Skip to the content

بۆ یه‌كه‌مجار وێستگه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئاوی قورس له‌ هه‌رێمی كوردستان دامەزرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- له‌ سۆنگه‌ی گرنگیدانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ژینگه‌ و ته‌ندروستی هاووڵاتیان، چه‌ندین پڕۆژە‌ی جیاجیا له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام داوه‌ كه‌ ئامانج لێیان ته‌نها سوود گه‌یاندن بووه‌ به‌ هاووڵاتیان و ته‌ندروستی و خاوێنڕاگرتنى ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌.

 

یه‌كێك له‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە کابینەى نۆیەم به‌ پێویستی زانی جێبەجێى بکات، وێستگه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئاوی قورس بوو له‌ ناحیه‌ی فایده‌ كه‌ ١٩ كیلۆمەتر له‌ باشووری قه‌زای سێمێلی پارێزگای دهۆكەوە دووره‌.

ئاوی قورس، هەمان ئاو و پیسایی زێرابەکان و تانکەری پیساییەکانە کە لە وڵاتانى پێشکەوتوو هەڕەمەکیانە فڕێ نادرێت، بەڵکو کارى لەسەر دەکرێتەوە تا دووبارە بەکار بهێنرێتەوە لە خزمەتگوزارییەکدا. ئەم ئاو و پیساییە ئه‌گه‌ر به ‌شێوه‌یه‌كی زانستی و ته‌ندروست چاره‌سه‌ر نه‌كریت ئه‌وا بێشك كاریگه‌رییه‌كی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی هه‌م له‌سه‌ر تەندرووستى هاووڵاتیان و هه‌میش له‌سه‌ر ژینگه‌ ده‌بێت، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ پێشی ئه‌وه‌ی ئه‌م وێستگه‌یه‌ دابنرێت و كاری له‌سه‌ر بكرێت، ئاوی قورسی سه‌نته‌ری پارێزگای دهۆك، سێمێل، فایده‌ شاریا، نسێركێ، خانكێ و هه‌موو كه‌مپی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران كه‌ ژماره‌یان شه‌ش كه‌مپه‌، ده‌هاته‌وه‌ ئه‌م شوێنه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ببووه‌ هۆی زیانگه‌یاندن و پیسكردنی چەندین بەشى وەک:

- ئاوی ژێرزه‌وی

- ئاوی سه‌رزه‌وی

- ته‌ندروستی هاووڵاتیان

-  ژینگه‌ و ئاوو هه‌وای ناوچه‌كه‌

ئه‌ندازیار دیار سادق سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژەى وێستگه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئاوی قورس بوو له‌ ناحیه‌ی فایده‌ بە فه‌رمانگه‌ی میدیاو زانیاریی حکومەتى هەرێمى کوردستانى گوت "ئه‌م پڕۆژە‌یه‌ به‌ یه‌كه‌م پڕۆژە‌ داده‌نرێت له ‌سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان كه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئاوی قورس ده‌كات له‌ ناوچه‌كه‌ و له‌ ساڵی ٢٠١٩ى زایینى و له‌ چوارچێوه‌ی كاره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ست به‌ جێبەجێکردنى کرا و كردنه‌وه‌ی وێستگه‌كه‌ش له‌ مانگی ٧ی ٢٠٢٠ بوو کە به ‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی كه‌وته‌ كار.

وێستگه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئاوی قورس له‌ فایده‌، له‌سه‌ر ڕووبه‌ری ٢٠ دۆنم زه‌وی دروست كراوه‌ كه‌ ئەم زەوییە لە لایەن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە ته‌رخان كرراوە‌ و بڕی ئه‌و گوژمه‌ پاره‌یه‌ی بۆ جێبەجێکردنەکەى خەرج کرا زیاتر له‌ شه‌ش سه‌د هه‌زار دۆلار بوو.

ئه‌و وێستگه‌یه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی فایده‌ و به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانی دهۆك ـ به‌شی ژینگه‌ و خزمه‌تگوزاری به‌ڕێوه‌ ده‌برێت كه‌ ئێستادا ٧ كه‌س كه‌ فه‌رمانبه‌ری حكومین، سەرپەرشتى کارەکانى دەکەن.

 

چۆنیه‌تی چاره‌كردنی ئاوی قورس:

به‌ گوێره‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی دانراوه‌ و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، كاتێك ئاوی قورسی سه‌نته‌ری شاری دهۆك و قه‌زای سێمێل و فایده‌ و شاریا و نسێركێ و خانكێ و هه‌ر شەش كه‌مپی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌م ناوچه‌یه‌ دێته‌  وێستگه‌ی فایده‌، كه‌ وێستگه‌كه‌ له‌ چه‌ند حه‌وزێكی جیا و به‌ ڕووبه‌ری جیا دروست كراوه‌، كه‌ ئاوه‌ قورسه‌كه‌ ده‌خرێته‌ حه‌وزی یه‌كه‌م و به‌ تێپه‌ڕبوونی كات واتا به‌بێ به‌كارهێنانی هیچ ئامێرێك ئاوه‌ قورس و پیساییەکە‌ بۆ چینی ژێره‌وه‌ی حه‌وزه‌كه‌ داده‌به‌زێت و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ڕاسته‌خۆ ده‌ڕژێته‌ حه‌وزێكی دیكه‌ و دوای ماوه‌یه‌ك كه‌ تیشكی خۆر له‌م ئاوه‌ ده‌دات و ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی قه‌وزه‌ و له‌ ڕێگه‌ی به‌كتریاوه‌ كه‌مێكی تری پاك ده‌بێته‌وه‌ و ده‌چێته‌ حه‌وزێكی دیكه‌ ، واتا ئاوه‌ پاكه‌كه‌ له‌ كۆتا حه‌وز ده‌مێنێته‌وه‌ و ده‌توانرێت بۆ مه‌به‌ستی كشتوكاڵی به‌ كار بهێنرێت و یاخود تێكه‌ڵ به‌ ئاوی به‌نداوی موسڵ بكرێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ چینی ژێره‌وه‌ی حه‌وزه‌كه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ ئاوه‌ قورسه‌كه‌ به‌ ڕێگه‌ی هەڵێنجەرەوە (غه‌تاس)‌ ڕاده‌كێشرێته‌ ده‌ره‌وه ‌و له‌ شوێنێكی تایبه‌تی هەڵدەگیردرێت که‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ دروست كراوه‌ و دوای ماوه‌یه‌ك پاشماوه‌ی ئه‌م ئاوه‌ قورسه‌ وشك ده‌بێته‌وه‌ و ده‌برێته‌ كۆگایه‌ك كه‌ بۆ مه‌به‌ستی هه‌ڵگرتنی په‌ینی كیمیاوی دروست كراوه‌ و له‌وێ كاری له‌ كیسه‌نان و ئاماده‌كردنی په‌ینه‌كه‌ ته‌واو ده‌كرێت و له‌ ڕێگه‌ی میكانیزمێك كه‌ له‌ داهاتوودا داده‌نرێت.

لە کۆتا هەنگاو ئەو بەجێماوە دەبێتە پەینى کیمیایی و ده‌فرۆشرێت به‌ جوتیاران و حكومه‌تی هەرێمیش بۆ نه‌مامگه‌ و باخچه‌كانى سوودی لێ وه‌رده‌گرێت.

توانای كاركردن و وه‌رگرتنی ئاوی قورس له‌م وێستگه‌یه‌

- وێستگه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئاوی قورس له‌ ناحیه‌ی فایده‌، به‌و دیزایینه‌ی كه‌ بۆی كراوه‌، ده‌توانێت له‌ ڕۆژێكدا 1052 م دووجا ئاوی قورس وه‌ربگرێت، به‌ڵام له‌ ئێستادا 400-450 م چوارگۆشه‌ وه‌رده‌گرێت.

- ئه‌وئاوه‌ قورسه‌ی له‌ ژێر حه‌وزه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ پێویسته‌ بگاته‌ ڕێژه‌ی 1/3 ی حه‌وزه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی حه‌وزه‌كه‌ و بۆ په‌ین دروستكرد ئاماده‌ بكرێت ، به‌ڵام ئه‌مه‌یان پێویستی به‌ كاتێكی زۆر هه‌یه‌ تاكو ئه‌م ڕێژه‌ زۆره‌ی ئاوی قورس له‌ ژێر حه‌وزه‌كه‌ بمێنێته‌وه‌  كه‌ به‌ پێی لێكدانه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتیاران و ئه‌ندازیارانی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ نزیكه‌ی 5 ساڵی پێویسته‌ و دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ كاری دروستكردن و فرۆشتنی په‌ین ده‌ست پێده‌كات .

 

جێی ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ سووده‌كانی زووتر له‌ سه‌ر هاووڵاتیان و ژینگه‌ و ئاوو هه‌واو خاكی ناوچه‌كه‌ دیاربكه‌وێت ، له‌ڕێگه‌ی شاره‌وانی گشتیی دهۆك ئامێریGPS  بۆ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ دانراوه‌ كه‌ ئاوی قورس ده‌گوازنه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی كه‌ سه‌رپێچیش ده‌كه‌ن له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ئامێره‌وه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێن و ڕووبه‌ڕووی سزا ده‌بنه‌وه‌.