Skip to the content

وتەبێژى حکومەتى هەرێم : کابینەى نۆیەم هەموو ئاسانکارییەکى کردووە بۆ بوارى کارسازى و دابینکردنى هەلى کار بۆ گەنجان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی دووشەممە لە هەولێرى پایتەخت و بە ئامادەبوونى وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان، دیدارى هەفتەى جیهانى کارسازی  ( Global Entrepreneurship Week ) بەڕێوەچوو کە لە ڕێکەوتى ٨ تا ٢٠٢١/١١/١٤ى زایینى درێژەى دەبێت و تایبه‌ته‌ به‌ كارسازی گه‌نجان و ئەمە دووه‌م ساڵه‌ له‌ هه‌ولێر ساز ده‌كرێت، بە ئامانجی ڕە‌خساندنی هه‌لی كاری زیاتره‌ بۆ گه‌نجان و نیشاندانى پشتیوانییەکانى حكومه‌تى هەرێم لە پڕۆژەکانى ڕابردووى و ئایندە کە دەبنە هۆکار بۆ ڕەخساندنى هەلى کارى زیاتر.

لە دەستپێکى دیدارەکەدا، د.جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان وتارێکى پێشکەش کرد و تیایدا دەستخۆشى لە ڕێکخەرانى ئەم دیدارە کرد و بە دەستپێشخەرییەکى بوێرانەى لەقەڵەم دا، چونکە پێى وابوو کە "خاوەن کارساز بە شێوەیەکى جیاواز لە خەڵکى دیکە بیر دەکەنەوە، بۆیە کارسازان بیرمەند و داهێنەرن و کاریگەریى ئەرێنییان لە کۆمەڵگە و دونیا هەیە و بیر لە دۆزینەوە چارەسەر دەکەنەوە نە تەنیا چارەسەرى کێشە و دیاریکردنى لایەنە نیگەتیڤەکان. کارسازی، یەکێکە لە پرسە هەرە گرنگ و هەستیارەکان لە ئاستى هەموو دونیا چونکە بە دواى چاسەر دەگەرێت بۆ ئەو گرفتانەى کە ڕوو لە دونیا دەکەن. جگە لەوەش کاریگەرییان لە دروستکردنى سەرکردەى داهاتوو هەیە و هەروەها کارسازى ڕۆڵى هەیە لە بەرەوپێشبردنى کۆمەڵگە چ لە ڕێگەى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى و یا پێشکەشکردنى شتوومەک و یا ڕەخساندنى هەلى کار".
وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان کارسازى بە ماناى گۆڕانکارى و هێنانەدی بیرۆکەى نوێ لەقەڵەم دا کە پراکتیککردنى مومکین بێت، "بۆیە کارسازى هەوڵى ئەوە دەدات ژیانى خەڵک بۆ دۆخێکى باشتر بگۆڕیت. لە بازاڕى ئێمە و لەم ناوچەیە گرفت و ئالێنگراییەکان زۆرن، بەڵام ڕاستییەک هەیە ئەویش ئەوەیە کە کارسازى کرۆکى پێشکەوتن و گەشەسەندى وڵاتە و پێویستە هەموو جۆرێک و هەموو لایەک کەڵکى لێ وەربگرین و ژینگەیەکى بۆ فەراهەم بکەین".
د.جوتیار عادل باسى کارنامەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەتایبەت سەرۆک وەزیران کرد کە "هەر لە سەرەتاوە بە بڕوایەکى تەواوەوە پاڵپشتى خۆى بۆ پڕۆژەى بچووک و دەستپێشخەر ڕاگەیاند و لە سۆنگەى بڕوابوونى بە ڕۆڵەکانى ئەم نیشتمانە پشتیوانى خۆى بۆ پڕۆژەکانى کارسازى ڕاگەیاندووە، چونکە ئەم پڕۆژانە هۆکارن بۆ گەشەسەندنى ئابوورى وڵات و دابینکردنى هەلى کار بۆ گەنجانمان، بۆیە حکومەت پلانى هەیە یاساى موڵکیەى فکریى گشتگیر ئامادە بکات و یاساى وەبەرهێنان هەموار بکات کە لەم نزیکانە دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنى وەزیران".
لە کۆتایی وتارەکەیدا دکتۆر جوتیار عادل گوتى "کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەم مەبەستە فەراهەم دەکات لە پێناو مسۆگەرکردن و سەرکەوتنى ئەم پڕۆژانە و ئەم هەنگاوە دەستپێکێکى باشە و هانمان دەدات بۆ ئەم کارە ئامادەباشى زیاتر بکەین".
پاشان دەست بە پانێلى یەکەمى دیدارى حەوتووى جیهانى کارسازى کرا و لە پانێلەکەشدا هاوبەش لەگەڵ سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى حکومەت، وتەبێژى حکومەتیش پرسیارى لەمەڕ هەنگاوە جددیەکانى کابینەى نۆیەم لە دروستکردنى فەزاى گونجاو بۆ کارسازى لێ کرا و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامى دایەوە:
ئێمە لە کابینەى نۆیەمى حکومەت لە چەند ڕووانگەیەکەوە باسى ئەم بابەتەمان کردووە، چونکە نامانەوێت وەک هەرێمێک تەنیا پشت بە نەوت ببەستێن، بۆیە کابینە و سەرۆک وەزیران بەردەوام پێداگرییان لەسەر پەرەدان بە بوارەکانى ترى وەک کشتوکاڵ و پیشەسازى کردووەتەوە، بەڵام ئەمەش پێویستى بە کار و کاتى زیاتر هەیە و بۆ ئەمەش پلانمان هەبوو، بەڵام بەداخەوە لە دوو ساڵى ڕابردوو کۆڕۆنا پلانەکەمانى دواخست.
د.جوتیار عادل لەسەر کارکردنى ڕاستەوخۆى حکومەتى هەرێم بەم بوارە گوتى:
ئەگەر ڕاستگۆ بم لەگەڵتان، لە بوارى کارسازى کێشە و ئالینگارى هەبووە و هەن و بۆ پراکتیزەکردنیشى لەمپەر هەن، بۆیە بەبازاڕکردن و خۆشکردنى فەزا بۆ ئێمە زۆر گرنگە. ئێمە لە فەرمانگەى میدیا و زانیارى مانگێک بەر لە ئێستا ئیڤێنتێکمان ساز دا بۆ خانمانى خاوەن پڕۆژە بۆ ئەوەى وەک حکومەت پشتیوانیان لێ بکەین، یەکێک لەو گرفتانەى کە هەیانبوو ئەوە بوو کە وەک کۆمپانیاى گەورە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، بۆیە ئێمە بیرمان کردەوە کە پێویستە پێداچوونەوە بە ڕێنمایی و یاساکانى بوارى کۆمپانیاکان و ئەم بوارى کارسازییە بکرێت تا ڕسوومات و باجى گەورەیان لەسەر نەسەپێت و بە چاوى کۆمپانیاى گەورە سەیر نەکرێن تا ئەو بیرکۆانە نما و گەشە بکەن.
د.جوتیار عادل وەک دەستکەوتى کابینەى نۆیەم باسى لەوەش کرد کە ئەوان لەم کابینەیە لە سۆنگەى ئەوەى کە تەنیا نەوت نەبێتە سەرچاوەى وزە نەبێت، کارى جددیان لە هەردوو بوارى پیشەسازى و کشتوکاڵ کردووە بۆ ئەوەى کوردستان بگات بە ئاسایشى خۆراکى خۆى و گوتیشى: ئێستا سێ سایلۆى گەورەمان دامەزراندووە تا ببێتە جێگرەوەى ئەو ئاردەی کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت و ئەم پرسەش تەنیا پرسێکى ئابوورى نییە بەڵکو سیاسییە و نامانەوێت تەنیا پشت بە نەوت ببەستین و کارکردن لە بوارەکانى کشتوکاڵ و پیشەسازى داهاتوویەکى گەشتر بە خەڵکى ئێمە دەبخشێت و لەم ڕووەوە گەشبینین کە بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتى تایبەت و پشتیوانى هاووڵاتیانمان کارى جددى لە هەموو بوارەکان بکەین.
بۆ ئەم مەبەستەش وتەبێژى حکومەت باسى لەوە کرد کە کاریان لەسەر گونجاندنى فەزا کردووە و کێشەکانیان دیارى کردووە کە هەندێکى یاساییە و هەندێکى ترى پەیوەستە بە پرسى دارایی و کارگێڕی و گوتى: لەم بوارانە دەستمان بە چاکسازى کردووە، بەڵام وەک وتم ئاسان نییە و ئالێنگاریمان لەپێشە بەڵام ئەمە هەم کاتى دەوێت و هەمیش کارکردنى بەردەوام. بۆ ئێستا دوو یاسا گرنگن کە لەم بوارەدا وەک حکومەت خەریکین کاریان لەسەر دەکەین کە لە بوارى کارسازى زۆر گرنگن و ئەگەر بیانکەین وەک دەستکەوت سەیر دەکرێن کە ئەوانیش بریتین لە:
یەکەم: یاساى موڵکیەى فکرى لە هەموو بوارەکان
دووەم: هەموارکردنى یاساى وەبەرهێنان
هەروەها کاریش لەسەر یاساى کۆمپانیاکان دەکەین و هەمواریان دەکەینەوە لە قازانجى هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان و ئێستا تۆمارکردنى کۆمپانیاکان لە ٤٨ کاتژمێر تەواو دەبێت و سیستەمەکەیمان کردووەتە ئەلیکترۆنى کە ئەمەش دەستکەوتێکى گەورە و جیاواز بوو لە جاران کە هەم کات و هەم تێچووى زیاترى دەویست.