Skip to the content

بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆڕۆنا حکومەتى هەرێم نزیکەى ١٠ملیار دیناری بۆ کەرتى تەندروستى تەرخان دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە پێناو بەرژەوەندیی گشتى و پاراستنى سەلامەتیى گیانى هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران ڕەزامەندى لەسەر ئەم بڕە پارانەى خوارەوە بۆ کەرتى تەندروستى دا:

یەکەم: زیادکردنى پارەى تەرخانکراو بۆ فریاگوزارى خێرا (کڕینى دەرمان و پێداویستیى پزیشکى) لە ملیارێک و نیو دینارەوە بۆ پێنج ملیار دینار بە مەبەستى بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنا.

دووەم: تەرخانکردنى چوار ملیار دینار بۆ هاندانى پزیشک و پەرەستار و کارمەندانى تەندرووستى و تاقیگەیی و ئەو فەرمانبەرانەى لە تیمەکانى بەرەنگاربوونەوەى کۆڕۆنا بەشدارن.

سێیەم: تەرخانکردنى ١٥٠ ملیۆن دینارى مانگانە بۆ هەڵمەتى هۆشیاریى تەندروستیى هاووڵاتیان بە هەموو جۆرەکانیەوە (بینراو و بیستراو و ...).

ئەم پارە تەرخانکراوانەش بە پێى هەبوونى نەختینە بۆ وەزارەتى تەندروستى بۆ ساڵى ٢٠٢٢ و لەسەر بودجەى وەزارەتى ناوبراو دەبێت تا بە پێى پێویستى و بە شێوەیەکى دادپەروەرانە، بە سەر سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە تەندروستییەکانى هەرێمى کوردستانیدا دابەش بکات.

 

حکومەتى هەرێمى کوردستان
فەرمانگەى میدیا و زانیارى
٢٠٢١/١١/١٠