دەست بە دروستکردنەوەى گەورهترین به‌نداوى پارێزگاى هەولێر کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- یه‌كێك له كاره له پێشینه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گرنگیدانیه‌تی به سه‌رچاوه‌كانی ئاو و سوودوهرگرتنە له‌و سه‌رچاوانه ئه‌ویش له ڕێگه‌ی دروستكردنی به‌نداو كه به پرۆژەی یه‌كجار گرنگ و ستراتیژی هه‌رێمی كوردستان داده‌نرێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی له چه‌ند ڕووێكه‌وه ده‌توانرێت سوود و مفای لێ وه‌ربگیردرێت، بۆیه به‌رنامه و پلانی گونجاو دانراوە بۆ دروستكردنی چه‌ند به‌نداوێك کە یه‌كێك له‌و به‌نداوانه‌ش "به‌نداوی گۆمه‌سپان"ـه كه ده‌كه‌وێته پارێزگاى هه‌ولێر.
٢٢%ى كاره‌كانی ته‌واو بووه
پرۆژەی به‌نداوی گۆمه‌سپان كه له لایه‌ن هه‌ردوو كۆمپانیای "سێنكی خۆماڵی" و "ئهتاكی توركی"ـیه‌وه دروست ده‌كرێت، ده‌كه‌وێته ٣٥ كیلۆمەتری باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری هه‌ولێر و له ڕێكه‌وتی ١/١٠/٢٠٢١ى زایینى و له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌ست بە جێبەجێکردنى کرا کە پێشتر کارەکانى ڕاگیرا بوو و تا ئێستا ٢٢%ى كاره‌كانی بەم شێوەیەى خوارەوە ته‌واو بووه:
یەکەم: كاره‌كانی لاشه‌ی به‌نداو ـ Dam Body، ١٠% ته‌واو بووه.
دووەم: گه‌له‌ری گوێزه‌ره‌وه‌ی ئاوەکەى، ٩٠% ته‌واو بووه.
سێیەم: دروستكردنی ڕێگاى هاتوچۆکردن لەسەرى، ٩٥% ته‌واو بووه.
چوارەم: سیسته‌می ئاو و چاكسازیی بۆ خانووه‌كانی به‌نداوەکە له گوندی حاجی ئه‌حمه‌د لەگەڵ ٩ خانوو ته‌واو بووه.
لە ڕووى تایبەتمەندییەوە یه‌كه‌م به‌نداوه له عێراق
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ قۆناغی ئێستا ١٠ ملیار دیناری له كۆی ١٠٢ ملیار دینار گوژمەى گشتیی ئه‌م پرۆژەیه دابین کردووە و بڕیار وایه له ساڵی ٢٠٢٤ ئەو به‌نداوه ته‌واو ببێت.
سه‌باره‌ت به پێكهاته و چۆنیه‌تی دروستكردنی به‌نداوی گۆمه‌سپان، ئه‌ندازیار ئاكۆ زاهیر حه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژە تایبه‌ت به فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری گوتی: ئه‌م به‌نداوه به یه‌كه‌م به‌نداوی له‌م شێوه‌یه داده‌نرێت له‌سه‌ر ئاستی عێراق، چونكه ئه‌م به‌نداوه به شێوه‌ی كۆنكرێتی RCC دروست ده‌كرێت كه تیایدا به‌ردی گه‌وره به كار دێت كه ده‌بێته هۆکار بۆ پته‌وكردنی به‌نداوه‌كه و تێچووی دروستكردنیشی كه‌متر ده‌كاته‌وه و تا ئێستا به‌نداوی به‌م شێوه‌یه له عێراق دروست نه‌كراوه.
به‌نداوی گۆمه‌سپان به‌رزییه‌كه‌ی ٧٠ مه‌تره و توانای گلدانه‌وه‌ی ٨٠ ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه، درێژی بهنداوهكەش له سه‌ره‌وه ٥١٢ مه‌تره و له خواره‌وه‌ش ١٤٠ مه‌تره، پانییەکەشى له سه‌ره‌وه ١٠ مه‌تره و له خواره‌وه‌ش ده‌بێته ٧٠ مه‌تر و دهریچهیهكیشی هه‌یه كه تیره‌كه‌ی ٢ مه‌تره بۆ به‌ردانه‌وه‌ی ئاو به كار دێت له كاتی پێویستدا و له كاتی زۆربوونی ئاو و سه‌رڕێژ بوونیدا ئاوه‌كه ده‌چێته بهستۆڕە و له‌وێشه‌وه دەڕژێتەوە نێو سه‌نحاریب و زێی گه‌وره.
١٤ هەزار دۆنم زەوی بەراو دەکات
یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی دروستكردنی به‌نداوی گۆمه‌سپان، به‌راوكردنی زه‌وییه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌یه، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌ندازیار ئاكۆ زاهیر حه‌مه‌د گوتی: به ته‌واوبوونی ئه‌م پرۆژەیه ڕووبه‌ری ١٤٥٧٠ دۆنم زه‌وی به‌راو ده‌كات و ڕووبه‌ری ئه‌و زه‌وییه‌ی ژێر ئاوەکەش ده‌كه‌وێت ٢٢٥٢ دۆنم زه‌وییه. بۆ قهرهبووكردنهوەش، تا ئێستا ١٣٢ دۆنمى ڕێوشوێنه یاساییەكانیان ته‌واو بووه و ته‌نها ماوەتەوە بكرێته پاره و بهشەکەى تریشى لە قۆناغی ڕووپێویی و كوژانهوهدایە.
سوود و گرنگی به‌نداوەکە
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر ڕژده له‌سه‌ر جێبەجێکردن و زوو تەواوکردنى ئەم بەنداوە، چونکە بە دروستكردن و ته‌واوبوونی بهنداوهکە له چه‌ندین ڕووه‌وه بایه‌خ و سوودی لێ ده‌كه‌وێته‌وه وه‌كو گلدانه‌وه‌ی ٨٠ ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو، و بووژانەوەى کەرتى گه‌شتیاری ناوچەکە و برەودان بە بواری سامانی ماسی و هەروەها به‌رهه‌مهێنانی ٧.٨٣ گێگا كاره‌بای ساڵانه كه ته‌نها بۆ به‌نداوه‌كه به كار دێته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ئه‌م به‌نداوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ٤٠٠ مه‌تر له هه‌ولێر بەرزترە بۆیه وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی دابینكردنی ئاوی پاكیش داده‌نرێت بۆ شارەکە.
شایەنى باسە سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئاوی ئه‌م به‌نداوه ته‌نها باران و كانی و ڕووباره وه‌رزییه‌كانی ئه‌م ناوچهیهیە، به گشتیی بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو له‌م به‌نداوه‌دا سوود له ڕووبه‌ری ١٣٢.٥ كیلۆمەترى چوارگۆشه زه‌وی ئه‌م ناوچه‌یه وه‌رده‌گیرێت، واتا له‌م ڕووبه‌ره زه‌وییه‌وه ئاو بۆ ئه‌م به‌نداوه دێت، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه مه‌ترسی وشكه ساڵی له‌م ناوچه‌یه ناهێڵێت.
جێی ئاماژەیه به‌نداوی گۆمه‌سپان گه‌وره‌ترین به‌نداوی سنووری شاری هه‌ولێره کە ئێستا ڕۆژانه نزیكه‌ی ٣٠ ئامێر كار له‌م به‌نداوه‌دا ده‌كه‌ن و له ئایندەشدا و ٣٠٠ فەرمانبەر و کرێکار و ئەندازیار کارى تێدا دەکەن کە ٦٠%ـیان خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانن.
بۆ بینینى ڤیدیۆى پرۆژەکە کلیک لەسە ئەم لینکەى خوارەوە بکە:
بەنداوی گۆمەسپان، گۆڕانکاری گەورە لە ژینگە و سامانی ئاو، بەدیدەھێنێت - YouTube
حکومەتى هەرێمى کوردستان
فەرمانگەى میدیا‌و زانیارى