Skip to the content

وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان: ئێمە سوورین لەسەر گەڕاندنەوەى داهاتى خاڵە سنوورییەکان بۆ خەزێنەى حکومەت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى ٢٦/٥/٢٠٢١ى زایینى، د. جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دواى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران وەڵامى پرسیارى ڕۆژنامەنووسانى دایەوە کە لێرەدا دەیانخەینەوە ڕوو:

 

ـ بۆچى بودجەى هەرێم نەهاتووەتە پەرلەمان و پەیوەندییەکان لەسەر بودجەى هەرێم لە عێراقى فیدراڵ لە چ ئاست و دۆخێکدایە؟
وتەبێژى حکومەتى هەرێم: حەفتەى ئایندە پڕۆژەى بودجەکە دەگاتە ئەنجوومەنى وەزیران و بە پێى ئەو داهاتەى کە حکومەت هەیەتى دادەڕێژرێت وەک پڕۆژە یاسا و گفتوگۆى لەسەر دەکرێت و دواتر لە چوارچێوەى پڕۆژە بۆ پەرلەمان دەنێردرێت بۆ گفتوگۆکردن و پەسەندکردنى. حکومەتى هەرێم ئامادەباشى نیشان داوە و ئەم حەفتەیەى ئایندە شاندى خۆى دەنێرێت بۆ بەغدا و هەموو داتاکانی پێشتر کە پێمان داون و ئێستاش ئامادەین پێیان بدەینەوە بۆ ئەوەى شایستەداراییەکانى خەڵکى کوردستان بدرێت.
پێشتریش حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ نووسراوی فەرمی بە ژمارە (١٦٣) رێکەوتی (١٣/٤/٢٠٢١) ئاراستەى وەزارەتى دارایی و ژمارە (١١٨٦) ڕێکەوتى (١٥/٤/٢٠٢١) ئاراستەى سەرۆکوەزیرانى عێراق و ژمارە (٨٣) ڕێکەوتى (٢/٥/٢٠٢١) ئاراستەى دیوانى چاودێرى دارایی عێراق کردووە و داوای جێبەجێکردنی یاسای بودجەی کردووە و چاوەڕێی حکومەتی فیدڕاڵی عێراقین بۆ ئەوەى وەڵاممان بداتەوە.

ـ بۆ لێبڕینى مووچە بەردەوامە تا ئێستا؟
وتەبێژى حکومەتى هەرێم: حکومەتى هەرێم ئەو داهاتەى لەبەر دەستییەتى جگە لە نەفەقاتى تەشغیلى وەک پاککردنەوەو خزمەتگوزراى و کارەبا و ئاو، هەموو بودجە و پارەکەى کە ٧٩%ـیە بۆ مووچە دەڕوات. ئەم لێبڕینە بەردەوام نابێت و ئێمەش وەک حکومەت پێمان خۆش نییە، بەڵکو بە پێى داهات دەبێت، ئەگەر لایەنە سیاسییەکانى بەشدار لە حکومەتى هەرێمى کوردستان هەموو هاوکار بن ئەوا ئەم لێبڕینەش لە ماوەیەکى دیاریکراودا نامێنێت. لۆجیک و ژیرى نییە حکومەت پارەى هەبێت و نەیدات بە هاووڵاتیان، بۆیە وەستاوەتە سەر پاڵپشتى لایەنەکان لە حکومەت.

ـ ئێستا لە دانى مووچە کێشە هەیە، ئەمە بۆ چى دەگەڕێتەوە؟
وتەبێژى حکومەتى هەرێم: ئەمە کێشەیە دەگمەنە و بڕوا ناکەم دووبارە بێتەوە، بەڵام ئەمە پڕۆسەیەکى دارایی و بانکییە و گرفتێکى گەورە نییە و نابێت لە قەبارەى خۆى گەورە بکرێتەوە، دەنا ئێمەش نیگەرانین و هەموو مووچەخۆرانى حکومەت ئاگادار دەکەینەوە کە لە کاتى خۆى هەموویان مووچەکانیان وەردەگرن.

ـ دروستکردنى ژوورى هەماهەنگى لەنێوان پێشمەرگە و هێزى عێراقى بە کوێ گەیشتووە، ئاخۆ پێشمەرگە دەگەڕێتەوە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم؟
وتەبێژى حکومەتى هەرێم: ژوورى هەماهەنگى دروست کراوە و باش دەچێتە پێشەوە، بەڵام هێشتا زووە بزانین لە ئایندە چ دەبێت و نابێت، بەڵام هەردوو لا ڕێککەوتوون شوێنە بۆشاییدارەکان پڕ بکرێنە و کێشەکە نەهێڵدرێت تا نەبێتە هۆى زیاتر گەشانەوەى داعش و هیوادارین لەگەڵ عێراق بگەینە ئاستێک وەک جارانى لێ بێتەوە.

باس لە نەناردنەوەى داهاتى پارێگاى سلێمانى دەکرێت، ئاخۆ ئەمە ڕاستە؟ بۆ حکومەت هیچ ناڵێت؟
وتەبێژى حکومەتى هەرێم: سەرەتاى دەستبەکاربوونى ئەم کابینەیە، کۆمەڵێک کێشە و گرفتمان وەک کابینەکە دیارى کرد هەر ە کۆکردنەوەى داهاتەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ خەزێنەى دەوڵەت و پێداچوونەوە بەگرێبەستەکانى نەوت و پرسى چاکسازى و ... ئێمە ئامادەباشى ئەوەمان نیشان داوە کە هەر میکانیزمێک بەسوود بێت و لە بەرژەوەندى خەڵک بێت و لە چوارچێوەى یاسا و ڕێنماییەکان بێت دەیگیردنە بەر و نەخشەڕێگە و پلانى خۆمان بۆ ئەم مەبەستە داناوە و لە پەرلەمان لە لایەن هەر سێ حزبە گەورەکەى کوردستانەوە واژووى لەسەر کراوە و پەسەند کراوە.
هەڵبەت ئەمە پرسێکى پەیوەست بە وەزارەتى داراییە لە ڕووى ژمارە و ئەرقامەکان کە باس دەکرێت لەسەر گەڕاندنەوە و نەگەڕاندەوەى داهاتى خاڵە سنوورییەکان، بەڵام ئێمە لەسەر ئەوە سوورین داهاتى خاڵە سنوورییەکان بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەى دەوڵەت و لێبڕین و یا تەمویل نەکرێتە موزایەدەى سیاسى، ئێمە لەم چوار مانگە بێ هاتنى پارەى حکومەتى عێراقى مووچەمان بەم لێبڕینەوە داوە و ئەگەر لایەنەکان هاوکار بن ئەم لێبڕینەش نامێنێت.
سەبارەت بە قسەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، هەر شتێک لە دەرەوەى بەیاننامەکانى حکومەت چ ئێمە وەک وتەبێژ و چ وەک وەزارەتەکان پەیوەندى بە ئێمەوە نییە، بەڵام ئێمە داوامان لە لایەنەکان کردووە لە چوارچێوەى یاسا و ڕێنماییەکان هاوکار بن و هیوادارین هەموو لایەک ئەمە بە جددى وەربگرن، بەڵام لە کۆتاییشدا حکومەت دەستبەستوو نابێت، چوکە ئەم داهاتانە قووتی خەڵکە. لەم چوارچێوەیەشدا وەک حکومەت لەم کابینەیە کارى باشمان کردووە هەر لە چاکسازییەوە بگرە لە ئاستى ناوخۆ وەک کارگێڕى وخزمەتگوزارى و دارایی و زیادکردنى داهات و کەمکردنەوە خەرجییەکان، بەڵام دەبێت نەفەسمان درێژ بێت بۆ ئەو پلان و نەخشەڕێگەیەى کە دامانناوە و دەبێت هەموو لا هاوکار بن و ئێمەیش بەردەوام دەبین لەسەر جێبەجێکردنى یاسا و ڕێنماییەکان.
ئەرکى حکومەت جیاوازە لە پەرلەمان، حکومەت لەم پێناوە کارى زۆرى کردووە بەڵام باسى نەکردووە. حکومەت کردەیی لەسەر ئەم پرسە کارى کردووە. لەسەر یەکخستنەوەى داهات و کەمکردنەوە خەرجى و چاکسازى کۆمەڵێک ڕاپۆرتى لیژنەى چاکسازى ناردووەتە پەرلەمان، بەڵام مەرج نییە هەموو شتێک لە ڕاگەیاندن باس بکرێت. ئێمە ڕێگە نادەین ڕێگرى لەم چاکسازییە بکرێت و ئەمە ئەرکى خۆمانە و خۆمان لەم چوارچێوەیە بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر هاووڵاتیان و پێویستمان بە موزایەدە نییە و ڕاست و دروست دەڵەین، ئێمە وەک حکومەت ئەولەویەتمان ئەوەیە مووچە لە کاتى خۆى دابەش بکرێت، ڕەنگە کێشە و گرفتى تەکنیکى و هونەرى بێتە پێشەوە لەسەر درەنگکەوتنى دابەشکردنى مووچە، ئێمە ڕاستگۆیانە لەگەڵ خەڵکى خۆمان دەدوێین، ئەمە دۆخى هەرێم و داراییە و دەشبێت هەموو لایەک هاوکار بن و پەیوەندى بە هیچ پرسێکى سیاسییەوە نییە و هەوڵى ئارامى دۆخى دەروونى هەرێمەکەمان دەدەین.

ـ ئەم ماوەیە باسى ناردنى هێز دەکرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنى دەروازە سنوورییەکان و نەهێشتنى قاچاخ، ئەمە بە مەبەستى چییە؟
وتەبێژى حکومەتى هەرێم: بەڵێ هێزێکى هاوبەش هەیە، بەڵام ئەم هێزە خۆ لە شوێنێکى ترەوە نەهێنراوە و هەر هى ئەو شوێنانەیە و کارێکى نایاساییش ناکەن، ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە، ئەم هێزانە کە خۆیان لەوێن یاساکان جێبەجێ دەکەن و ڕێگر دەبن لە قاچاخچیەتى و دەشبێت ئەم کارە بکرێت بۆ جێبەجێکردنى یاسا و ڕێنماییەکان.
ئێمە داوامان کردووە لە هەموو دەروازەکان یاسا جێبەجێ بکرێت و ڕسوومات و نرخەکان یەکانگیر بکرێت، ناردنى هێز بۆ داگیرکردنى شوێن نییە، بەڵکوۆ بۆ جێبەجێکردنى یاسا و ڕێنماییە. وەک حکومەت داوامان کردووە ئەگەر هەموو لایەنەکان هاوکار نەبن خەڵک زیان دەکات، مووچەمان لەسەر داهاتى نەوت و نانەوتییە، بۆیە دەبێت ئەو داهاتە ڕێک بخرێتەوە و بگەڕێتەوە خەزێنەى دارایی. ئێمە هەوڵمان داوەو بەردەوامین لەسەر جێبەجێکردنى یاسا و ڕێنماییەکان.

ـ مامۆستایانى وانەبێژ و گرێبەست خۆپێشاندانیان کرد لەسەر دامەزراندنیان، ئاخۆ حکومەت چى بۆ کردوون؟
وتەبێژى حکومەتى هەرێم: دۆخى دارایی هەرێمى کوردستان بە پێى پێویست نییە، واتە نە دەڵەین خراپە و نە دەڵەین باشە، بەڵام هەر کاتێک باش بوو بە ئەرکى خۆمان دەزانین هاوکارى هاووڵاتیانمان بکەین. ئێمە لەسەر بەڵێنەکانى خۆمانین و جێبەجێیان دەکەین و ئەمە لە پلانى حکومەتدایە و هەر کاتێک دۆخ گونجاو بوو دریغى لە کەسیان ناکەین.

ـ وشکەساڵى ڕووى لە ناوچەکە و هەرێمى کوردستان کردووە، ئاخۆ بەدەر لە دروستکردنى بەنداوەکان حکوەت پلانى کورتخایەنی هەیە بۆ نەهێشتنى زەرەرى وشکەساڵى؟
وتەبێژى حکومەتى هەرێم: حکومەتى هەرێمى کوردستان هەر زوو بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکى باڵاى دروست کرد و بودجەیەکیشى تایبەتیش بۆ دیارى کرد. لەگەڵ ئەوانەشدا سەبارەت بەم پرسە لەگەڵ دراوسێکان گفتوگۆى کردووە و بەردەوامە، گفتوگۆشمان لەسەر ڕووبارى سیروان کردووە و هیوادارین حکومەتى عێراقی فیدراڵیشش کار لەسەر ئەم پرسە بکات.

ـ مەترسییەکانى شەڕى پەکەکە و تورکیە لەسەر هەرێم چین؟
وتەبێژى حکومەتى هەرێم: بە هۆى شەڕى سوپاى تورکیە و پەکەکەوە زیانێکى زۆر بە هەرێم کەوتووە و خەڵکێکى زۆر ئاوارە و بێکار کەوتوون و بەمەش زیانێکى زۆر لە هەرێم دراوە. ئێمە داومان لە دەوڵەتى تورکیە و حکومەتى عێراقى فیدراڵ و لایەنکانى دیکەى شەڕەکە کردووە کە پێویستە کێشەکانى خۆیان لە دەرەوەى هەرێمى کوردستان چارەسەر بکەن و هەڵوێستى حکومەتى هەرێمیش لەم بارەوە ڕوون و دیارە کە نە دەیهەوێت خۆى بەشێک بێت لەم ململانێیە و ناشهێڵێت مافى هەرێمى کوردستان و دانیشووانى هەرێم پێشێل بکرێت.

ـ چیتان کردووە بۆ بڕینى مووچە بندیوارەکان و دوو مووچەدارە نایاساییەکان؟
وتەبێژى حکومەتى هەرێم: لە ماوەى ڕابردوو بەشێکى زۆرى بندیوارەکان و دوو مووچە و مووچە نایاساییەکانمان بڕیون و ئەوەى شایستە نەبێت دەیبڕین و بەردەوام دەبین لەسەرى و تەنانەت ئەو کەسەى کە مووچەى نایاساییان وەرگرتووە بە پێى یاسا دەیگەڕێنینەوە.

ـ حکومەتى هەرێم ڕوانگەى چییە لەسەر کێشەکانى نێوان غەزە و فەلەستین؟
وتەبێژى حکومەتى هەرێم: ئەم ناوچەیە پێویستى بە میکانیزمى دیپلۆماسى و ئاشتیانەیە، بۆیە پێمان وایە کێشەکانى نێوان ئیسرائیل و فەلەستین هەر بە ئاشتى چارەسەر دەکرێن.