Skip to the content

سایلۆکەی کەلار ئاماده‌ی‌ وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیارانە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- گرنگیدان به‌ بەرهەمی ناوخۆیی و پەرەدان بە سێکتەری کشتوکاڵ، یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كابینه‌ی نۆیه‌م بڕیاری دروستكردنی چه‌ند سایلۆیه‌كی له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان دا بۆ ئەوەى جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی ساخكردنه‌وه‌ و به‌ بازاڕكردنی گه‌نمیان نه‌مێنێت و بتوانن گەنمى خۆیان ساخ بکەنەوە و تەنانەت چەندین بەرهەم و پێویستى دیکەى بازاڕیش پڕ بکرێتەوە کە لە گەنمەوە بەرهەم دێن.

 

سایلۆکە تەواو بووە

سەلام حەمید، سەرۆکی لیژنەی سەرپەرشتیاری دروستکردنی سایلۆی کەلار، به‌ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری راگەیاند:''ئه‌م پڕۆژە‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی بازرگانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌ر ڕووبه‌ری ٢٠ دۆنم زه‌وی دروست كراوه‌، ‌ئاسانکارییەکی زۆر بۆ جوتیارانی سنووری گەرمیان دەکات و لە ١٣ی ئەیلوولی٢٠٢١ى زایینیەوە کارەکانی تەواو بووە و ئێستا ئامادەیە بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ و بڕیار وایه‌ كۆتایی ئه‌مساڵ ڕاده‌ستی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكرێت.

 

سایلۆکە به‌ ستاندارد دروست كراوه‌

هه‌ر پڕۆژە‌یه‌ك كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت ده‌بێت بیر له‌ كوالێتی ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ بۆ دروستكردنیدا به‌كاردێت، و سەلام حەمید گوتیشی"له‌ دروستكردنی سایلۆی كه‌لار ته‌واوی ستاندارده‌كان ڕە‌چاو كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا به ‌شێوه‌یه‌ك بخرێته‌ خزمه‌تی جوتیاران كه‌ هیچ گرفتێكی نه‌بێت''.

لە درێژەی قسەکانی دا سەرۆکی لیژنەی سەرپەرشتیاری دروستکردنی سایلۆی کەلار باسى لەوە کرد کە "ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی له‌ دروستكردنی سایلۆكه‌ به ‌كارهاتوون، له‌ لایه‌ن كۆمپانیای مۆڵمێكسی ئیتالییه‌وه‌ بەرهەم هێنراون و كۆمپانیای ئه‌دمین كه‌ كۆمپانیایه‌كی خۆماڵییه‌ بەم کەرەستانە پڕۆژەکەى جێبه‌جێ کردووە‌.''

سایلۆی کەلار كه‌ بە گوژمەی ٢٠.٦ ملیار دینار دروست كراوه‌، توانای وەرگرتنى ٤٠ هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی دەڤەرى گەرمیانی هەیە و لە ١٦ کۆگای وەرگرتنی گەنم پێکهاتووە کە هەریەکەیان ٢٥٠٠ تۆن گەنمی تێدا جێگا دەبێتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا پێنج کۆگای تایبەتیش بۆ هەڵگرتنی بەرهەمە خۆراکییەکان لەگەڵى دروست کراوە، ئەمە سەرەڕاى بوونى تاقیگه‌ و قه‌پان و دوو ئامێری وه‌رگرتنی گه‌نم بۆ پشكنین له‌ جۆری فلامینگۆ و كۆگایه‌كی ئاوی ١٤٠ مەترى سێجا‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دابه‌شكردنی ئاو بۆ پڕۆژە‌كه‌.

له‌ نێو پڕۆژەکە‌دا سیسته‌مێكی ئاگركوژێنه‌وه‌ به‌ ته‌واوی كه‌لوپه‌ل و ئامێری پێویست دابینکرداوە و شه‌ش خانووی نیشته‌جێبوونیشی تێدا دروست كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ستاف و فەرمانبەرانى سایلۆکە له‌كاتی كاركردنیدا  بمێننه‌وه. بە گشتى، هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی كه‌ له‌و پڕۆژە‌یه‌دا ئه‌نجام ده‌درێن له‌ وه‌رگرتن و به‌تاڵكردنی گه‌نمی جوتیاران، لە ڕێگەی‌ سیسته‌مێكی پێشكه‌وتوو و ئه‌لیكترۆنی ئەنجام دەدرێت.

 

ڕەخساندنی هه‌لی كار

سەرۆکی لیژنەی سەرپەرشتیاری دروستکردنی سایلۆی کەلار، سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌م پڕۆژە‌یه‌دا كاریان كردووه‌، باسى لەوە کرد "‌هەر لە سه‌ره‌تای كاركردن له‌ پڕۆژەکە تا ته‌واوبوونیشی، به‌ به‌رده‌وامیی ١٥٠ بۆ ١٨٠ كه‌س كاریان تێدا كردووه‌. لەمەولاش و بە وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران، ٦٠ هه‌لی كاری به‌رده‌وام بۆ هاووڵاتیانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ ده‌ڕەخسێت".

بۆ ئەوەى بتوانرێت بە بەردەوامى کارى تێدا بکرێت و هەموو دەم و ساتێک لە خزمەت هاووڵاتیاندا بێت، سایلۆکە به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ تۆڕی كاره‌بای نیشتیمانی  ٣٣ كه‌یڤی و هیچ كێشه‌یه‌كی كاره‌بای نابێت بۆ ئەوەى بتوانێت‌ له‌ یه‌ك كاتدا هه‌م گه‌نمى جوتیاران وه‌ربگرێت و هه‌میش دابه‌شی بكات.

 

پڕۆژە‌ی سایلۆی کەلار پاڵنەرێکی سەرەکیی جوتیاران دەبێت بۆ ئەوەی پڕۆژە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان بەرزتر بکەنەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی پلانی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران، پاڵپشتیی تەواویان دەکات.

 

بۆ بینینى ڤیدیۆکە کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە پشتبەستن بە بەرھەمی خۆراکی ناوخۆیی، پەرە بە سێکتەری کشتوکاڵ دەدات - YouTube

 

حکومەتى هەرێى کوردستان

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١