Skip to the content

میدیا و زانیارى خولێکى تایبەتى میدیایی جێبەجێ کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژانى سێشەممە و چوارشەممە ڕێکەوتى ٢٥ و ٢٦/٥/٢٠٢١ى زایینى، فەرمانگەى میدیا و زانیارى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە هەماهەنگى لەگەڵ ئەنیستیتۆى کوردستان بۆ کارگێڕی گشتى، خوولێکى ڕاهێنانیان بۆ بەڕێوەبەر و ڕاگەیاندکارانى شەش وەزارەت و دەستەیەکى حکومەتى هەرێم کردەوە.
ئەم خوولە کە لە درێژەى خوول و کار و چالاکییەکانى فەرمانگەى میدیا و زانیارییە بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە ژێر ناوى "داڕشتنى هەواڵ و پلانى میدیایی" بەڕێوە چوو و لە لایەن ئەحمەد زاویتەیی ڕۆژنامەنووس و کامێرامانێکى تایبەتى کەناڵى ئەلجەزیرەى قەتەری گوترایەوە و تیایدا کار لەسەر چۆنیەتى نووسینى هەواڵ و ڕێپۆرتاژێکى مەیدانى کرا هەر لە داڕشتنى پلانەکەیەوە تا ئەنجامدانى و ئەم خوولەش دوو ڕۆژى بە شێوەی تیۆرى و دوو ڕۆژیشى بە شێوەى مەیدانى بەڕێوە چوو.
بە شێوەى کردەیی پڕۆژەیەکى ستراتیژى بوارى کشتوکاڵ هەڵبژێردرا بۆ ئەوەى کار لەسەر چۆنیەتى وێنەگرتن و کۆکردنەوەى زانیارى و داڕشتنى پلانى کارکردنەکەى بکرێت و ڕۆژنامەنووسەکانى وەزارەتەکان و دەستەکە بزانن چۆن کارى مەیدانى بۆ پرۆژە و چالاکییەکانى حوکەت ئەنجام بدەن.