سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: خاڵى جیاکەرەوەى ئەم کابینەیە کارکردنە لەسەر پرسى چاكسازی و ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- د. ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی لە گفتوگۆیەکى تایبەتى فەرمانگەى میدیا و زانیارى، باسى کار و چالاکییەکانى دەستەى دەستپاکى و پڕۆسەى چاکسازى و ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى کرد لە هەرێمى کوردستان و ڕۆڵى کابینەى نۆیەمى لەم چوارچێوەیەدا گرنگ و ئەرێنى و ئامانجدار هەژمار کرد.
ـ گرینگ‌ترین كار و چالاكییه‌كانی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی له كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چ بووه؟
ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی لە کاتى دروستبیوونیەوە له ساڵی ٢٠١٤، كار و چالاكییه‌كانی به پێی یاسا ڕێكخراوه بۆ دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی كه به سێ میكانیزم ئه‌نجام ده‌درێت:
یەکەم: له ڕێگه‌ی هۆشیاركردنه‌وه و په‌ره‌پێدانه له كه‌رتی یاسا و خۆشویستنی موڵكی گشتی كه فه‌رمانگه‌ی شه‌فافییه‌ت و خۆپارێزی پێی هه‌ڵده‌ستێت.
دووه‌م: لە ڕێگەی خۆپارێزی لە ڕێگەى ڕێنماییه‌كانی تایبه‌ت به ئاشكراكردنی سه‌روه‌ت و سامانی به‌رپرسانی باڵا و چاودێریكردنیان كه به پێی یاسا دیاری كراوه.
سێیه‌م: لێكۆڵینه‌وه له كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی
له ڕووی یاساییه‌وه ئێمه وه‌ك ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی، چاودێریی داموده‌زگه فه‌ر‌مییه‌كانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ده‌كه‌ین، بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌یان و به‌دواداچوونی كه‌موكوڕییه‌كانیان و ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه كه پاشان تیمی تایبه‌تی ده‌ستپاكی ڕێنمایی پێویست به هه‌ر داموده‌زگه‌یه‌ك ده‌دات كه كه‌موكوڕی تێدایه.
لە میكانیزمی سێیه‌م و لێكۆڵینه‌وه له كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی كه له لایه‌ن ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه‌وه زۆرترین ڕۆشنایی ده‌خرێته سه‌ر، ئێمه له ڕێگه‌ی ژماره‌یه‌ك هێڵی گه‌رمی تایبه‌ت به‌و بواره و ئیمه‌یلی تایبه‌ت زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسانه وه‌رده‌گرین كه له داموده‌زگه‌كانی حكومه‌ته‌وه پێمان ده‌گات، دواتر ده‌ست به كۆكردنه‌وه و تۆماركردنیان ده‌كرێت و ساڵانه‌یش كۆمه‌ڵێك كه‌یس ده‌چێته دادگا‌كان، بۆ نموونه ئه‌م ساڵ و له شه‌ش مانگی یه‌كه‌مدا له هه‌رسێ پارێزگای هه‌ولێر، دهۆك و سلێمانی له سه‌رووی ٥٠ كه‌یس له لایه‌ن ئێمه‌وه ڕە‌وانه‌ی دادگا‌كان كراوه، چونكه ئێمه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌مان له هه‌رسێ پارێزگاكه هه‌یه و له ٩ی كانوونی یه‌كه‌می هه‌موو ساڵێك کە ڕۆژى جیهانى دژە گەندەڵییە، داتاكان ڕاده‌گه‌یێنین. ڕوونه كه ساڵ دوای ساڵ كار و چالاكییه‌كان پێشكه‌وتنی باشیان به خۆوه بینیوه، هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ران و لێكۆڵیارانی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی، شاره‌زایه‌تی و توانای زیاتر به‌ده‌ست دێنن، له هه‌مان كاتدا ساڵانه كار و چالاكی زیاتر دێته پێش، له به‌رانبه‌ردا كوالێتی كاره‌كانی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی به‌رزتر ده‌بێته‌وه و هه‌وڵی به‌رده‌وامیشمان بۆ سه‌پاندنی پره‌نسیپی سه‌روه‌ری یاسایه له كاره‌كانمان. خاڵێك كه ده‌مه‌وێ سه‌رنجی بخه‌مه سه‌ر ئه‌وه‌یه كه زۆرجار ئێمه له لایه‌ن ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه‌وه ڕەخنه‌مان ئاڕاسته ده‌كرێت و گله‌ییمان لێ ده‌كرێت به‌هۆی بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی ناوه‌رۆك و ئه‌نجامی كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی، به‌ڵام دیاره ئێمه له پێناو پاراستنی سه‌روه‌ری یاسا له قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌كردن له كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی هیچ زانیارییه‌ك بڵاو ناكه‌ینه‌وه، چونكه به پێی یاسا تۆمه‌تبار بێتاوانه تا تاوانه‌كه‌ی له‌سه‌ر ساغ ده‌بێته‌وه. ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق سه‌باره‌ت به چالاكییه‌كانی، ڕاسته‌وخۆ زانیاری له باره‌ی ده‌ستگیركردن یا دادگاییكردنی تۆمه‌تبارێك له ماڵپه‌ڕە‌كه‌یان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام ئێمه به پێچه‌وانه‌وه ته‌نها تۆمه‌تبار ڕە‌وانه‌ی به‌رده‌م دادگا ده‌كه‌ین و دوای ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه ئینجا زانیارییه‌ك لای خۆمان تۆمار ده‌كه‌ین و پاشان بڵاویان ده‌كه‌ینه‌وه، ده‌كرێ فه‌رمانی گرتن یان ڕە‌وانه‌كردنی تۆمه‌تبار بۆ به‌رده‌م دادگه سه‌ره‌تای لێكۆڵینه‌وه بێ له‌گه‌ڵ تۆمه‌تبار، كه ڕە‌نگه پاشان تۆمه‌ته‌كه‌ی له‌سه‌ر ساغ بێته‌وه یانیش بێ‌تاوان ده‌ربچێت.
ـ له كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان فۆكه‌سی زیاتر خراوه‌ته سه‌ر پڕۆسه‌ی چاكسازی، كه باس له چاكسازیش ده‌كرێت بابه‌تی گه‌نده‌ڵی دێته پێش، ئێوه وه‌ك ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی له‌م بواره‌دا چیتان كردووه؟
د. ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: خاڵێك كه كابینه‌ی نۆیه‌م له كابینه‌كانی تری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جیا ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌یه كه سه‌رجه‌م به‌رنامه‌كانی له‌سه‌ر چاكسازی داناوه، واته دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران به‌یاننامه‌ی خۆی خوێنده‌وه و دواتر كابینه‌كه‌ی له لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه متمانه‌ی پێ درا، سه‌رجه‌م به‌رنامه‌كانی له سێكته‌ره جیاوازه‌كان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی چاكسازی جێگیر كرد، كه هه‌ر ئه‌وه وا ده‌كات ئه‌م حكومه‌ته له حكومه‌ته‌كانی تر جیا بكاته‌وه، ئه‌وه بوو پاشان كار كرا بۆ گێڕانه‌وه‌ی یاسای چاكسازی بۆ په‌رله‌مان كه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گفتوگۆی له‌سه‌ر كرد و ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و دیوانی چاودێریی دارایی‌ش تێیدا به‌شدار بوون و دواتر چووه په‌رله‌مان، له كۆتاییدا یه‌كه‌م كار بۆ به‌كرده‌نیكردنی پڕۆسه‌ی چاكسازی ده‌رچوونی یاساكه بوو له په‌رله‌مان كه لە مانگی ته‌ممووزی ٢٠٢٠ـەوە چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردن، ئه‌مه‌یش وه‌ك ده‌ستكه‌وت بۆ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ژمار ده‌كرێت، ئێستا هه‌ست به ویست و ئیراده‌یه‌كی به‌هێزی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆسه‌كه به گوڕوتینى زایتره‌وه. ڕوونه پڕۆسه‌ی چاكسازی یه‌كێك له كۆڵه‌گه‌كانی بریتییه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه و دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی، ئێمه هه‌وڵمان داوه له‌م پڕۆسەیه‌دا كار و چالاكییه‌كانمان له‌گه‌ل ناوه‌ڕۆكی پڕۆسەكه هاوته‌ریب بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش تیمه‌كانی ئێمه به‌رده‌وام هه‌وڵیان داوه هاوكاری پڕۆسه‌كه بن له چاودێریكردنی داموده‌زگه‌كان، چونكه یاساكه ئه‌و ئه‌ركه‌ی خستووه‌ته ئه‌ستۆی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و دیوانی چاودێری بۆ به‌دواداچوونی جێبه‌جێكردنی یاساكه، ئێمه له ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندی به‌رده‌واممان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی باڵای چاكسازی هه‌یه. ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی لێكۆڵیارانی ئێمه له ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ده‌ینووسنه‌وه و به‌رزی ده‌كه‌نه‌وه له هه‌نگاوی یه‌كه‌م بۆ سكرتاریه‌تی لیژنه‌ی باڵای چاكسازی ده‌نێردرێت، پاشان ڕە‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كرێت، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه هه‌م له پڕۆسەی دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی بۆ نموونه له‌م كابینه‌یه كۆمه‌ڵێك كه‌یسمان له لایه‌ن خودی وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه بۆ نموونه وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆ هاتووه، كه ئه‌مه پێم وایه ئاستێكی باشی هه‌ماهه‌نگییه له نێوان لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان، به تایبه‌ت له لایه‌ن ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و داموده‌زگاكانی دیكه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه كه‌شێكی ئه‌رێنی دروست بووه و به‌رده‌وامیش ده‌بین له زیاتركردنی هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانمان و گه‌شبینین به به‌ره‌وپێشچوونی پڕۆسه‌كه به ئاراسته‌یه‌كی باشتر تا كۆتایی ته‌مه‌نی ئه‌م كابینه‌یه.
ـ زۆرترین ئه‌و كه‌یسانه‌ی دێته به‌رده‌ستتان و پاش یه‌كلاییكردنه‌وه‌یان ئه‌گه‌ر داتایه‌ك هه‌بێت چه‌نده كه‌یس دراوه‌ته دادگا؟
د. ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: سه‌باره‌ت به كار و چالاكییه‌كانی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی له كابینه‌ی نۆیه‌م وه‌ك پێشتر ئاماژە‌م پێ كرد تا نیوه‌ی یه‌كه‌می ئه‌م ساڵ ٥٠ كه‌یس ڕە‌وانه‌ی دادگا‌كان كراون، به‌ڵام تا كۆتایی ئه‌م ساڵ ئینجا ڕوون ده‌بێته‌وه كۆی گشتی ئه‌و كه‌یسانه‌ی ڕە‌وانه‌ی دادگا ده‌كرێن چه‌ندن. به‌ڵام تایبه‌ت به ساڵانی ڕابردوو به دڵنیاییه‌وه سه‌دان كه‌یس دراونه‌ته دادگا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئێمه له ئێستادا بۆ ڕاپۆرتی ئه‌مساڵ سه‌رقاڵین پارێزگا به پارێزگا هه‌موو ئه‌و كه‌یسانه‌ی كه دروانه‌ته دادگا‌كان و ئه‌وانه‌یشی كه له قۆناغی دادگا یه‌كلایی كراونه‌ته‌وه و ئه‌وانه‌یش كه هێشتا له قۆناغی دادگاییكردندان ئه‌ژماریان بكه‌ین و داتایان له‌سه‌ر كۆ بكه‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر به ویست و خواستی ئێمه بێ، ئێمه ده‌مانه‌وێ ژماره‌ی كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی زیاتر بكه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌راورد به پێش ئێمه ته‌ماشا بكرێت، ژماره‌ی كه‌یسه‌كان زۆرتر بووه، بۆ نموونه پێشبینی ده‌كه‌م كه تا كۆتایی ئه‌م ساڵ ژماره‌ی كه‌یسه‌كانی ئه‌مساڵ بگاته ١٠٠ كه‌یس، به‌ڵام به گشتی كێشه‌یه‌ك له دادگا‌كان هه‌یه ئه‌ویش یه‌كلایینه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌یسانه‌یه به شێوه‌یه‌كی خێرا، چونكه ئه‌گه‌ر به خێرایی یه‌كلایی بكرێنه‌وه ئه‌و كات گۆڕانكارییه‌كی باش دروست ده‌بێت له دژایه‌تیكردن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ده‌بێته پاڵپشت بۆ سه‌رجه‌می پڕۆسەی چاكسازی، كه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری په‌یوه‌ندیمان هه‌یه بۆ دامه‌زراندنی دادگایه‌كی تایبه‌ت به پرسه‌كانی گه‌نده‌ڵی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش بڕیارێك له ئه‌نجوومه‌نه‌كه ده‌رچووه، به‌ڵام تا ئێستا نه‌چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردن كه هیواخوازین دوای كۆتاییهاتنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بڕیاره‌كه بكه‌وێته بواری جێبه‌جێكردن.
ـ تا چه‌نده گرینگه هه‌ماهه‌نگی له نێوان ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت و گیانی هاریكاری له‌م بواره‌دا له نێوانیادا هه‌بێت؟
د. ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: ئاشكرایه كه ده‌زگا چاودێرییه‌كان ته‌واوكه‌رن بۆ ده‌زگاكانی دیكه، واته ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و دیوانی چاودێری دارایی كه به یاسا دامه‌زراون هیچ كات ڕێگر نین بۆ كاروباره‌كانی حكومه‌ت به تایبه‌ت كه زۆربه‌ی داموزده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاسته‌وخۆ له لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن، به پێچه‌وانه‌وه دۆزینه‌وه‌ی كه‌موكوڕی و موحاسه‌به‌كردن و به‌دواداچوونی كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی و به‌دواداچوونی كار و چالاكییه‌كانی حكومه‌ت ده‌بێته یارمه‌تیده‌ر بۆ باشتركردنی چالاكییه‌كانی داموده‌زگاكان، زۆر گرینگه ئه‌م كه‌لتووره كه ئێستا له قۆناغێكی باشدایه و ئاستی هاوكاری رۆژ دوای رۆژ به‌ره‌و باشتر ده‌چێت.
خاڵێكی تر ئه‌وه‌یه كه ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی یان هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی تر كه ئه‌ركی چاودێری پێ سپێردراوه نابێت وا بیر بكه‌نه‌وه كه له سه‌رووی یاسا و داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانن، به‌ڵكو هه‌ر ده‌زگایه‌ك كه به یاسا دامه‌زراوه ته‌واوكه‌ری كاری یه‌كترین بۆیه كاتێك پڕۆسەی چاكسازی ئه‌نجام ده‌درێت هه‌موو ده‌زگاكان ده‌كه‌ونه هه‌ماهه‌نگی و خزمه‌تكردن، له پێناو باشتركردنی كه‌رتی گشتی و چۆنییه‌تی باشتركردنی ژیان و گوزه‌ران و داهاتی هاووڵاتیان، بۆیه هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی ئێمه له ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و دیوانی چاودێری دارایی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌یكه‌ین ئامانج لێی باشتركردن و خزمه‌تكردنی هاووڵاتیانه، بۆیه بوونی یه‌ك تیمی و یه‌ك بیركردنه‌وه به جیاوازی پسپۆڕییه‌كان له یاسای هه‌ر ده‌زگایه‌ك دیاریكراوه خاڵێكی گرینگه و كاری زۆرمان له‌سه‌ر كردووه و به‌رده‌وام هه‌وڵمان داوه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیران و جێگره‌كه‌ی و نووسینگه‌كانیان لە سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌و رۆحییه‌ته كار بكه‌ین كه ئێمه ده‌زگایه‌كین هاوكارین بۆ پڕۆسه‌ی چاكسازی و پڕۆسه‌ی حوكمڕانییه‌كی باشتر له هه‌رێمی كوردستان و ڕێگر نین، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و ڕێكارانه‌ی كه ئه‌نجامیش ده‌درێن له پێناو ئه‌وه‌یه كه هیچ كه‌سێك پێچه‌وانه‌ی یاسا نه‌كات و هه‌وڵ نه‌دات ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌كار بهێنێ كه به‌ده‌ره له سیاسه‌تی فه‌رمی حكومه‌ت كه زانراوه یه‌كێك له خاڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختكردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر به‌هێزكردنی ده‌زگاكانی چاودێری، چونكه حكومه‌ت سه‌ره‌تا ده‌بێت میكانیزمی چاودێی ناوخۆی به‌هێز بكات كه ئێسته فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون ئه‌م ڕۆڵه ده‌بینێت هه‌روه‌ها وه‌زاره‌ته‌كان خۆیان ده‌توانن چاودێریی ناوخۆی وه‌زاره‌ته‌كان توند بكه‌ن، پاشان چاودێریی ده‌ره‌كی كه ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و ده‌زگای چاودێری داراییه پاشانیش كه خۆی له ده‌زگایه‌كی گه‌وره‌تر ده‌بینێته‌وه كه په‌رله‌مانی كوردستانه و ده‌بێت هه‌موو ئه‌و ده‌زگایانه به هه‌ماهه‌نگی كاره‌كانیان بكه‌ن و ئامانجیشیان بۆ ئه‌وه بێت حوكمڕانییه‌كی باش له هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت، چونكه كاتێك ئه‌م حكومه‌ته سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له قازانجی هه‌موو دامه‌زراوه‌كانه و هه‌مووان ده‌توانن خزمه‌تگوزاریی زیاتر و باشتر پێشكه‌ش به هاووڵاتیان بكه‌ن.
ـ چۆن ئه‌و هۆشیارییه په‌ره‌ی پێ بدرێت كه چوونه به‌رده‌م یاسا پڕۆسەیه‌كی ئاسایی و یاساییه، و ڕۆڵی ده‌زگا میدیاییه‌كان و په‌روه‌رده‌ییه‌كان ده‌بێت چۆن بێت؟
د. ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: ئه‌وه‌ی تایبه‌ت بێت به میدیا ده‌توانێت ڕۆڵێكی زۆر گرینگی هه‌بێت، كاتێك ئێمه ده‌ڵێین ده‌بێت كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی یاسایی بێت واتا یاسا تیایدا سه‌روه‌ر بێت ئێمه هه‌موومان له‌به‌رامبه‌ر ده‌زگاكانی جێبه‌جێكردنی یاسا ده‌بێت به گیانی به‌رپرسیارییه‌وه هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین، بۆ نموونه ڕە‌نگه ئێمه رۆژێك بۆ هه‌ر كێشه‌یه‌كی ژیان پێویستیمان به دادگا‌كان بێت، له‌به‌ر ئه‌وه كه‌لتووری چوونه به‌رده‌م دادگا به عه‌یبه بزانرێت ئه‌وه كه‌لتووری پێش قۆناغی ده‌وڵه‌تدارییه، له قۆناغی ده‌وڵه‌تداری ده‌بێت هه‌موو كه‌س ڕێز له یاسا بگرێت، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه ئه‌وانه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدان، چونكه چوونه به‌رده‌م دادگا نه‌ك عه‌یبه نییه به‌ڵكو سه‌روه‌رییه، كاتێك یه‌كێك سكاڵایه‌كی له‌سه‌ر بێت چوونه به‌رده‌م دادگا كۆتایی دونیا نییه، گه‌ر وانه‌بێ ئه‌ی دادگا‌كان بۆ دانراون، ده‌كرێت له قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌دا كه‌سه‌كه به‌ڵگه‌كانیشی له‌سه‌ر بێت به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا ده‌توانێت له دادگادا بێ تاوانی خۆی بسه‌لمێنێت چه‌ندین كه‌یسمان هه‌بووه له‌م شێوه‌یه، ئامانج له دانانی دادگاكانیش بۆ ئه‌وه‌یه كه له شوێنێكی بێ لایه‌ن تۆمه‌ته‌كانی سه‌ر كه‌سه‌كه یه‌كلایی بكرێته‌وه و پارێزه‌ر بگرێت و به‌رگری له خۆشی بكات، له‌به‌ر ئه‌وه ئیلتیزام كردن به یاسا له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه له ڕێزگرتن له پرسگه‌ی فه‌رمانگه‌یه‌كه‌وه، له بازگه‌كاندا، له هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ك و دامه‌زراوه‌یه‌ك تاده‌گاته ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ڕۆژێك له ڕۆژان داواكراوبیت له یه‌كێك له دادگا‌كان پێموایه ده‌بێت هه‌م له پڕۆگرامه‌كانی خوێندن و له وتاری ئایینی به حوكمه ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئاییندارین و زانایانی ئایینی ڕۆڵی گرینگ‌یان هه‌یه هه‌م له كار‌و چالاكییه‌كانی حكومه‌ت بۆ نموونه له وتاره‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكی هه‌رێم و به‌رپرسه باڵاكان زۆر ته‌ئكید له‌وه بكه‌ینه‌وه كه چوونه به‌رده‌م یاسا‌و دام و ده‌زگا فه‌رمییه‌كان هیچ كه‌مكردنه‌وه نییه له كه‌سایه‌تی كه‌سه‌كه، ئه‌گه‌ر سه‌یری وڵاتانی پێشكه‌وتوو بكه‌ین ده‌بینین كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌روه‌ریی یاسان واتا به جیاوازیی پۆست و پله‌و ئینتیمای كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كسانن له‌به‌رده‌م یاسا، ئێمه‌ش ئه‌و تموحه‌مان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان له داهاتوودا بگات به‌و ئامانجه.
ـ چۆن ده‌ڕواننه كار‌و چاڵاكییه‌كان و ستراتیژییه‌تی كاركردنی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به تایبه‌تی له‌م دوو ساڵه‌ی ڕابردوودا؟
د. ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: ئه‌وه‌ی كابینه‌ی ئێستا جیا ده‌كاته‌وه له پێشتر ئه‌وه‌یه كه ئه‌م كابینه‌یه سه‌رجه‌م به‌رنامه‌كانی خۆی له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی چاكسازیی دروست كردووه، كه ئه‌وه خاڵێكی به‌هێزی ئه‌و كابینه‌یه و به‌رپرسیاره‌تییه‌كی گه‌وره ده‌خاته ئه‌ستۆی ئه‌و كابینه‌یه، و ئه‌و به‌رنامه چاكسازییه‌ی كه دانراوه ڕە‌نگه به چوارساڵ ته‌واو نه‌كرێت چونكه له‌و دووساڵه‌ی كه تێپه‌ڕیوه ساڵێكی پڕ قه‌یران و نا‌خۆشمان هه‌بووه به‌ڵام به دڵنیایی كاتێك چوار ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێت ئومێد وایه زۆربه‌ی ئه‌و سێكته‌رانه بناغه‌یه‌كی پته‌وی بۆ دابنرێت له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه چاكسازیانه، و پێموانییه كه پڕۆسه‌ی چاكسازیی نه له دیدی حكومه‌ت و به‌رنامه‌كه‌شی له یاسایه‌ك كورت بكرێته‌وه، چونكه له هه‌موو بواره‌كاندا هه‌وڵی باش هه‌یه. بۆ نموونه له كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتین و به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی ده‌زگاكان و باشكردنی ڕە‌وشی خوێندن و په‌روه‌رده و دانانی كۆڵه‌گه‌ی ئابووری سه‌ربه‌خۆ و له بواری كشتوكاڵ و زۆر بواری دیكه و ئه‌گه‌ر ئه‌و وه‌زعه ناخۆشه‌مان ڕووبه‌ڕوو نه‌بوایه‌وه به دڵنیایی ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كانمان به‌رزتر ده‌بوو، به‌ڵام گه‌شبینم له‌م دوو ساڵه‌ی ئاینده خزمه‌تگوزاریی باشتر پێشكه‌ش بكرێت و ئێمه‌ش وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی چاودێری هاوكاری پڕۆسه‌ی چاكسازی و ئه‌و ئاراسته‌یه ده‌بین كه حكومه‌ت گرتوویەتییه به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت به‌ره‌و حوكمڕانییه‌كی باش بڕوات كه وه‌ك ده‌زانین بنه‌ماكانی حوكمڕانی باش خۆی له شه‌فافیه‌ت و سه‌روه‌ری یاسا و كۆمه‌ڵێك پڕە‌نسیپ ده‌بینێته‌وه به‌و ئامانجه‌ی حكومه‌ت له خزمه‌تی هاووڵاتی بێت كه پێموایه حكومه‌تیش به‌و ئامانجه كار ده‌كات.
ئەمەش لینکى ڤیدیۆیى دەقى چاوپێکەوتنەکەیە:
چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ د. ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی - YouTube