Skip to the content

پێوەرى زیرەک بێکارەبایی چارەسەر دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)– کەمى بڕى کارەباى نیشتمانى بۆ هاووڵاتیان کێشەسازە، چونکە بە نەبوونى نەیانتوانیوە ئارەزوومەندانە زۆرینەى کەرەستە کارەباییەکانی ماڵەوەیان بە کار بهێنن و لە لایەکى تریشەوە بووەتە هۆى ئەوەى پارەى موەلیدەیان لەسەر زیاد بێت ئەمە بەدەر لەو ژاوەژاوییە دەنگی و پیسییەى کە لە ڕێگەى موەلیدەی گەڕەکەکانەوە تووشى هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان دەبێتەوە.

هەر ئەمەش واى کرد کار لەسەر "پێوەرى زیرەک"ـى کارەبا بکرێت و حکومەتى هەرێمى کوردستان بە بڕى ١٥٠ ملیۆن دۆلار لە سەرتاسەرى هەرێم دەستی بە جێبەجێکردنى کردووە تا هاوبەشانى کارەبا چیتر کێشەى کارەبایان نەبێت و بشتوانرێت فەرهەنگسازى بکرێت لە بەکارهێنانى وزەى کارەبا و بەفێڕۆ نەدرێت.

شایەنى باسە کۆنتڕۆڵکردنى بەکارهێنانى وزەى کارەبا و فەرهەنگسازى ئەو بەکارهێنانە لە لایەن هاووڵاتییانە هۆکار دەبێت بۆ بنبڕکردنى کێشەى کارەبا. بۆ نمونە وڵاتى ئوردن بە ١٠ ملیۆن دانیشتوو و سەدان كارگەی پیشەسازیی زەبەلاح ئاستى بەکارهێنانى وزەى کارەبای ٢٤٠٠ مێگاواتە، کەچى لە هەرێمى کوردستان بە ٦ ملیۆن کەس کە هێشتا کارگەى گەورەى پیشەسازیشمان نییە ٢٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەکار دەهێنین و وەک بەرپرسانى هەرێمى کوردستان باسى لەوە دەکەن کە بێ بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى و فەرهەنگى لە بەکارهێنانى کارەبا لە نێو هاووڵاتیان و ڕێگەنەگرین لە بەفێڕۆچوونى وزەى کارەبا و کۆنتڕۆڵنەکردنى، ئەگەریش ئەم بڕە کارەبایە ببێتە دوو هێندە، ئەوا دیسان بەشى هەرێمەکەمان ناکات.

لەم سۆنگەشەوەیە کە پێوەرى زیرەک ئێستا بووەتە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانى حکومەت لە هەرێمى کوردستان تا پێش بەو بەفیڕۆدانەى وزەى کارەبایە بگیردرێت کە دەگوترێت ڕێژەکەى لە سەرووى ٣٠%ـى کارەباى کوردستانە، واتە زیاتر لە ٧٥٠ مێگاوات.
ماڵپەڕى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە مەبەستى بەدواداچوون لە بەستنى پێوەرى زیرەک و سوود و کاریگەرییە ئەرێنییەکانى، سەردانى پڕۆگرامساز "عەلی ئیسماعیل عەبدولغەنی" کرد کە هەم ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای پێوه‌ری زیره‌كە و هەم سەرپەرشتیارى پڕۆژەکەش دەکات و ئەم زانیارییانەى پێ داین تا ئێمەیش بیبەخشین بە هاووڵاتیان و ئاگادارى ئەم پڕۆژە گرنگە بن:

* ژمارە و تێچووى پێوەرى زیرەک:
پڕۆژەى بەستنى پێوه‌ری زیره‌ك لە كۆتایی ساڵى ٢٠١٧ى زایینى بڕیارى لەسەر درا و ده‌ست بە جێبەجێکردنى کرا و تا ساڵى ٢٠٢٠ى زایینى نزیکەى ٢٥٢٦١٧ هاوبەش ئەم پێوەرەیان بۆ بەسترا و دواى ئەوەش هەم پڕۆسەى بەستنى پێوەرەکە خێراتر کرا و هەمیش ڕاستەخۆ خرایە ئیش لەسەر هاوبەشەکان و ئێستا زیاتر لە ٦٦٣٦٦٥ هاوبەش پێوەرى زیرەکیان بۆ بەستراوە و بڕیار وایە تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو هاوبەشانى کارەبا پێوەرەکەیان بۆ ببەسترێت کە سەرجەم ملیۆنێک و ٤٨٠ هەزار هاوبەشن لە سەرتاسەرى کوردستان، چونکە حەفتانە شەش ڕۆژ و هەر ڕۆژەى لە بەیانییەوە تا کاتژمێر ٤ى عەسر کارى تێدا دەکرێت.
لە پێوەرى زیرەک دوو فەیس کارەبا دەبەسترێت بۆ هاوبەشان لە هەرێم کە بڕی یەکەمیان ٤٠ ئەمپێرە کە زۆرترین هاوبەش ئەم بڕەیان بۆ دەبەسترێت و بڕى دووەمیش نزیکەى ٩٠ ئەمپێرە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر ماڵێکى ئاسایی پێویستى بە ٢٥ ئه‌مپێر هەیە.
تێچووى ئەم پێوەرە زیرەکە بە بۆرد و پێوەر و وایەر و هێزى کارەوە هەمووى لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستانە کە تێچووى بەستنى پێوەرەکە بۆ هەر هاوبەشێک نزیکەى ١٠٠ دۆلارى ئەمریکى تێدەچێت کە سەرجەم دەکاتە نزیکەى ملیۆنێک و نیو دۆلار بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە و لەگەڵ بەستن و مووچەى فەرمانبەران و سیانەکردنى دەکاتە نزیک ٢٠٠ دۆلارى ئەمریکى، لە بەرامبەردا هیچ بڕە تێچوویەک نەخراوەتە سەر شانى هاووڵاتیانى کوردستان.

* سوودەکانى پێوەرى زیرەک:
پێوەرى زیرەک چەندین سوودى بۆ هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان و خودى حکومەتى هەرێم دەبێت کە هۆکارە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و باشترکردنى دۆخى کارەبا کە دەکرێت لەمانەى خوارەوەدا کورتیان بکەینەوە:
ـ ڕێژەی بەفیرۆدانی وزەی کارەبا کەم دەبێتەوە.
ـ ڕێژەی کارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتیان زیاد دەکات.
ـ بڕ و نرخى کارەباى مولیدە ئەهلییەکان، کەمتر دەبێتەوە.
ـ کەمى بەکارهێنانى موەلیدە ئەهلییەکانیش هۆکارە بۆ کەمترپیسبوونى ژینگە و کەمى ژاوەژاو.
ـ نەمانى مەترسى لەسەر سووتانى کەرەستە کارەباییەکانى هاوبەشان، چونکە كاره‌بای نیشتمانى ٢٤٠٠ ڤۆڵتیه‌یە کەچى موەلیده‌ ١٧٩ بۆ ١٨٠ ڤۆڵتیەیە و کەرەستە کارەبایی و ئەلیکترۆنییەکانیش له‌سه‌ر ڤۆڵتیەیە‌كی دیاریكراون‌ و بەم پێوەرە ئەم مەترسییە دەڕەوەێتەوە.
ـ کۆنتڕۆڵکردنى تەزووى کارەبا و نەمانى بەرز و نزمى ئەو تەزوویە کە مەترسییە لەسەر هاوبەشان.
ـ پەیدابوونەوەى متمانە بە کارەباى نیشتمانى لە لایەن هاوبەشانەوە.
ـ خوێندنەوەى پێوەرەکان لە دەرەوەى ماڵ و هەراساننەکردنیان.
ـ کەمبوونەوەى سەرپێچی لە لایەن هاوبەشانەوە.
ـ دروستبوونى دادپەروەرى لە دابەشکردنى وزەى کارەبا.
ـ ڕێگەخۆشکردن بۆ هاوبەشان تا خۆیان کۆنتڕۆڵى کارەباى ماڵەکانیان بکەن.
ـ دانانى دەزگایەکى تایبەت لە نێو ماڵەکان بۆ ئەوەى هاووڵاتى کارەبا بە کارت بە کار بهێنێت و کۆنتڕۆڵى زۆر و کەمى بەکارهێنانەکەى بکات.
ـ پسوولەی پێدانى بەهاى کارەباکە بە ڕێکوپێکى و بێ دواکەوتن و بەمەش قەرز و پارە و قورسایی لەسەر هاوبەشان کۆ نابێتەوە.

* تایبەتمەندییەکانى پێوەرى زیرەک:
١. یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانى پێوەرى زیرەک، ئەوەیە کە هاووڵاتى و هاوبەشى کارەبا ئاگادار دەکاتەوە لە زیادەڕۆیی و بارقورسى بەکارهێنانى وزەى کارەباى نیشتمانى. بۆ نمونە ئەگەر هاوبەشێکى سینگڵ فەیس بە نموونە وەربگرین کە ٤٠ ئەمپێر کارەباى هەیە و ئەگەر ئەو هاوبەشە لەو بڕە ئەمپێرە زیاتر بە کار بهێنێت، ئەوا ڕاستەوخۆ پێوەرە زیرەکەکەی نێو بۆردى دارتێلەکە بۆ ماوەى ٢٥٠ چرکە کارەبا لە هاوبەشەکە دەکوژێنێتەوە، بەمەش ئاگادارى دەکاتەوە کە بە کوژاندنەوەى کەرەستە زیادەکان بارگرانى کارەباکەی کەم بکاتەوە، بەڵام ئەگەر هاوبەشەکە گوێى نەدایێ، ئەوا دوو جارى دیکە بە هەمان شێوەیە و لە جارى سێیەم کارەباکە بۆ ماوەى زیاتر لە ١٥ خوولەک لەسەر هاوبەشەکە دەکوژێنێتەوە. هەرچەندە پێشتر ئاگادارکردنەوەکە ١٥٠ چرکە بوو بۆ جارى یەکەم و چوار جاریش ئاگادار دەکرایەوە و چوارەم جار بۆ ماوەى ٤٥ خوولەکى لەسەری دەکوژاندەوە.
٢. تایبەتمەندییەکى دیکەى پێوەرى زیرەک ئەوەیە کە تواناى كۆنتڕۆلكردن و سنوورداركردنى کارەبا لە لایەن هاوبەشانەوە هەیە.
٣. توانای خوێندنه‌وه‌ی کارەباى بەکارهێنراوى هاوبەشەکانى لە‌ هه‌ر خوولەکێ:‌ جارێك هەیە، واتە ڕۆژانە دەتوانێت ٤٨ جار وزەى بەکارهێنراوى کارەباى هاوبەشەکان بخوێنێتەوە.
٤. توانای هه‌یه‌ به كارت بکرێت و هاوبەشەکان بە پریپه‌ی وزەى کارەبا بکڕن و کۆنتڕۆڵکردنى بەکارهێنانەکەی لە ماڵەکەی خۆیان دابنێن.
٥. توانای كۆنتڕۆڵكردنی محاویله‌ی هه‌یه ‌كه‌ نەهێڵێت بسووتێت. بۆ نموونە له‌ پارێزگاى هه‌ولێر ٤٤ هه‌زار محاویله‌ هه‌یه‌ كه‌ لە ڕاستیدا به‌شی هه‌موو عێراق ده‌كات کەچى هێشتاش مەحاویلە ده‌سووتێت چونکە توانایاى ٤٠٠ کەى.ڤی ـیە و لەمە زیاتر پاڵەپەستۆیان دەکەوێتە سەر و دەسووتێن، بەڵام ئێستا پێوەرى زیرەک ئەمە کۆنتڕۆڵ دەکات و ناهێڵێت بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ تا محاویلەکە نەسووتێت.
٦. هێزى کارى زیادە ناهێڵێت، واتە نزیکەى ٧٥%ى هێزی كار كه‌ له‌ كه‌رتی كاره‌با كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و دەتوانرێت ئەم هێزە لە شوێنى دیکە و بۆ مەبەستى دیکە بەکار بهێنرێتەوە.
٧. لە ڕێگەى سیستەمى ciu ده‌توانرێت هه‌موو زانیاریی هاوبەشەکە ده‌ست بخرێت و كارتی بۆ داخڵ بكرێت.
٨. سەرپێچى ناهێڵێت. ئێستا ٨٠%ى سەرپێچییەکان لە لایەن هاوبه‌شانەوە ئەنجام دەدرێت و بە بوونى پێوەرى زیرەک ئەم سەرپێچییانە ناهێڵدرێت و ڕاستەوخۆ ئاشکرا دەکرێت و بەمەش سزا دانراوە بۆ هەر کەسێک کە سەرپێچى بکات، کە لە سەرووى ٥٠٠ هەزار دینارەوەیە.

* هاووڵاتیان بە بارگرانى حکومەت نازانن!
تا ئێستا هاووڵاتیانى کوردستان تەنیا گلەییان لەوە کردوە کە کارەباى نیشتمانییان کەمە و دۆخى کارەبا باش نییە، بەڵام زۆر بە کەمى زانیویانە بارگرانى سەر شانى حکومەت بۆ دابینکردنى ئەم بڕە کارەبایە، چەندە. بڕى خەرجى و تێچووى کارەبا ٧٥%ی لە ئەستۆی حکومەتى هەرێمى کوردستانە و تەنیا ٢٥% ی تێچووی كارەبا لە هاووڵاتییان وەردەگرێتەوە.
واتە هەر یەک كیلۆ وات بە ٧١ دینارە و حکومەت ٥٤ دیناری لەسەرە و له‌ مانگی سێشەوە كاره‌با گران بوو، چونکە بەهاى دۆلار گران بووە و ٢٠%ى هاتووەتە سەر و ئێستا حکومەتى هەرێم بە زه‌ره‌ر و‌ نیوه‌ قیمه‌ت کارەبا دەفرۆشێت.

* بانگەشەى بەلاڕێدابەرانە:
بە بەستنى پێوەرى زیرەک و بەکارخستنى لەو شوێنانەى کە بەستراوە، گلەیی و لە لایەن هەندێک میدیاوە ئەم گلەییانە بێ بەدواداچوون گەورە کرانەوە و وەک بانگەشەیەکى نەرێنى دژ بە حکومەت بەکار هێنران. بۆ نموونە دەگوترا پارەیەکى زۆر بۆ هاوبەشەکان هاتووەتەوە بێ ئەوەى بزانرێت ئەو پارەیە چییە و چۆنە.
خوێندنه‌وه‌ی كاره‌باى نیشتمانى، جاران ساڵانه‌ جارێك یا دووجار بۆ هاوبەشەکان دەکرا ئەویش ئەگەر ئەو ماڵە لە ماڵەوە بوونایە و یا چووبان بڕى تێچووى ساڵەکەیان دابوایە کە بەداخەوە زۆرێک لە هاووڵاتیان پارەکەیان نەدەدا و بەم شێوەیە کۆ دەبووەوە تا لە کاتى فرۆشتن و بەناوکردن و مامەڵەى بازرگانى بە ماڵەکە ناچار دەبوون بڕى پارەکە ساف بکەن.
پێوەرى زیرەک هەرچەندە ڕۆژانە نزیکەى ٢٤ جار دەتوانێت کارەباى بەکارهێنراوى هاوبەشەکانى بخوێنێتەوە، ڕاپۆرتى مانگانەش ڕاستەوخۆ لە وەزارەتى کارەبا دەردەهێنرێت و ئەگەر هاووڵاتى پارەکەى نەدات ئەوا کارەباکەى لەسەر دەکوژێنرێتەوە. بۆیە بە بەستنى ئەو پێوەرانە، ڕاستەوخۆ پارەى نەدراوەى ساڵانى پێشووى هاوبەشەکانیشى خوێندەوە، واتە ئەو پارەیەى کە ساڵانى پێشوو هاووڵاتى نەیداوە ئێستا پێوەرى زیرەک خوێندوویەتییەوە، بۆیە دەبێت هاووڵاتى ئەوەش بدات، بۆیە ئەم تێنەگەیشتنە هۆکار بوو بۆ ئەوەى هاووڵاتى گلەیی بکات.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری