Skip to the content

لیژنەى تایبەت بە بەدواداچوون و سکاڵاى داواكارى هاوڵاتیان :وەڵامى هەموو هاووڵاتیانی بەڕێز دەدەینەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئه‌مڕۆ سێشەممە ڕێكه‌وتی ٢٦/١٠/٢٠٢١ى زایینى، بۆ شه‌شه‌‌مین هه‌فته‌ی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك، ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی كه‌ بۆ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری كێشه‌ و گەیاندنى سکاڵاكانیان ڕویان له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردبوو له‌ فەرمانگەی کاروباری كارگێڕی و دارایی، هاووڵاتیان چاویان به‌ د.ئومێد سەباح سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه‌وت و داواکارى و سکاڵاکانى خۆیان گەیاندە دەستى به‌ یاوه‌ریی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند به‌ به‌دواداچوونی كێشه ‌و داواکاری هاووڵاتیان.
له‌ ڕێگه‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری، لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند به‌ به‌دواداچوونی كێشه‌ و داواکاری هاووڵاتیان ئاماری سه‌ردانكردنی هه‌ر شه‌ش هه‌فته‌‌ی به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌‌ بڵاو كرده‌وه‌:
هه‌فته‌ی یه‌كه‌م: وه‌رگرتنی داواكاری ٥٠ هاووڵاتی
هه‌فته‌ی دووه‌م: وه‌رگرتنی داواكاری ٨٠ هاووڵاتی
هه‌فته‌ی سێیه‌م: وه‌رگرتنی داواكاری ١٣٠هاووڵاتی
هه‌فته‌ی چواره‌م: وه‌رگرتنی داواكاری ٧٠ هاووڵاتی
هه‌فته‌ی پێنجه‌م: وه‌رگرتنی داواكاری ٥٠ هاووڵاتی
هه‌فته‌ی شه‌شه‌م: وه‌رگرتنی داواكاری ٥٥ هاووڵاتی
لیژنه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگرتنی داواكاری و سكاڵای هاووڵاتیان و چاره‌سه‌ركردنیان، پۆلێنبه‌ندییه‌كی سه‌ره‌تایی و گشتگیری ئه‌نجام داوه‌ به‌م شێوه‌یەیەی خوارەوە:
ـ یه‌كه‌م: ٢٠%ى داواكاری و سكاڵاكان ڕاسته‌وخۆ له‌ كاتی چاوپێكه‌وتنه‌كاندا چاره‌سه‌ر کراون و وه‌ڵام دراونه‌ته‌وه‌.
ـ دووەم: ٤٠%ى داواكاری و سكاڵاكان لە ژێر دیراسەتکردندایە.
ـ سێیه‌م: ٣٠%ى داواكاری و سكاڵاكان ئاراسته‌ی وه‌زاره‌ته پەیوەندیدارە‌كان كراون.
ـ چوارەم: ١٠%ى داواكاری و سكاڵاكان نایاسایی بوونه‌ و كه‌یسه‌كانیان داخراوه‌.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند به‌ به‌دواداچوونی كێشه ‌و داواكاری هاوڵاتیان پێی ڕاگەیاندین: "ئێمه ‌شه‌ش هه‌فته‌یه‌ له‌ ڕۆژانی سێشه‌ممه‌ پێشوازی له‌ هاووڵاتیانی به‌ڕێز ده‌كه‌ین،‌ له‌مه‌ولا به‌رده‌وام دەبین لەم كاره‌مان، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ ته‌نها له‌ ڕۆژانی سێشه‌ممه‌ بێت و بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیانیش ماندوو نه‌بن له‌ هاتووچۆكردن، پێویسته‌ بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێش وەخت سەردانمان نەکەن، کاتێک سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئەكه‌ن پێویستە پیشتر ناوى خۆیان لە ڕێگەى تەلەفۆنەکانمانەوە تۆمار کردبێت و دواتر ئێمە خۆمان پەیوەندییان پێوە دەکەینەوە و کاتى چاوپێکەوتن و سەردانەکەیان بۆ دیارى دەکەین".

 

حکومەتى هەرێمى کوردستان

فەرمانگەى میدیاو زانیارى