Skip to the content

زیاتر لە ٤٠٠ پەناخوازى نێوان سنوورەکانى بیلاڕووس و پۆڵەندا دەگەڕێنەوە کوردستان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ کاتژمێر شەش و نیوی ئێوارە، فڕۆکەیەک لە بیلاڕووس دەگاتە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە نزیکەى ٤٣٠ کۆچبەرى عێراقى و کوردستانى هەڵگرتووە کە ماوەیەکى زۆرە لە نێوان سنوورەکانى بیلاڕووس و پۆڵەندا گیریان کردبوو.

ئەم کۆچبەرە نایاساییانەی کە بە نیاز بوون بەرەو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و لە ڕێگەی بیلاڕووس بچنە نێو سنوورەکانى پۆڵەندا و لیتوانیا تا بگەنە ئەوروپا، ژمارەیان لە سەرووى ٢٠ هەزار کەسە و زیاتر لە مانگێکیشە لە نێو سەرماى زستان گیریان خواردووە و ڕێگەی دەربازبوونیان بۆ ئەوروپا پێ نادرێت و هەر لەسەر ئەم پرسەش دونیا هاتووەتە سەر هێڵ و ئەم بێ چارەنووسییە هۆکار بوو بۆ ئەوەى کە زۆرێکیان خوازیارى گەڕانەوە بن بۆ نیشتمان.

بۆ ئەم مەبەستە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدراڵ هەوڵى چارەسەرى ئەم پرسەیان دا و لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵا لە هەردوولا پێک هێنرا. نوێنەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە لیژنەکەدا پێشنیازی ئەوەی کرد "فڕۆکەیەک بۆ ئەو کەسانە تەرخان بکرێت کە خواستی گەڕانەوەیان هەیە تا بگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق" و هەر بۆ ئەم مەبەستە دەست بە تۆمارکردنى ناوى ئەو کەسانە کرا کە خوازیارى گەڕانەوەن لەو دۆخە خراپە و تا ئێستا زیاتر لە ٤٦٠ پەناخواز ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆمار کردووە.
بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر ٦ى ئێوارە یەکەم فڕۆکەیەک لە بیلاڕووسەوە بگاتە هەولێر کە تواناى هەڵگرتنى ٤٣٠ سەرنشینى هەیە و ئەو کۆچبەرانەى کە دەیانگەڕێنێتەوە، خه‌ڵكی هه‌رێمی کوردستان و عێراقن. دواى دابەزینى پەناخوازە کوردەکان لە هەولێر، فڕۆکە بیلاڕووسییەکە دەچێتە بەغدا بۆ دابەزاندنى پەناخوازە عێراقییەکان.
بەشێکى ئەو پەناخوازانەی ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە، کێشەی پاسپۆرتیان هەیە، بەوەى کە لە سەفەرە نایاساییەکەیاندا پاسپۆرتەکانیان لەدەست داوە و بەشێکی تریشیان ڤیزاکانیان بە سەر چووە، هەر بۆیە جارێکی دیکە لەسەر فەرمانى لیژنە باڵاکەى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێراق، تیمێکی باڵیۆزخانەی عێراق لە ڕووسیا چوونەتە بیلاڕووس بۆ کارئاسانی بۆ ئەو پەناخوازانەى کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە. تیمەکە، پاسپۆرتی پەڕینەوە بۆ پەناخوازەکان دروست دەکەن و هەروەها لێخۆشبوونیش بۆ ئەو سزایانە دەردەکەن کە ڤیزاکانیان لە بیلاڕووس بە سەر چووە و داواش لە حکومەتی بیلاڕووس کراوە کە ئەو پەناخوازانە خەرجی پشکنینی کۆڕۆناش لە فڕۆکەخانەکان نەدەن.
ئەو پەناخوازانەی کە ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، لەلایەن تیمێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و چەند لایەنێکی دیکەی پەیوەندار لە حکومەتى هەرێم پێشوازییان لێدەکرێت و میدیاکانیش ڕووماڵی گەڕانەوەیان دەکەن.
ئەو پەناخوازانەى کە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، بە خۆڕایی پشکنینی ڤایرۆسی کۆڕۆنایان لە هەولێر و بەغدا بۆ دەکرێت، بڕیاریشە تیمێکی وەزارەتی تەندروستی لە فڕۆکەخانە چارەسەری هەر حاڵەتێکی نەخوازراویان بکات، چونکە چەندین ڕۆژە لەسەر سنوورەکان و لەبەردەم سەرما و سۆڵەیەکى زۆر و لە دۆخێکى نەخوازراو و ناتەندروست ماونەتەوە. هەر کۆچبەرێکیش پێویستی بە چارەسەر هەبێت، بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن دەگەیێندرێتە نەخۆشخانە و چارەسەری خێرای بۆ ئەنجام دەدرێت.