گوتەبێژى حکومەتى هەرێم بۆ الحدث: هەرێمى کوردستان له‌گه‌ڵ هیچ جۆره ململانێیه‌كی كوردی - كوردی نییە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – كه‌ناڵی (العربية الحدث)، گفتوگۆیەکى لەگەڵ دكتۆر جووتیار عادل گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئەنجام دا لەسەر گفتوگۆ و گه‌نگه‌شه‌كردنی چه‌ند پرس و بابه‌تێك کە لێرەدا فەرمانگەى میدیا و زانیارى وەرگێڕدراوەکەى دەخاتە بەردیدى خوێنەرانى بەڕێز.
ـ الحدث: ده‌مانه‌وێ له‌گه‌ڵ به‌ڕێزتان بچینه ناو ورده‌كارییه‌كان، ئایا به‌ڕاستی هه‌موو خاڵه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر چاره‌سه‌ر بووه، كه ئێستا قسه له باره‌ی كه‌شێكی ئه‌رێنی ده‌كرێ، ئایا دۆخه‌كه به‌و ئاسته گه‌یشتووه؟
د. جووتیار: سوپاس بۆ تۆ و بۆ بینه‌رانی كه‌ناڵی (العربية الحدث)، به‌دڵنیاییه‌وه دوای هه‌وڵێكی زۆری نێوان هه‌ردوولا له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵ و دوای ماوه‌یه‌كی زۆر توانرا رێككه‌وتن بكرێ له‌سه‌ر یاسای بودجه‌ی ساڵی ٢٠٢١ى زایینى كه پێم وایه ئه‌و یاسایه چاره‌سه‌رێكی دادپه‌روه‌رانه‌یه سه‌باره‌ت به شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و پابه‌ندییانه‌ی به‌رانبه‌ر به حكومه‌تی فیدڕاڵ ده‌كه‌ونه سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. به‌ڵێ پێشكه‌وتنێكی به‌رچاو له‌مباره‌یه‌وه ڕووی داوه به تایبه‌ت وردبینیكردنی داهاته نانه‌وتییه‌كان له‌ناویاندا داهاتی دەروازە سنوورییەکان كه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته لیژنه‌ی هاوبه‌ش له نێوان دیوانی چاودێری دارایی حكومه‌تی فیدڕاڵ و دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی كوردستان پێك هێنراوه، واته له ڕێکەوتى ٧ی مانگی حوزه‌یرانی ساڵى ٢٠٢١ى زایینییەوه كه شاندێكی هه‌رێمی كوردستان ڕەوانهی به‌غدا كرا، ئه‌و تیمه‌ی پێك هێنراوه به شێوه‌ی كرده‌یی ده‌ستی به وردبینی داهات و خه‌رجییه‌كان كردووه و هه‌ردوولا گه‌یشتوونه‌ته چه‌ندین چاره‌سه‌ر و پێم وایه ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی ئایندە ئه‌و لیژنانه كۆتایی به كاره‌كانیان دێنن، هاوكات زانیاریی سه‌باره‌ت به كه‌رتی وزه له هه‌رێمی كوردستان به به‌غدا دراوه و به هه‌مان شێوه پێشكه‌وتن له‌م دۆسیهیهیش ڕووی داوه، به‌ڵام هێشتا ژماره‌یه‌ك دۆسیه‌ی دیكه ماوه هه‌ردوولا بگه‌ینه ڕێككه‌وتن به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به مادده‌ی ١٤٠ى ده‌ستوور و هه‌ماهه‌نگی و هاوبه‌شی له نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق له ناوچه جێناكۆكه‌كان و بابه‌ته‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به په‌ره‌پێدان و ئاوه‌دانكردنه‌وه هه‌یه.
ـ الحدث: واته تا ئێستا ئه‌و مادده و پرسانه ڕێككه‌وتنیان له‌سه‌ر نه‌كراوه؟
د. جووتیار: تا ئێستا دانووستانه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیانه به‌رده‌وامییان هه‌یه، به‌ڵام هه‌ماهه‌نگی زۆر باش هه‌یه له ناوچه جێناكۆكه‌كان به تایبه‌ت ئه‌و ناوچانه‌ی داعش تێیدا جووڵه‌ی هه‌یه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌سته‌ی باڵای هاوبه‌ش له نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق پێك هینراوه، به گشتی لێكتێگه‌یشتنێكی باش هه‌یه سه‌باره‌ت به بوونی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی له‌و ناوچانه‌دا هه‌یه كه پێشبینی ده‌كرێ له‌م ناوچانه‌دا به‌رده‌وام بێ.
ـ الحدث: ئایا به‌ڕاستی چۆن ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر دۆسیه‌ی نه‌وت كراوه، ئایا بۆ له‌مه‌ودوا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌وت له ڕێگه‌ی گۆمپانیای سۆمۆوه ده‌فرۆشێ؟
د. جووتیار: بێگۆمان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به گوێره‌ی یاسای بودجه‌ی گشتی ساڵی ٢٠٢١ى زایینى، ده‌توانێ ڕۆژانه ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به نرخی سۆمۆ ڕاده‌ستی حكومه‌تی عێراق بكات، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌كارهینانی ناوخۆیی سوودی لێ ده‌بینێ، هه‌روه‌ها به‌شێكیشی بۆ خه‌رجی كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ده‌چێ، بۆیه ڕێككه‌وتنی ته‌واوه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كراوه، وه‌ك ئاماژەم بۆ كرد ئه‌وه‌ی بۆ هه‌رێم ده‌مینێته‌وه نزیكه‌ی ١٦٠ بۆ ١٦٥ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتە ڕۆژانه.
ـ الحدث: بنه‌مای ڕێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی عێراق له باره‌ی خاڵە سنوورییه‌كان چییه؟
د. جووتیار: به پێی یاساكه، ٥٠%ی داهاتی خاڵە سنوورییەکان بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی عێراق ده‌چێت، لیژنه هاوبه‌شه‌كان كه له نێوان هه‌ردوو دیوانی چاودێری دارایی حكومه‌تی فیدڕاڵ و حكومه‌تی هه‌رێم پێك هێنراون، سه‌ردانی خاڵە سنوورییه‌كانیان كردووه و وردبینییان بۆ سه‌رجه‌م تۆماره‌كانی ئه‌و خاڵانە كردووه له باره‌ی داهاته‌كان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش دانووستان و ڕێككه‌وتنی یه‌ك له دوای یه‌ك به تایبه‌ت له‌و ١٠ ڕۆژەی دوایی له نێوان هه‌ردوولا كراوه. بێگومان دانووستان و ڕێككه‌وتنه‌كان هه‌موو ئه‌و داهاتانه ده‌گرنه‌وه كه له خاڵە سنوورییه‌كان ده‌ست ده‌كه‌ون، له لایه‌كی دیكه‌وه لیژنه‌كان سه‌ردانی هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی یان كردووه بۆ وردبینیكردنی داهاته‌كان، پێم وایه تا ئێستا كاره‌كان به شێوه‌یه‌كی باش به‌ڕێوه ده‌چن.
ـ الحدث: ئایا ئه‌و ڕێككه‌وتنانه یاخود ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریانه تا چه‌ند به ئه‌نجام ده‌گه‌ن و پاشه‌كشێی تێدا نییه، چونكه به‌رده‌وام ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌م باره‌یه‌وه هه‌یه؟
د. جووتیار: له ڕاستیدا نابێ یاسای بودجه‌ی گشتی وه‌ك ڕێككه‌وتنێكی سیاسی تەماشا بکرێت، به پێچه‌وانه‌وه یاساكه به ڕەزامهندی سه‌رجه‌م فراكسیۆن و هێزه سیاسییه‌كانی ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران په‌سه‌ند كراوه، كه ئێمه پێمان وایه ئه‌و ڕێككه‌وتنه تا ڕاده‌یه‌ك ڕێككه‌وتنێكی دادپه‌روه‌رانه‌یه له نێوان هه‌ردوولا. پێویسته ئاماژە به‌وه بكرێ وردبینیكردنی خه‌رجییه‌كان پڕۆسه‌یه‌كی دواتره بۆ خه‌رجكردنی دارایی، بۆیه شه‌ش مانگی ڕابردووی ساڵی ٢٠٢١ وه‌ك شه‌ش مانگی وردبینیكردنی داهات و خه‌رجییه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێ كه خۆی ده‌بێ دوای خه‌رجكردنی دارایی ئه‌نجام بدرێ. ئاشكرایه لێره و له‌وێ ده‌نگی ناڕازی له باره‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه هه‌یه، به‌ڵام پێمان وانییه هیچ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنه‌كه هه‌بێ، به تایبه‌ت كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌نده به میكانیزمه‌كانی جێبه‌جێكردنی بودجه، هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه ئێمه له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به تایبه‌ت دوای په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له ٣١ی ئاداری ٢٠٢١ى زایینى، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندی به سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كرد و پێی ڕاگه‌یاند كه هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه پابه‌ندی جێبه‌جێكردنی یاساكه بێ، هه‌روه‌ها ئێمه له ڕێگه‌ی تیمی دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم داوامان له حكومه‌تی عێراق كرد شاندی خۆیان بنێرن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست بكه‌ن به ڕێوشوێنه‌كانی جێبه‌جێكردنی یاساكه.
ـ الحدث: به‌ڕێز جووتیار، ده‌مه‌وێ سوود له‌و ده‌رفه‌ته وه‌ربگرم كه له‌گه‌ڵمانی، ده‌مه‌وێ پرسیار بكه‌م له باره‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌ولێر و لێكۆڵینه‌وه‌كان، كه ئاخۆ لیكۆڵینه‌وه‌كان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌نجامی كۆتایی؟
د. جووتیار: سه‌باره‌ت به هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌ر هه‌ولێر، به‌دڵنیاییه‌وه پێشكه‌وتنی گه‌وره هه‌یه و توانراوه ده‌ستنیشانی ئه‌و لایه‌نانه بكرێ كه به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌و هێرشانه‌یان له ئه‌ستۆیه و سه‌ره‌داوی باش به‌ده‌ست كه‌وتوون، به‌ڵام ئێمه هێشتا پێش ڕووداوه‌كان ناكه‌وین، به‌ڵكوو ڕاپۆرته‌كان له ئاینده‌دا ئاماده ده‌كرێن، پاشان قسه له‌سه‌ر ئه‌و ڕاپۆرتانه ده‌كرێ و له كاتی خۆیدا بڵاو ده‌كرێنه‌وه. به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌م بابه‌ته به لێكتێگه‌یشتنی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق ده‌بێ، هه‌روه‌ها ڕەنگه بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌كان به ڕێككه‌وتن له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تدا بێ.
ـ الحدث: له‌باره‌ی بۆردوومانی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن سوپای توركیاوه، ئایا ئێوه له‌گه‌ڵ لایه‌نی توركیا گه‌یشتوونه‌ته لێكتێگه‌یشتن بۆ وه‌ستاندنی بۆردوومانه‌كان؟
د. جووتیار: بێگومان لێكتیگهیشتنی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ دراوسێكان یان هەر وڵاتێكی دیكه له ڕێگه‌ی به‌غداوه ده‌بێ، ئێمه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی خۆمان به ڕوونی له باره‌ی ئه‌و پێشهاتانه به تایبه‌ت به‌داخه‌وه ئه‌و شهڕەی له نێوان سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) هه‌یه خستووه‌ته ڕوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش بۆچوونی خۆمان به‌ڕوونی و به‌ڕاشكاوانه ده‌ربڕیوه كه نابێ هیچ لایه‌نێك له‌سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان و خاكی عێراق پاکانە حیسابی خۆی بكات، به‌ڵكوو پێویسته ئەمە له نێوان لایه‌نه‌كان و لە ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراق بێت. ئێمه نامانه‌وێ ببینه لایه‌ن له هیچ جۆره ململانێیه‌ك، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هیچ جۆره ململانێیه‌كی كوردی ـ كوردی نین، بۆیه له هه‌موو لایه‌ك ئومێده‌وارین هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ به‌غدا له په‌یوه‌ندیداین كه چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراق بێ و هیوادارین ئه‌و كێشانه له نێوان لایه‌نه‌كان له ڕێگه‌ی گفتوگۆی سیاسییه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێن.