڕینی ماددەی پاککەرەوەی ئاوی خواردنەوە لە جۆری (كلۆر، شه‌ب و پوليمه‌ر) بۆ ماوەی یەک ساڵ. ئەو بڕە پارەیەش لەسەر بودجەی ئاسایی خەرج دەکرێت بە شێوەی نەختینە و قۆناغ بە قۆناغ دەبێت.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١