Skip to the content

وەزیرى کارەبا: ھەنگاوی گەورە و خێرا و ستراتیژیمان بۆ بونیادنانی ژێرخانی کارەبا هەڵێناوەتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – جێبەجێکردنى دەیان پڕۆژەى ستراتیژى:

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەنگاوی گەورەو خێرا و ستراتیژیی نراوە بەرەو بونیادنانی ژێرخانی کارەبا، بەتایبەت لە سێکتەرەکانى بەرھەمھێنان و گواستنەوە و دابەشکردن و کۆنترۆڵ و بەمەش داھات و خەرجییەکی زۆر بۆ گەنجینەی حکومەت و داھاتی ھەرێم گەڕێنراوەتەوە و ماوەکانی پێدانی کارەباش بەراورد بە ساڵانی رابردوو رووی لە زیادبوون کردووە.

لەم بارەوە کەمال محەمەد ساڵح وەزیرى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان گوتى: سه‌باره‌ت به‌ كاره‌با و ره‌وشی كاره‌با له‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتوانی ته‌واوه‌تی پێشكه‌شی وه‌زاره‌تی كاره‌با كردووه‌، له‌م چوارچێوه‌یه‌یشدا هه‌نگاوی گه‌وره‌ نراوه‌، بۆ نموونه‌ له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی رابردووی ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌م توانراوه‌ ٦١٥ میگاوات كاره‌با زیاد بكرێت کە ٣٠٠ مێگاواتی له‌ خه‌بات و ١٦٥ میگاواتی له‌ گه‌رمیان و ١٥٠ میگاواتی دیكه‌یش له‌ توركیاوه‌ بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان ڕاكێشراوه‌.

وەزیرى کارەبا باسى چەندین پڕۆژەى دیکەى کرد و گوتى:

ئه‌و یه‌كه‌ كاره‌باییانه‌ی له‌ هه‌ردوو به‌نداوی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان له‌ كار كه‌وتبوون، توانیماتن چاكیان بکەینەوە و هاوكات چه‌ند پڕۆژە‌ی دیكه‌یش هه‌بوون كه‌ له‌ میانی گرێبه‌سته‌كانه‌وه‌ ده‌بوو جێبه‌جی بكرێن، به‌ڵام ڕاوه‌ستا بوون، وه‌زاره‌ت توانی جارێكی دیكه‌ی كاریان له‌سه‌ر بكاته‌وه‌ و بكه‌ونه‌وه‌ كار، بۆ نموونه‌ له‌ هه‌ولێر پڕۆژە‌كان به‌ به‌های ٧٩ ملیۆن دۆلار كه‌وتوونه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردن و لە سلێمانى ٤٨ ملیۆن دۆلار و لە دهۆک ٢٧ ملیۆن دۆلارە و لەگەرمیان ٥ ملیۆن دۆلارە كه‌ ده‌كرێ بڵێین له‌ ئێستا‌دا به‌ رێژە‌ی ٩٠% ته‌واو بوونه‌ و كه‌وتوونه‌ته‌ خزمه‌تی هاووڵاتیان و هەروەها له‌ پارێزگای سلێمانی به‌ هه‌مان شێوه‌ چه‌ندان پڕۆژە‌ی دیكه‌ی تایبه‌ت به‌ بواری كاره‌با جێبه‌جێ كراون، بۆ نموونه‌ هێڵی كاره‌بای نێوان بازیان  ـ ڕاپه‌ڕین، سه‌یدسادق ـ تانجه‌رۆ و دانانی چه‌ندین مۆبایل له‌ عه‌ربه‌ت و شوێنه‌كانی دیكه‌ی سنووره‌كه‌. له‌ گه‌رمیانیش وێستگه‌ی ساڵح ئاغا و گۆڕینی خه‌تی ١٣٢كه‌ی.ڤی و هێڵێكی دیكه‌ی ٣٣ كه‌ی.ڤی دیكه‌یش له‌ سنووره‌كه‌ جێبه‌جێ كراون. له‌ پارێزگای دهۆك توانراوه‌ زیاتر له‌ ٥٠ كیلۆمه‌تر و هێڵێكی ١٣٢ کەى.ڤی بۆ زاخۆ ڕابكێشرێت، هاوكات هێڵه‌كانی كاره‌بای قه‌سرۆك، داره‌توو، به‌رده‌ڕەش و شاریا كاریان له‌سه‌ر كراوه‌ و پڕۆژە‌كان ئه‌نجام دراون. 

 

چاکسازى:

لەم کابینەیەدا، ھەنگاوەکانی چاکسازیی و گۆڕانکارییەکان و ھەموو ئەو پرۆژە و کارو چالاکیانەی ئەنجام دراون لە بوارى کارەبا، بۆ خزمەتی بوژانەوەی کەرتی کارەبا و گەڕاندنەوەی داھات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان بووە، ئەمەش لەپێناو خزمەتکردنی ھاوڵاتیان بووە.

کەمال محەمەد ساڵح وەزیرى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان سه‌باره‌ت به‌ چاكسازییه‌كانی وه‌زاره‌تەکەى گوتى "هه‌مواركردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كان سوودێكی زۆری بۆ وه‌زاره‌تی كاره‌با و وه‌زاره‌تی دارایی هه‌بووه‌، چونكه‌ ئه‌و چاكسازییانه‌ گۆڕانكاری له‌سه‌ر نرخ و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ و پابه‌ندبوونی كۆمپانیاكان دروست كرد، بۆ نموونه‌ نرخی كۆمپانیای سایكل له‌ ٦٣دۆلاره‌وه‌ بووه‌ ٤٥ دۆلار، قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یشیان له‌ ٣٢ دۆلار كرایه‌ ١٦ دۆلار، هه‌روه‌ها پابه‌ندبوونه‌كانی سه‌ر حكومه‌ت له‌ ٨٥%ـەوە بووە ٦٠%. ده‌رئه‌نجامی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ ڕوونە بۆ نمونە له‌ ساڵی ٢٠١٨ى زایینى بڕی ٢٦٨١ مێگاوات كاره‌با بە ٨٣٨ ملیۆن دۆلار بوو، به‌ڵام له‌ ساڵى ٢٠٢٠ى زایینیدا، بڕى مێگاواتەکە زیاد بوو بۆ ٣٢٤٠ مێگاوات و بڕى پارەکەشى کەم بووەوە بۆ ٧٧١ ملیۆن دۆلار، واته‌ ٧٤٧ مێگاوات زیاتر بوو و هاوكاتیش ٦٠ ملیۆن دۆلار لە تێچووەکەى كه‌متر بووەوە.

بە پێى ڕاپۆرتێکى وەزارەتى کارەبا کە بۆ دوو ساڵى ڕابردووى ئەم کابینەیەیە، بە هەمووارکردنەوەى گرێبەستەکان گوژمەیەکى زۆر بۆ حکومەت گەڕێنراوەتەوە کە ساڵانە زیاترە لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار و لێخۆشبوونی قەرزەکانی وەزارەتیش بە گوژمەی (٤٧,٥٧٦,٠٠٠) دۆلار بووە.

وەزیرى کارەبا باسى چاكسازی لە بواری كارگێڕیی نێو وەزارەتەکەى کرد و گوتى: به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرتی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون، وه‌زاره‌تی كاره‌با یه‌كه‌مین وه‌زاره‌ت بووه‌ كه‌ چاكسازییه‌كانی ده‌ست پێ كردووه‌ و به‌دواداچوونی بۆ دۆسیه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ره‌كانی ئه‌نجام داوه‌ و توانیویه‌تی ماف و شایسته‌كانی فه‌رمانبه‌ره‌كانی گه‌ره‌نتی بكات و زێده‌ڕۆییه‌كان نه‌هێڵێت. له‌ پاڵ ئه‌مه‌دا توانیومانە ڕۆتین نەهێڵین و له‌ بواری گرێبه‌سته‌كاندا ئه‌وپه‌ڕی شه‌فافییه‌ت نیشان بدەین.

 

دابەشکردنى کارەبا:

یەکێک لە کێشە گەورەکانى کارەبا لە هەرێمى کوردستان، سیستەمى دابەشکردن و کۆنتڕۆڵکردنیەتى، لەم بارەوە کەمال محەمەد ساڵح وەزیرى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان گوتى: له‌ بواری دابه‌شكردنی كاره‌با توانیومانە زیاتر له‌ ٤٧٠ پڕۆژە ئە‌نجام بدەین كه‌ گوژمه‌ی هەمووى بایی ٦٥ ملیار دینارە. له‌ ئه‌نجامی هه‌موو ئه‌و كار و چالاكییانه‌ ئه‌گه‌ر به‌راورد له‌ نێوان شه‌ش مانگی ٢٠١٩ى زایینى و شه‌ش مانگی ٢٠٢٠ى زایینى بكرێت، ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ كاره‌با به‌ گشتی ٣ كاتژمێر زیادی كردووه‌، هه‌روه‌ها تێچووی كیلۆوات له‌ ٢٠١٨دا بە ١٢٨ دینار بووە، کەچى ئێستا‌ توانراوه‌ تێچووه‌كه‌ کەم بکەینەوە بۆ ٧١ دینار‌، به‌مه‌یش ٤٥%ی تێچووی یه‌كه‌ی كاره‌با له‌سه‌ر حكومه‌ت كه‌م كراوه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر كۆنتڕۆڵی كاره‌با بكرێت، کارمان لەسەر فراوانترکردن و گشتگیرکردنى سیستەمی پێوه‌ری زیره‌ك کردووە و‌ ئێستا به‌ ڕێژە‌ی ٥٠% ته‌واو بووه‌ كه‌ سوودێكی زۆری هه‌یه‌ بۆ ڕێگەگرتن لە‌ زێده‌ڕۆیی و ئه‌مپێری كاره‌با سنووردار ده‌كات و خوێندنه‌وه‌ی کارەبا ورد و ئاسان و کۆنتڕۆڵکردنیشى مەسەر دەکات، ئەم پڕۆژەیەش به‌ گوژمه‌ی ٢٥٣ ملیۆن دۆلار ئه‌نجام دراوه‌ و هیچ کۆستێکیش نەخراوەتە سەر هاووڵاتیان و حکومەت خۆى ئەنجامى دەدات.

 

کارەبا نەدراوە بە عێراق:

ماوەیەکە دەنگۆى ئەوە بڵاو بووەتەوە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان کارەبا دەفرۆشێت بە نێوەڕاست و خوارووى عێراق و لەبەرامبەر ئەم زانیارییەش ڕەخنەى ئەوە دەگیردرێت کە "دۆخى کارەبا لە هەرێم باش نییە، ئیتر بۆ کارەبا دەفرۆشرێت بە عێراق"، لەم بارەوە کەمال محەمەد ساڵح وەزیرى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕوونکردنەوەى دا و گوتى:

"ڕوونه‌ كێشه‌ی كاره‌با له‌ عێراقیش هه‌یه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام له‌ ڕووی مرۆییه‌وه‌ بۆ هه‌موو كێشه‌كان ده‌ستپێشخه‌ری كردووه‌ و ئاماده‌یی خۆی نیشان داوه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش دوای سه‌ردانیكردنی وه‌زیری كاره‌بای عێراق بۆ هه‌ولێر و دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕی زیاتر له‌ ٤٥٠ مێگاوات کارەباى دراوە بە عێراق به‌ تایبه‌ت هه‌ردوو پارێزگای كه‌ركووك و نەینەوا کرد، ئێمه‌ لێره‌دا ڕوونی ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌و كاره‌بایه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ كاره‌بای هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ نییه‌ و هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ئاستی كاره‌بای هه‌رێم و هاونیشتمانیانى کوردستان نییه‌، چونكه‌ له‌ بنه‌ڕە‌تدا ئه‌و یه‌كه‌ كاره‌باییانەى کە هەمانبوون‌ وه‌ستا بوون و له ‌كار كه‌وتبوون، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق‌ سووته‌مه‌نی و پاره‌ی وه‌به‌رهێنه‌رانی بۆ دابین کرد و له‌ به‌رانبه‌ریشدا هه‌رێمی كوردستان مانگانه‌ زیاتر له‌ دوو ملیۆن دۆلار بۆ هه‌ر یه‌كەیە‌كی كاره‌با وه‌ك قه‌ره‌بوو دەدا کە ئێستا نەماوە، بەمەش نەک هەر کارەبامان نەداوە بەڵکو داهاتیشمان زیادى کردووە".

 

چى لەسەر هاووڵاتیان پێویستە؟

گەورەترین کێشەى وەزارەتى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان، خراپبەکارهێنانى کارەبا و لاوازى فەرهەنگى بەکارهێنانى کارەبایە لە لایەن هاووڵاتیانەوە، لەم بارەوە وەزیرى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان گوتى: هه‌موو هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌تی كاره‌با و پشتوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و خودی سه‌رۆكوه‌زیران له‌ پێناو زیاتركردن و باشتركردنی دۆخی كاره‌بایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و خزمه‌تكردنی زیاتری هاووڵاتیانه‌، به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ردا ده‌بێت هاووڵاتیش هاوكار بێت و خۆی له‌ زێده‌ڕۆیی به‌ دوور بگرێت و كرێی مانگانه‌ی كاره‌با بدات، چونكه‌ هه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ جارێكی دیكه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌ خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان، بۆیه‌ ئێمه‌ داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كه‌ین شانبه‌شانی حكومه‌ت خزمه‌تی ڕە‌وشی كاره‌با بکەن له‌ پێناو باشتركردنی كاره‌با و زیادكردنی كاتژمێره‌كانی پێدانی كاره‌با به‌ هاووڵاتیان.

وەزارەتى کارەباش لە ڕاپۆرتێکیدا دەریخستووە کە ژمارەى سەرپێچییەکان لە ساڵى ٢٠١٩، ٦٣٥٦ سەرپێچى بووە کەچى لە ساڵى ٢٠٢٠ زیادى کردووە بۆ ١٠٤٧٧ سەرپێچى و هەر بۆیە وەزارەتى کارەبا سوورە لەسەر زیاتر پەرەپێدان و خێراترکردنى سیستەمى پێوەرى زیرەک کە ژمارەى سەرپێچییەکان کەمتر دەکاتەوە.