Skip to the content

وەزیرى سامانە سرووشتییەکان: بۆ ئایندەى کوردستان، غاز گرنگه‌ چونکە نه‌وت نامێنێت

هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان له‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان چەندین ڕوونکردنەوەى لەسەر نەخشەى یەدەکى نەوتى کوردستان و هەناردەکردنى نەوت و کۆمەڵێک زانیارى ورد لەسەر داهاتە نەوتییەکان کرد کە لێرەدا بە پووختى دەیانخەینە ڕوو:

وەزیر و وەزارەتەکەى:

  • كه‌ من بوومه‌ وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان، وه‌زاره‌ته‌كه‌ خاڵی بوو، هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی نه‌بوو.
  • نزیكه‌ی پێنج مانگه‌ ئه‌ركی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌م پێ سپێردراوه‌،
  • به‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌ به‌شداریم له‌ كابینه‌ی نۆیه‌م كردووه، ‌له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕوام به‌ كارنامه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌بوو.
  • ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نا داهاتی پێشووم ٢٠٠ ئه‌وه‌نده‌ی مووچه‌كه‌ی ئێستامه.
  • بنه‌مای كابینه‌ی نۆیه‌م چاكسازی و شه‌فافیه‌ته‌، بۆیه‌ رازی بووم ببمه‌ وه‌زیر.
  • بودجه‌ی وه‌زاره‌تەکەم ١٦ ملیۆن دیناری عێراقییه‌.
  • ناهێڵم یه‌ك دینار به‌ دزی و گه‌نده‌ڵی بێته‌ وه‌زاره‌تەکەم و بچێته‌ ده‌ره‌وه‌.
  • من لە وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان، گه‌نده‌ڵیم له‌ گەیاندووەتە سفر.
  • ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بكات، به‌ قورئان ده‌یكه‌مه‌ ١٠٠ پارچه‌ و رێگه‌ به‌ گه‌نده‌ڵی ناده‌م، جا مۆزه‌فی من بیكات، یان ئه‌جنه‌بی چاوشین.
  • ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بكات، شه‌ره‌فی نییه‌، ئه‌خلاقی نییه‌، نامووسی نییه‌ و ئه‌سڵی نییه.
  • پێنج مانگه‌ وه‌زیرم و ٤٠ ساڵه‌ عێراقم نه‌بینیوه و ئێستا وا خه‌ریكه‌ تێده‌گه‌م لێره‌ چ ده‌گوزه‌رێت.
  • ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌كات، شه‌ره‌فی نییه،.
  • ناهێڵم كۆمپانیاكانی نه‌وت یه‌ك ملیمه‌تر نایاسایی بجوڵێنه‌وه‌ و دزی بكه‌ن.
  • ئێستا پۆلیسی وه‌زاره‌ت كۆنترۆڵی كێڵگه‌كان ده‌كات.
  • كۆمپانیای سیكویریتی له‌ كێڵگه‌كان نه‌ما کە پێشتر به‌ ملیۆنان دۆلار دەچووە گیرفانیانەوە.
  • پارێزگاری كێڵگه‌ی نه‌وتی كوردستان به‌ ده‌ستی پۆلیسی كوردستانه‌.


کوردستان و یەدەگى نەوت:

  • كوردستان له‌سه‌ر حه‌وزی نه‌وتییه‌، كه‌ له‌ كوردستان تا عومان درێژ ده‌بێته‌وه‌ و یه‌ك حه‌وزی نه‌وته‌.
  • ئەم نەوتە ٢٠٠ ملیۆن ساڵه‌ جێگیر بووه‌ و باشترین جێگه‌یه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و غاز.
  • له‌ كوردستان یه‌ده‌گی نه‌وت تایبه‌ته‌ و به‌راورد ناكرێت به‌ یه‌ده‌گی نه‌وتی سعوودییه‌ و ئیمارات و عێراق، هه‌رچه‌نده‌ یه‌ك حه‌وزه‌.
  • یه‌ده‌گی نه‌وتى هەرێم كه‌م بووه‌ته‌وه و ئێستا ١٠%ی یه‌ده‌گی نه‌وتی عێراقه‌.
  • هه‌ر بۆیه‌ یه‌ده‌گمان به‌راورد ناكرێت به‌ یه‌ده‌گی نه‌وتی عێراق و كه‌نداو.
  • یه‌ده‌گی نه‌وتی عێراق ١١٥ ملیار به‌رمیله‌، به‌ڵام له‌ كوردستان ئیشی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌.
  • به‌ڵام توانای نه‌وتی كوردستان جیاوازه‌.
  • ڕێژەى٥٢ تا ٥٤%ی نه‌وتی كوردستان له‌ دهۆكه‌ و ٤٠%ی له‌ هه‌ولێره‌ و ٦ تا ١٠%ـشی له‌ سلێمانییه‌.
  • ئه‌مه هەمووی‌ به‌رهه‌می نه‌وتی هه‌رێمە.

 

گرێبەستە نەوتییەکان و کۆمپانیاکان:

  • كێڵگه‌كانی تاوكێ، شێخان، كورده‌میر، چه‌مچه‌ماڵ له‌لایه‌ن كۆمپانیای بچووكه‌وه‌ وه‌به‌رهێنانیان تێدا كراوە و ئێستا له‌ قۆناغی پێشخستندان.
  • ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی هه‌رێم كردوویه‌تی، گرێبه‌ستی كلاسیكین، كه‌ گرێبه‌ستی هاوبه‌شین له‌ به‌رهه‌مدا.
  • كۆمپانیای بیانی دێت و سه‌رمایه‌ ده‌هێنێت و ئه‌گه‌ر نه‌وتی دۆزییه‌وه‌، وه‌زاره‌ت ده‌بێت هه‌موو تێچووی هاتن و دۆزینه‌وه‌ و ده‌رهێنانی نه‌وته‌كه‌ بدات.
  • به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌یدۆزییه‌وه‌، خۆی پاره‌ ده‌دۆڕێنێت و ده‌ڕوات.
  • كۆمپانیای بیانی هیچ دڵسۆزییه‌كی بۆ كوردستان نییه‌. نه‌وته‌كه‌ ته‌واو ده‌كات و قازانجی خۆی ده‌كات و ده‌ڵێت خواحافیز.
  • بۆیە نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك چاو له‌ كۆمپانیای نه‌وت دابخه‌یت و لێیان بێ ئاگا بیت.
  • ئاگات لێیان نه‌بێت تێچووی زیاد ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌م پێ نه‌كرێت واز ده‌هێنم.
  • ئه‌گه‌ر خۆمان ده‌ست به‌ پڕۆسه‌ی ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خۆمان نه‌كه‌ین و هه‌ر به‌ ده‌ست كۆمپانیای بیانییه‌وه‌ بێت، له‌وانه‌یه‌ یه‌ده‌گی نه‌وتمان نه‌مێنێت.
  • پێویسته‌ قسه‌ له‌سه‌ر گرێبه‌ستی هاوبه‌شیكردن بكه‌ین و پێداچوونه‌وه بۆ گرێبەستەکان بكه‌ین.


خەرجی و مەسرووفاتى دەرهێنانى نەوت:

  • له‌ عێراق تێچووی به‌رهه‌مهێنانی به‌رمیلێك نه‌وت دۆلارێكه‌ و له‌ هه‌رێم ١٠ تا ١٢ دۆلاره‌.
  • هه‌ڵه‌ له‌ناو پیشه‌سازی نه‌وتدا، یه‌ك جاره‌. هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك بكرێت قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه‌.
  • هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت ٦٠ ملیۆن ساڵی پێویسته‌ تا درووست ده‌بێته‌وه، تا ده‌رده‌هێنرێت، خه‌رجی زۆره‌.
  • ٥٨%ی داهاتی نه‌وت ده‌ده‌ینه‌وه‌ كۆمپانیاكان و تێچووی به‌رهه‌مهێنان.
  • ئەم ڕێژەیەش دەکاتە ٤٥٠ هه‌زار به‌رمیل به‌رهه‌می رۆژانه‌.
  • حكومه‌ت تێچووی خه‌رجی نه‌وتی له‌ ئه‌ستۆیه‌.


وەزیر و پلانەکانى ئایندەى:

  • ئه‌گه‌ر من پێش ١٥ ساڵ لێرە بوایەم، كۆمپانیایه‌كی خۆماڵی نه‌وتی كوردستانیم درووست ده‌كرد.
  • ئه‌وه‌ی داهاتی نه‌وت ١٠٠% بۆ میلله‌تی خۆمان بێت.
  • كۆمپانیا بیانییه‌كان ١٤%ی یه‌ده‌گی نه‌وت ده‌به‌ن و ده‌بێت حكومه‌تیش بارگرانی به‌رهه‌مهێنان و خه‌رجیی بگرێته‌ ئه‌ستۆ.
  • ده‌مه‌وێت كادیری خۆمان په‌روه‌رده‌ بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی پێنج شه‌ش ساڵی دیكه‌ خۆمان ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین.
  • من ده‌توانم تێچووی به‌رهه‌مى نەوت رێك بخه‌مەوە.
  • ده‌توانم ئه‌وه‌ش بكه‌م، كه‌ له‌ كۆمپانیاكان زۆرترین سوود بۆ خه‌ڵك به‌ده‌ست بهێنم.
  • ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌م كرد، ئه‌وه‌ شتێكم كردووه‌.
  • ئه‌گه‌ر نه‌شمتوانی بیكه‌م؛ ئه‌وه‌ حاڵم حاڵی وه‌زیرێكی ئاساییه‌ و لە ٢٤ كاتژمێر له‌ كوردستان نامێنم و ده‌ڕۆم.


ڕەهەندە باش و خراپەکانى دەرهێنانی نەوت:

  • بۆ داهاتووی هه‌رێمى کوردستان، غاز گرنگه‌ و لە بەرانبەردا نه‌وت نامێنێت.
  • كۆی ته‌واوی به‌رهه‌می غاز بۆ دابینكردنی كاره‌بایه‌.
  • كۆمپانیای كار رۆژانه‌ له‌ ٢٥ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت، ١ ملیۆن لیتر به‌نزین به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
  • پێویسته‌ نرخی ٦٢٠ دینار بێت و سه‌رجه‌م نرخه‌كه‌ی نابێت له‌ ٦٦٠ زیاتر بێت.
  • ٨١%ی ستافی پیشه‌سازی نه‌وت له‌ هه‌رێم كوردن و ئه‌مانه‌ داهاتووی كوردن.
  • قه‌رزه‌كان و تێچووی نه‌وت و كرێی كۆمپانیاكان ٥٨%ی داهاتی نه‌وت ده‌به‌ن.
  • ٢٠%ی داهات تێچووی ده‌رهێنانی نه‌وته‌.
  • ١٤% شایسته‌ی كۆمپانیاكانه‌.
  • ٦% كرێی گواستنه‌وه‌یه‌.
  • ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ قه‌ره‌بووی قه‌رزه‌كانه‌.
  • ئه‌گه‌ر ئه‌و قه‌رزانه‌ نه‌درێنه‌وه‌، پیشه‌سازی نه‌وت ڕاده‌وه‌ستێت و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ نامێنێت.
  • كۆنترۆڵمان ته‌نیا له‌سه‌ر تێچووی نه‌وته‌.