به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی باج و ده‌رامه‌ته‌كان: باج زیاد نەکراوە بەڵکو ڕێکخراوەتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- د.كه‌مال وه‌رتی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی باج و ده‌رامه‌ته‌كان له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبەت بە فەرمانگەى میدیای و زانیارى، وردەکارى پڕۆژە و کار و بەدواداچوونەکانى خستەڕوو و باسى پڕۆسه‌ی ڕێكخستنه‌وه‌ی داهاته‌كانی ناوخۆ و سێكته‌ری باجی له كابینه‌ی نۆیه‌م کرد.
وەرتى گوتى "له كابینه‌ی نۆیه‌مه‌وه سەرەنجێکى زیاتر خرایە سەر ڕێكخستنه‌وه‌ی باج و به یه‌كێك له كاره له‌پێشینه‌كانی حكوومه‌ت دانرا و هەر ئەمەش بووە هۆى دابەزینى ئاستى خۆدزینه‌وه و سەرپێچیکردن له باج". هەندێک لە میدیاى کوردى بە دەستى ئەنقەست هەوڵى بەلاڕێدابردنى خەڵکى دا بەوەى کە گوایا حکومەتى هەرێم ڕێژەى باجى زیاد کردووە، بەڕێوەبەرى گشتیی باج و دەرامەتەکان ئەمەى ڕاست کردەوە و گوتى: هه‌ڵه تێگه‌یشتنێك هه‌یه له‌وه‌ی ده‌ڵێن له‌م كابینه‌یه‌دا ڕێژەی باج زیادی كردووە، بەڵام بە پێویستى دەزانین کە ڕوونى بکەینەوە به هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌رگرتنی باج زیادی نەکردووە و زیاد ناکات، چونكه به گوێره‌ی مادده‌ی ٢٨ی ده‌ستووری عێراقى فیدراڵ، باج به یاسا ڕێك ده‌خرێت، بۆیه هه‌مواركردن و لێخۆشبوو‌ن و سه‌پاندنیشی هەر به یاسا ده‌بێت و ئێمه ناتوانین ڕێژەكانی باج زیاد بكه‌ین، ئه‌وه‌ی ئێمه كردوومانه ته‌نها چه‌ند میكانیزمێك بووه بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی، چونكه ئامانجی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه نییه باری سه‌رشانی هاووڵاتیان قورس بكات به پێچه‌وانه‌وه ده‌مانه‌وێت ڕێگری له سه‌رپێچییه‌كانی سێكته‌ری باج بكه‌ین".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی جیاوازی له وه‌رگرتنی باج ده‌كرێت یاخود هه‌ندێ كۆمپانیا و لایه‌ن لێخۆش‌بوونیان بۆ ده‌كرێت و چاوپۆشی‌یان لێ دەکرێت لە دانى باج، د.كه‌مال وه‌رتی باسى لەوە کرد کە ئەوان بە یاوەرى وه‌زاره‌تی دارایی، به هیچ جۆرێك جیاوازی ناكه‌ن له نێوان هیچ كۆمپانیا و لایه‌نێكی باجده‌ر و هیچیان حه‌سانه‌یان نییه و به یه‌كچاو سه‌یری هه‌مووان ده‌كرێت و به گوێره‌ی یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، به‌ڵام ئەوەشى نەشاردەوە کە ئەوان ئاگادارى خۆدزینهوەى هەندێک کۆمپانیا و لایەنن له باج و تەنانەت هۆشدارى ئەوەشى دا کە ئەمە لەحاڵهتهوه بووەته دیارده و بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و دیاردهیەش پێویستی به كات و پلانی گونجاو هه‌یه، وەرتى ڕاستەوخۆ دانى نا بەوەدا کە "ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌ن و كۆمپانیایه‌ك به‌رده‌وام بوو لە خۆدزینه‌وه له دانى باج و سه‌رپێچیكردنی، ئه‌وا به‌گوێره‌ی یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن.
وەرتى لەبەرامبەر ئەو لایەن و کەسانەشدا کە باج نادەن، گوتى وەک حكوومه‌ت ڕێگر دەبن له سه‌فه‌ركردنیان یا ده‌ست به سه‌ر ماڵ و موڵكیاندا دەگرن تا ئه‌و كاته‌ی باجه‌كه‌یان دەدەن ئه‌گه‌ر نا ده‌درێنه دادگا و ئه‌وكات سزاكه‌یان توندتر ده‌بێت به‌وه‌ی دووهێنده باجیان لێوه‌رده‌گیرێت و تا ده‌گاته زیندانیكردن له شه‌ش مانگ بۆ ساڵێك.
زۆر جار پرسیاری ئه‌وه ده‌كرێت كه حكوومه‌ت چ ئامانجێكی له وه‌رگرتنی باج هه‌یه یاخود سوودمه‌ندی یه‌كه‌م له وه‌رگرتنی باج كێیە، لەم بارەوە د.كه‌مال وه‌رتی گوتى: ئامانج له وه‌رگرتنی باج دادپەروەرى كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازی چینایه‌تی له كۆمه‌ڵگه و به‌هێزكردنی ئابووری وڵاته، چونكه هه‌رێمی كوردستان به پله یه‌ك پشت به داهاتی نه‌وت ده‌به‌ستێت كه ئه‌وه‌ش باش نییه، به‌ڵام ئه‌گەر وه‌رگرتنی باج ڕێک بخرێتەوە، ئه‌وا هاووڵاتیان سوودمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بن لەمە و دابینكردنی پێداوییستییه سه‌ره‌تاییه‌كان ئاسانتر ده‌بێت و هه‌روا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش ده‌بێت، وەرتى گوتیشى "ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت وڵاتێكی به‌هێز دروست بكه‌ین پێویسته سیسته‌می باج رێك بخەینهوە، ئه‌وه‌ش به‌وه ده‌كرێت كه هاووڵاتیان ئه‌و ئیلتیزاماتهی له‌سه‌ریانه جێبه‌جێی بكه‌ن و دواتر حكوومه‌تیش له ڕێگه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌وه بۆیان بگێڕێته‌وه، به‌وه‌ش هه‌م وڵاتێكی به‌هێز و هه‌م ئابوورییه‌كی به‌هێزمان و هەم حکومەتێکى خزمەتگوزارمان ده‌بێت.
راپۆرت/ فەرمانگەی میدیا‌و زانیاری