Skip to the content

پڕۆژەى ١٠٠ مەترى سلێمانى.. پڕۆژەیەکى ستراتیژى لە خزمەت هاووڵاتیانى پارێزگاکە

هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- پڕۆژه‌ی شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری سلێمانی کە له‌ ساڵی ٢٠١٢ى زایینى دیزاینی بۆ كراوه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌كانی شاری سلێمانی و ده‌بێته‌ سێ به‌ش: به‌شی یه‌كه‌م به‌ پانی ١٠٠ م  و درێژی ٣٢ كیلۆمەتر، له‌ شارۆچكه‌ی تاسڵووجه‌وە ده‌ست پێ ده‌كات و به‌ به‌ری شاخی گڵه‌زه‌رده‌ به‌ دابان تێدەپه‌ڕێت تا ده‌گاته‌ تانجه‌رۆ و لەوێشەوە درێژ دەبێتەوە بۆ‌ ده‌مركان تا دەگاتەوە سه‌ر ڕێگه‌ی سلێمانی ـ عه‌ربه‌ت.
ئەم پڕۆژەیە کە تا ئێستا‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ٤٠٠ ملیار دیناری بۆ ته‌رخان كردووه‌، له‌ لایه‌ن گرووپی كۆمپانیاكانی قه‌یوانه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و ١١٠٠ ڕۆژى پێ دەچێت و كار كردن لێى بەردەوامە.
 
دابینکردنى هەلى کار:
بەڕێوەبەرى پڕۆژەکە باسى لەوە کرد کە زیاتر له‌ ٦٠٠٠ ئامێر بە ١٠٠٠ دەستى کار به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ لە نێو پڕۆژەکە کار ده‌كه‌ن و ئێستا كاره‌كانی بڕین و پڕكردنه‌وه به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو ئه‌نجام ده‌درێ و‌ بڕێكی زۆری كاری كۆنكرێتەکەی كراوه‌ و كار له‌ سه‌رجه‌م پرد و یه‌كتربڕینه‌كانی ناو پرده‌كان ده‌كرێت.
 
قەبارەى پڕۆژەکە:
پڕۆژه‌ی شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری سلێمانى، پێنج ئه‌نده‌رپاس و چوار یه‌كتربڕ و سێ پردی په‌پووله‌یی له‌خۆ ده‌گرێت، هه‌روه‌ها پردێكی دیكه‌ی گه‌وره‌ی له‌ خۆ گرتووه‌، كه‌ درێژییه‌كه‌ی ٥٠٠ مه‌تره‌ و ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر چه‌می تانجه‌رۆ و له‌ ئایندەیەکى نزیک كاره‌كانی ته‌واو ده‌بن.
پڕۆژه‌كه‌ ژماره‌یه‌ك كارگه‌ له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ پێك هاتوون‌ له‌ كارگه‌ی به‌ردی شكاو كه‌ بۆ ڕاخستنی ژێر قیڕ به‌ كار دێت لەگەڵ كارگه‌ی قیر و كارگه‌ی به‌رده‌ر كه بۆ دامه‌زراندنی پرده‌كان‌ به‌ كار دێت و‌ ئێستا به‌شێكیان دامەزراون و كاری به‌رده‌وامیشیان تیدا ده‌كرێ.
 
بەشەکانى پڕۆژەکە:
پڕۆژه‌ی شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری سلێمانى لە شێوەى کار و جێبەجێکردنى لە چەندین بەش پێک دێت کە بریتین لە:
بەشى یەکەمى: حەوت ئه‌نته‌رچێنچ له‌ خۆ ده‌گرێت كه‌ هه‌ر یه‌كێكیان به‌ شه‌قامێكی ٣٠ مه‌تری یان ٦٠ مه‌تری به‌ شه‌قامه‌كانی تاسڵووجه‌ ـ سلێمانی، شه‌قامی مه‌لیك مه‌حموود و شه‌قامی عه‌ربه‌ت ـ سلێمانی ده‌یبه‌ستێته‌وه‌.
ـ له‌ نزیك كێله‌سپی واته‌ له‌ نزیك فڕۆخانه‌وه‌ ئه‌م شه‌قامه‌ به‌ شه‌قامی تاسڵووجه‌ ـ سلێمانی ده‌گات. 
ـ شه‌قامی دووه‌م بریتییه‌ له‌ شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری‌ به‌ به‌كره‌جۆ ده‌یبه‌ستێته‌وه‌ و ده‌گاته‌وه‌ ناو ماجیدی مۆڵ.
ـ شه‌قامی سێیه‌میش ده‌یبه‌ستێته‌وه‌ به‌ لای كورسی و به‌ شه‌قامی مه‌لیك مه‌حموود ده‌یبه‌ستێته‌وه‌. 
ـ شه‌قامی چواره‌م هه‌ر شه‌قامی تانجه‌رۆ ـ سلێمانییه‌ به‌ فولكه‌ی قه‌ره‌داغ ده‌یبه‌ستێته‌وه‌. شه‌قامێكی ٦٠ مه‌تریش هه‌یه‌، كه‌ ڕێگه‌ی عه‌ره‌به‌ت به‌ شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری سلێمانی ده‌به‌ستێته‌وه‌. یه‌كتربڕی كۆتاییش خراوه‌ته‌ سه‌ر ڕێگه‌ی عه‌ره‌به‌ت ـ سلێمانی بۆ ئه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كانی به‌ ئاسانی بتوانن بگه‌نه‌ سه‌ر شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری.
هه‌ر له‌ به‌شی یه‌كه‌می شه‌قامه‌كه‌دا له‌ ڕۆدی (C) پێنج ئه‌نده‌رپاس دروست كراوه‌، ئەمەش بە مەبەستى پێکەوەبەستنەوەی گوندەکانی به‌ری خواره‌وه‌ی شەقامەکەیە‌ و جووتیاران كاری كشتوكاڵی تێدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بۆیه‌ له‌ هه‌ندێك شوێندا شه‌قامه‌كه‌ شه‌قامێكی ئێكسپرێسۆیه‌ و سیاج ده‌كرێت و هیچ كه‌س و ئۆتۆمبێلێك ناتوانێ به‌سه‌ریدا بپه‌ڕێته‌وه‌، بۆیه‌ بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و جووتیاره‌كان به‌ تایبه‌تی پێنج ئه‌نده‌رپاسه‌ دروست كراوه‌. به‌ هۆی ئه‌وه‌ی شه‌قامه‌كه‌ به‌شێكی كه‌وتووه‌ته‌ لای چیای دابان، بۆیه‌ ٦٨ قه‌نته‌ره‌ به‌ قه‌باره‌ی جیاواز و چاوی جیاواز دروست ده‌كرێت.
به‌شی دووه‌م: شه‌قامه‌كه‌ له‌ كۆتاییدا ده‌خرێته‌ سه‌ر ڕێگه‌ی عه‌ربه‌ت به‌ شه‌قامێكی ٦٠ مه‌تری ده‌ڕواته‌ بناری شاخی گۆیژه و‌ له‌وێیشه‌وه‌ ده‌ڕوات تا ده‌گاته‌ دۆڵی میران، واته‌ لای گۆیژه‌ ستی سێ، پاشان ئه‌و شه‌قامه‌ گۆڕانكاری تیدا ده‌كرێ تا ده‌گاته‌ تونێلی پێشڕه‌و ـ سلێمانی. هه‌روه‌ها ئه‌م شه‌قامه‌یش به‌ شه‌قامی ٦٠ مه‌تری به‌ستراوه‌ته‌وه‌، واته‌ به‌ شه‌قامی عه‌ره‌به‌ت ـ سلێمانی و شه‌قامی مه‌لیك مه‌حموود به‌ستراوه‌ته‌وه‌. 
به‌شی سێیه‌م: شه‌قامه‌كه‌ له‌ ڕێگه‌ی دوكان ـ سلێمانی ده‌ست پێ ده‌كات و به‌ شه‌قامێكی ١٠٠ مه‌تری له‌ نزیك گوندی مه‌لا داوود به‌ پشت قوله‌ره‌یس ده‌ڕوات تا ده‌گاته‌ ڕێگه‌ی مێرگه‌پان كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ڕێگه‌یه‌ ئه‌نته‌رچێنگی گه‌وره‌ دروست كراوه‌، كه‌ هه‌موو ئه‌و شه‌قامانه‌یش به‌ شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌كوو تاسڵووجه‌ ـ سلێمانی و شه‌قامی مه‌لیك مه‌حموود به‌ستراونه‌ته‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ پڕۆژه‌یه‌كی تەواوى کارگێڕییە‌ و له‌ هه‌ر شوێنێك شوفێر بییه‌وی ده‌توانێ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو شار و به‌ پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌ له‌ ناو شاریش ده‌توانێ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌. 
به‌شی یه‌كه‌م كه‌ له‌ ئێسته‌دا كاری جێبه‌جێكردنی بۆ ئه‌نجام ده‌درێ و به‌شی ڕۆدی (C)یه‌ و سوودێكی زۆری ده‌بێ، چونكه‌ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی له‌ كه‌لار، ده‌ربه‌ندیخان و پێنجوین بار ده‌هێننن بۆ كه‌ركووك، هه‌ولێر و ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین، ئێستا‌ به‌ ناو شار و به‌ سه‌ر شه‌قامی مه‌لیك مه‌حمووددا ده‌ڕۆن و دواتر ده‌چنه‌ سه‌ر ڕێگه‌ی تاسڵووجه‌ ـ سلێمانی، قه‌ره‌باڵغی و جه‌نجاڵییه‌كی زۆر دروست ده‌كه‌ن، كه‌ بووه‌ته‌ هۆی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك و كێشه‌ی زۆری بۆ هاتووچۆ دروست كردووه‌، به‌ڵام به‌ ته‌واوكردنی شه‌قامه‌كه‌ هه‌موو شوفێره‌كان ده‌چنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی به‌ كاتژمێر و نیوێك ڕێگه‌كه‌ ببڕن، ئه‌و كات به‌ ماوه‌ی ٢٠ خوله‌ك ده‌گه‌نه‌ ڕێگه‌ی تاسلووجه‌ ـ سلێمانی و له‌وێیشه‌وه‌ دابه‌ش ده‌بن یان ده‌چن بۆ كه‌ركووك، یان بۆ هه‌ولێر یان بۆ دوكان و ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین. هه‌روه‌ها ئه‌م به‌شه‌ی شه‌قامه‌كه‌ شێوه‌یه‌كی جوان و شارستانی به‌ شاری سلێمانی دەبەخشێت.
 
 فەرمانگەى میدیاو زانیارى