Skip to the content

بەئەلیکترۆنیکردنى فەرمانگە دادنووسییەکانى هەرێم هەنگاوێکى مەزن بەرەو حکومەتى ئەلیکترۆنى

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- مەسرور بارزانى لە هێڵە گشتییەکانى کارنامەى حکومەتەکەیدا، لە ئاستى خزمەتگوزارى بەندى چواردەیەم بەڵێنى دا کە "بەئەلیکترۆنیکردنی کاروباری حکومەت (حکومەتی ئەلیکترۆنی)، چ لە ئاست کاروباری ناوخۆی حکومەت و چ لە ئاست پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە ئەلەکترۆنییەکان بۆ هاوڵاتیان، لە ئەرکە لە پێشینەییەکانمان دەبێت و بەم هۆیەوە ڕێگە لە ڕۆتین و بەهەدەردانی سامانی گشتی و کاتی هاووڵاتیان و دامەزراوەکان دەگیرێت و کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان بەرز دەکرێتەوە".

هەر لەم چوارچێوەیە و بە هاوبەشى لە لایەن حکومەت و کۆمپانیاى INFORR و بە چاودێری وەزارەتی داد و فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری، لە مانگى پێنجى ٢٠١٩ى زایینى دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەى (بەئەلیکترۆنیکردنى فەرمانگەکانى دادنووسى کوردستان ـ KNS) کرا کە تا ئێستا لە ٦٤ فەرمانگەى دادنووسى لە سەراسەرى هەرێم ٣٧  فەرمانگە لە هەر سێ پارێزگاى هەولێر و سلێمانى و دهۆک بەئەلیکترۆنی کراون (١٥ فەرمانگە لە پارێزگاى هەولێر و ١٢ فەرمانگە لە پارێزگاى سلێمانى و ٩ فەرمانگە لە پارێزگاى دهۆک و فەرمانگەیەکیش لە پارێزگاى هەڵەبجە).

 

 

مەبەست و ئامانجى بەئەلیکترۆنیکردنەکە:

یەکەم: خێرایی جێبەجێكردنى مامەڵەى هاووڵاتی و بەفیڕۆنەدانى کات

دووەم: کواڵیتى لە ڕاییکردنى مامەڵەى هاووڵاتی بە شێوەیەکى ئاستبەرز

سێیەم: پارێزراوى زانیارییەكانى هاووڵاتی و ڕێگرتن لە ونبوون و ساختەکارى

 

بنەماکانى گرێبەست:

بە پێى زانیارییە دەستکەوتووەکانى ماڵپەڕى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر ئەم پڕۆژەیە، حکومەتى هەرێمى و کۆمپانیاکە لەمەڕ بەئەلیکترۆنیکردنى فەرمانگەکانى وەزارەتى داد لەسەر ئەم بنەمایەى خوارەوە ڕێککەوتن و گرێبەست کراوە:

یەکەم: دامەزراندنى داتاسەنتەرێکى گەورە بۆ سەرجەم بەئەلیکترۆنیکردنەکانى حکومەت

دووەم: بەئەلیکترۆنیکردنى سەرجەم فەرمانگەکانى دادنووسى هەرێم

سێیەم: پێکەوەبەستنەوەى فەرمانگەکانى دادنووسى بە یەکتر و بە داتاسەنتەرى حکومەت

چوارەم: دامەزراندنى ناوەندى خزمەتگوزارى و دانانى چەندین سیستەمى ئەلیکترۆنى ڕاییکردن

پێنجەم: نۆژەنکردنەوەى باڵەخانەکان و دابینکردنى پێداویستییەکانیان

شەشەم: دابینکردنى کارمەندى شارەزا و پێویست

 

فەرمانگە دادنووسییەکان لە کۆن و ئێستادا:

جاران و بەر لە ئەلیکترۆنیکردنى فەرمانگە دادنووسییەکان، هاووڵاتى دەبوو لە دەرەوەى باڵەخانەى حکومەت کار لەسەر پێویستییەکانى مامەڵەکەى بکات، هەر لە کۆپى پێویستییەکانی تا دەگاتە نووسینى عەریزە و دواتر دەهاتە نێو باڵەخانەى حکومەت و ئەگەر عەریزەکەى کێشەى هەبوایە دەگەڕێنرایەوە و ئەگەر نا زیاتر لە ٩ ژوورى پێ دەکرا تا دەگەیشتە ئەرشیفکردنى مامەڵەکەى و دەرچوونى لە باڵەخانەکە.

بەڵام ئێستا لەم سیستەمەدا، هاووڵاتى تەنیا دوو ژوور دەکات: ناوەندى خزمەتگوزاریی کۆمپانیا کە شوێنیکى مۆدێڕنە و تیایدا بە باشترین و خێراترین شێوە کارى ڕێنمایی و ژمێریارى و وێنەگرتن و عەریزەنووسین و کۆپیکردن بۆ هاووڵاتى ئەنجام دەدرێت و دواتر لە لایەن دادنووسەوە مامەڵەکە پەسەند دەکرێت.

 

سیستەمى بەئەلیکترۆنییەکە چ لە خۆ دەگرێت:

یەکەم: سیستەمی پرکردنەوەی فۆڕم

دووەم: سیستەمی ژمێریاری

سێیەم: سیستەمی سەرەگرتن و چاوەڕوانی

چوارەم: سیستەمی ئەرشیفکردن

پێنجەم: سیستەمی گەڕانی خێرا لە ڕێگەى بارکۆدڕیدەر یا ژمارەی مامەڵە و زانیاریی هاووڵاتی

شەشەم: سیستەمی ڕاپۆرت و ئاماری ڕۆژانە و هەفتانە و مانگانە  و ساڵانە بە یەک کلیک

حەوتەم: دابینکردنی لینک بۆ سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی تر بە مەبەستی ڕاستاندن

هەشتەم: دروستکردنی وێبسایت تا هەر کاتێک کە حکومەت بڕیارى لەسەر دا، هاووڵاتى بتوانێت بە ئۆنلاین مامەڵەکەى پڕ بکاتەوە.

 

سوودەکانى بەئەلیکترۆنیکردنى سیستەمەکە:

یەکەم: خێرایی ڕاییکردنى مامەڵەى هاووڵاتى بە کواڵیتى بەرز و پارێزراوى تەواو

دووەم: کەمکردنەوەى ڕۆتین و مەسرووفات و دابینکردنى شوێنى گونجاوى چاوەڕوانى بۆ هاووڵاتى

سێیەم: دابینکردنى پەڕەى تایبەتى مامەڵەى ساختەنەکراو بە چەندین کۆد و ئاماژە

چوارەم: پێکەوەبەستنەوەى فەرمانگەکانى هەرێم تا هاووڵاتی لە هەر شوێنێک بتوانێت مامەڵەکەى نوێکاتەوە یا بگۆڕێت.

پێنجەم: بەستنەوەى فەرمانگەکان بە داتاسەنتەرى ئەنجوومەنى وەزیران.

شەشەم: دامەزراندنەوەى عەریزەنووسەکان و دابینکردنى ٩٠٠ هەلى کار

حەوتەم: نەهێشتنى دڵنیایی دەرکردە (صحة صدور) بۆ مامەڵەى هاووڵاتى و پێدانى لینک ڕاستاندن بە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان

هەشتەم: نەهێشتنى کرێى باڵەخانە لەسەر حکومەت و دابینکردنى باڵەخانە و ئاو و کارەبا و قرتاسیە بۆ فەرمانگەکان (ساڵانە لە  سەرووى ٤٠٠ هەزار دۆلار دەگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەى حکومەت).