دابینکردنى ئاوى خواردنەوە.. خەرجییەکی گەورە و داهاتێکى کەم
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ساڵانە ٧٨٢ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتییان بەرهەم دەهێنێت، خەرجی بەڕێوەبردنی سێکتەری ئاویش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ساڵانە ١٣٠ بۆ ١٤٠ ملیار دینارە، لە کاتێکدا داهاتی کۆکراوەی ساڵانەی ئاو لە نێوان ٣١ بۆ ٤٠ ملیار دینارە و لەو داهاتەش ڕێژەی ١٧%ی دووبارە بۆ پڕۆژەکانی سێکتەری ئاو و ئاوەڕۆ خەرج دەكرێتەوە و بەمەش حکومەتى هەرێمى کوردستان ناچارە ساڵانە زیاتر لە ١٠٠ ملیار دینار خەرج بکات بۆ ئەم سێکتەرە گرنگە.
ژمارەى هاوبەشانى ئاوى خاوێن و خواردنەوە لە هەرێمی کوردستان، ٩٩٣,٢٢٣ هاوبەشن کە لەو ژمارەیەشدا ٦٣٢,١٢٥ هاوبەش پێوەری ئاویان بۆ بەستراوە و لە ژمارەى گشتى هاوبەشان، تەنیا ٣٦١,٠٩٨ هاوبەش ماوەتەوە کە پێوەری ئاویان بۆ نەبەستراوە و ئەم پرۆسەیە بەردەوامە.
ڕۆژی پێنجشهممه ڕێكهوتی ١٢/٨/٢٠٢١ى زایینى و بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە، له سهرۆكایهتی ئهنجومهنی وهزیران و به دهستپێشخهری سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا. لەو کۆبوونەوەیەدا چەند بڕیارێک دران کە گرنگترینیان تەرخانکردنی ملیارێک و ٢٥٠ ملیۆن دینار بوو بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ هەر یەک لە مانگەکانی ٨ و ٩ و ١٠ و پێدانی دەستەڵاتی خەرجکردنى ئەو پارەیە بوو بە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و هەروەها بڕیارێکى تریش لە هەمان کۆبوونەوە درا کە ئەویش پابەندکردنی وەزارەتی کارەبا بوو بە مهبهستی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ بیرەکانی ئاوی خواردنەوە تا هاووڵاتیان کێشەى ئاوى خواردنەوەیان نەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر ڕێژەی ئەو ١٧% داهاتەى کە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری سلێمانی دەست دەکەوێتەوە، بڕیارى خەرجكردنی گوژمەی زیاتر لە ٥٠٨ ملیۆن دیناری بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕاكێشانی بۆری ئاو و چاككردنەوەی مسیۆبۆشی بۆ بەشی ئالیاتی بەڕێوەبەرایەتییەكە داوە كە ئەم بڕە پارەیەش كاریگەریی باشی لەسەر پەرەپێدان و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دابینكردنی ئاو دەبێت. هەروەها لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە بە تەرخانكردنی ١٥ ملیار و ١٤٠ ملیۆن دینار بۆ تەواوكردنی پرۆژەی ئاوی ئاكرێ بە شێوەی نەختینە و قۆناغ بە قۆناغ.
شایەنى باسە ئێستا بە دوو ترلیۆن و ٨٨٧ ملیار دینار، ٢٩٧ پرۆژەی ئاو لە سەرانسەرى هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێن كە بەشێكیان پڕۆژەی مامناوەندن و بەشێكیشیان ستراتیژی و گەورەن بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی و پەرەپێدانی سێكتەری ئاو.
حکومەتى هەرێمى کوردستان
فەرمانگەى میدیاو زانیارى