Skip to the content

حکومەتی هەرێمی کوردستان: داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ تەواوی عێراق

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- شەوی ڕابردوو تیرۆرستانی داعش لە ناوچەى زوڕگەزراو لە سنووری میحوەری کەرکووک، هێرشێکی ترسنۆکانەیان کردە سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە داخەوە دوو پێشمەرگەی قارەمان بە ناوەکانی خالید حەمید هەیاس و ئاکۆ کەریم قادر شەهید بوون.

لێرەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هەردوو شەهید دەکەین و لە خوای مەزن داواکارین سەبووریان بدات.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەلماندویەتی تاکە هێزی متمانە پێکراو و پارێزەری دانیشتوانی ئەم ناوچانەیە و ئەو ھێزەیە کە لە ھەر جێگایەکدا بێت ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش ناتوانێت تێیدا بمێنێتەوە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لە گرنگی و پێویستی زیاتری هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.

هێرشە بەردەوامەکانی تیرۆرستانی داعش لەو ناوچانەش دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە هێشتا ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە ھەڕەشەیە لەسەر تەواوی عێراق و پێویستە هەموولایەکمان کار بکەین بۆ ڕیشەکێش کردن و کۆتاییهێنان بەو هەڕەشەیە.


د جوتیار عادل
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١