بەهێزكردنی راگەیاندنی وەزارەتەكان بەشێكی گرنگی پلانی میدیایی حكومەتە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - د. جوتیار عادل گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی دووشەممه (18) كانوونی دووەمی 2021، بە مەبەستی گەیاندنی پەیام و پلانی میدیایی حكومەت و ئاگاداربوون لە رەوشی كشتوكاڵ سەردانی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی كرد.
لە دیدارێكدا تیشك خرایە سەر گرنگیی بەهێزكردنی بەشی میدیا و راگەیاندنی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ باشتر گەیاندنی پەیامی حكومەت لە كەرتی كشتوكاڵدا، كە كەرتێكی زیندووی كۆمەڵگەی كوردستانە و توانایی ئەوەی هەیە ببێتە سەرچاوەیەكی بەهێزی داهات بۆ بەشێكی زۆری دانیشتوانانی هەرێمی كوردستان.
وەزیری كشتوكاڵ لە دیدارەكەدا باس لە كار و چالاكیی وەزارەتەكەی لە سەرەتای كابینەی نۆیەمەوە كرد و پرۆژەكانی خستەڕوو.
بابەتی دابینكردنی پێداویستیی میدیایی بۆ بەهێزكردنی راگەیاندنی وەزارەت و هەروەها هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و فەرمانگەی میدیا و زانیاری بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەی وەزیری كشتوكاڵ و سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بوو.
حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتای كابینەی نۆیەمەوە سیاسەت و ستراتیژییەكی یەكگرتوو بۆ پەرەپێدانی راگەیاندنی وەزارەتەكان گرتووەتە بەر.