Skip to the content

د.ڤالا فه‌رید: به‌شداریی بەرزی هاووڵاتیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، ده‌نگ و پێگه‌ی هه‌رێمەکەمان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی‌ عێراق ده‌رده‌خات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دكتۆره‌ ڤالا فه‌رید له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی میدیاو زانیای، تیشكی خسته‌ سه‌ر چه‌ندین بابه‌تی یاسایی كه‌ له‌ ئێستادا كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێت وه ‌هه‌روه‌ها ڕووانگه ‌و دیدگه‌ی حكومه‌تیشی بۆ ئایینده‌ له‌سه‌ر پرسه‌كان خسته‌ڕوو.
 
ـ له‌ ڕوانگه‌ی گرینگیدانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ كه‌رتی تایبه‌ت، ئێوه‌ چۆن كارتان له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسا كۆنه‌كان و پڕۆژه‌ یاسای نوێ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی بیانی بێته‌ ناو هه‌رێم و كه‌رتی تایبه‌تیش ئاسانتر بتوانن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كار بكه‌ن؟
د. ڤالا: كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كاری له‌سه‌ر یاسای هه‌موو بواره‌كانی ته‌ندروستی، ئه‌منی، كۆمه‌ڵایه‌تی، په‌روه‌ر‌ده‌یی و بازرگانی و خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئاو و كاره‌با و.. هتد، كردووه‌، به‌شێكی یاساكان نوێن و به‌شێكی تریان هه‌موار كراونه‌ته‌وه‌. كه‌رتی تایبه‌ت یه‌كێك بووه‌ له‌ میحوه‌ره‌ گرینگه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئامانجیشی بریتی بووه‌ له‌ ڕاكێشانی سه‌رمایه‌ی بیانی بۆ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش پێویست به‌ یاسای نوێ و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسا كۆنه‌كان ده‌كات، چونكه‌ زۆربه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ كه‌رتی تایبه‌ت و وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ چوارچێوه‌ و دیدگه‌ی سۆسیالیستییه‌وه‌ نووسراون و هی ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌من كه‌ ئه‌و كات ده‌وڵه‌ت خۆی خاوه‌نی هه‌موو شتێك بووه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوشانی ئه‌و قۆناغ و ره‌وته‌ نوێیه‌ بێت، پێویستی به‌ یاسای نوێ و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسا كۆنه‌كان هه‌یه‌، كه‌ ڕێگرن له‌ ڕاكێشانی سه‌رمایه‌ی بیانی بۆ هه‌رێمی كوردستان. ڕاكێشانی سه‌رمایه‌ی بیانی وكار كردن له‌ بواری كه‌رتی تایبه‌ت، ئامانج لێی خزمه‌تكردنی زیاتره‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتیانی، چونكه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌نده‌ بتوانێت سه‌رمایه‌ی بیانی بۆ ناوخۆی هه‌رێم رابكێشێت ئه‌وه‌نده‌ ده‌توانێت خزمه‌تی زیاتری هاووڵاتیانی بكات،ئه‌و بابه‌ته‌ گرینگه‌ و تا ئێسته‌ ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایانه‌ی ده‌ستمان پێكردووه‌، بابه‌تی وه‌به‌رهێنان و یاسای وبه‌رهێنانه‌، ‌ كه‌ یاسای تازه‌مان بۆ ئه‌و بواره‌ داڕشتووه‌، هه‌روه‌ها پڕۆژه‌یاسای كانزایی پڕۆژه‌یاسایه‌كی نوێیه‌ و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌سندی بكات و بكه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردن، یه‌كێكی دیكه‌ بریتییه‌ له‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی بابه‌تی بازرگانی كه‌رتی تایبه‌ته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ئه‌ویشمان ڕێكخستووه‌ته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ تۆماری بازرگانی و ناوی بازرگانانه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌موو ئه‌و كارانه‌یش بۆ خزمه‌تكردنه‌ به‌ بواری كه‌رتی تایبه‌ت و ڕاكێشانی وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی و پێناساندن و ئاشناكردنی هه‌رێمی كوردستان به‌ لایه‌نی بازرگانی.
 
ـ ئێستا كار به‌ یاسای ساڵی ٢٠٠٦ی وه‌به‌رهێنان ده‌كرێت، ئایا پێویستیی به‌وه‌ نییه‌ كه‌ یاسایه‌كی نوێتر هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی و ناوخۆیی له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ هاوشان بن له‌ بووژاندنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی؟
د. ڤالا: پڕۆژه‌یاسای وه‌به‌رهێنان پڕۆژه‌یاسایه‌كی سه‌رتاسه‌رییه، ‌ئێستا‌ یاسای وه‌به‌رهێنانی ساڵی ٢٠٠٦ـمان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌مه‌به‌ستی پێشخستنی وه‌به‌رهێنان و ڕاكێشانی وه‌به‌رهێنانی بیانی پڕۆژه‌ ‌یاسایه‌كی نوێترمان داڕشتووه‌، به‌ نووسینه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و بنامه‌یانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ هۆی بووژانه‌وه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی ناوخۆیی و بیانی و خزمه‌تكردنی هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ به‌مه‌به‌ستی فه‌راهه‌مكردنی خۆشگوزه‌رانی بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت كه‌ وه‌به‌رهێنانی بیانی له‌سه‌ر حیسابی وه‌به‌رهێنانی ناوخۆیی نه‌بێت، واته‌ وه‌به‌رهێنه‌ری ناوخۆیش بتوانێت به‌شدار بێت له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بووژانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و خزمه‌تكردنی هاووڵاتیانی.
 
ـ ده‌تانه‌وێت چیی بكه‌ن له‌ بواری ته‌ندروستی و پاراستنی مافی نه‌خۆش و بیمه‌ی ته‌ندروستیدا؟
د. ڤالا: ئێمه‌ وه‌كوو حكومه‌ت له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگیدا بووین بۆ ئه‌وه‌ی یاسایه‌ك ده‌ربكه‌ین كه‌ تایبه‌ت بێت بواری ته‌ندروستی و به‌ پاراستنی مافه‌كانی نه‌خۆش،كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و یاسایه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌رچووه‌ و له‌ ئێستا‌دا به‌ركاره‌، هاوكات چه‌ندین پڕۆژه‌یاسای دیكه‌ی بواری ته‌ندروستی له‌ دیراسه‌كردن دایه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ هه‌مووان گرینگتره‌ بریتییه‌ له‌ بابه‌تی بیمه‌ی ته‌ندروستی و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ ئێستا‌دا له‌ دیراسه‌كردنن له‌ لایه‌ن وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، هه‌ر كاتێكیش ته‌واو بوون و حكومه‌ت په‌سندی كرد، ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ یاسای پێ ده‌ربچێت و په‌سند بكرێن. هه‌روه‌ها ئه‌و یاسایه‌ پشت به‌ هه‌موو ئه‌و بنه‌مایانه‌ ده‌به‌ستێت كه‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان پیاده‌ی ده‌كه‌ن.
 
ـ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌تی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌كات؟
د. ڤالا: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یاسای نه‌هێشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ری ده‌ركرد و پاشان له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ په‌سند كرا و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان واژۆی له‌سه‌ر كرد، ئه‌و یاسایه‌ زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بازرگانی به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌كه‌ن، كه‌ چه‌ندین لێكه‌وته‌ی ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌منی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. پێشتر ئه‌و یاسایه‌ی كه‌ هه‌بوو وه‌ك پێویست نه‌یده‌توانی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر و ئه‌وانه‌ی كاری پێوه‌ ده‌كه‌ن خزمه‌ت بكات، بۆیه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاره‌ له‌ پێشینه‌كانی ئه‌وه‌ بوو یاسایه‌كی تۆكمه‌تر بۆ ئه‌و بواره‌ دابنێت. ئه‌و یاسایه‌ په‌یوه‌ندی به‌ دوو لایه‌نه‌وه‌ هه‌یه‌، واته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ وه‌ری ده‌گرێت و به‌كاری ده‌هێنێت، بۆیه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌ر وه‌ربگرێت، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یشی كه‌ بازرگانی پێوه‌ ده‌كات و حوكمه‌كانی به‌رانبه‌ر جێبه‌جێ ده‌كرێت. ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ مادده‌كه‌ وه‌رده‌گرێت وه‌ك نه‌خۆش سه‌یری ده‌كرێت، ئه‌وه‌یشی بازرگانی پێوه‌ ده‌كات وه‌ك تاوانبار مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
 
ـ گله‌یی زۆر له‌ هه‌ڵگرتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت ده‌كرێت، زۆر جار بوونی ئه‌م چه‌كانه‌ گرفتی بۆ هاووڵاتیان دروست كردووه‌، هیچ پڕۆژه‌ یاسایه‌كی نوێ هه‌یه‌ كه‌ بتوانێت به‌ شێوه‌یه‌كی بنبڕ ئه‌م دیارده‌یه‌ نه‌هێڵێت؟
د. ڤالا: وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان دوو پڕۆژه‌یاسای زۆر گرینگی له‌ بواری به‌كارهێنانی چه‌كی نایاسایی داڕشتووه‌ و پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌. یه‌كه‌م پڕۆژه‌یاسا تایبه‌ت بوو به‌ كۆمپانیا ئه‌منییه‌كان بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی كاری كۆمپانیا ئه‌منییه‌كان، چونكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كۆمپانیاكان هه‌بوون، به‌ڵام یاسایه‌ك نه‌بوو بۆ دیاریكردن و ڕێكخستنی كاره‌كانیان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ پڕۆژه‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و دواتر له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران په‌سندكراو و دواتر ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرا و له‌ په‌رله‌مان لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كاری خۆیان له‌سه‌ر كردووه‌ و هیوادارین له‌ دانیشتنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مان كار له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بكرێت و په‌سند بكرێت و بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بنێردرێت بۆ ئه‌وه‌ی واژۆی له‌سه‌ر بكات. هه‌روه‌ها له‌ ئێستادا پڕۆژه‌یاسای چه‌ك ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كراوه‌ و له‌ سكرتارییه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌موو رێڕه‌وه‌ یاساییه‌كانی ته‌واو كراوه‌، ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه‌ نوێیه‌ و یاسا كۆنه‌ به‌ركاره‌كه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌. ئه‌م یاسایه‌ نوێیه‌ به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ڵگرتنی چه‌ك ڕێك ده‌خاته‌وه‌ كه‌ بتوانرێت لێكه‌وته‌ و ئاسه‌واره‌ نه‌رێنییه‌كانی چه‌ك هه‌ڵگرتن كه‌م بكاته‌وه‌ یان هه‌ر نه‌یانهێڵێت، به‌ تایبه‌ت ئه‌و كه‌سه‌ی چه‌ك هه‌ڵده‌گرێت پێویسته‌ مۆڵه‌تی هه‌بێت ئه‌گه‌رنا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی سزا ده‌كرێته‌وه‌. هیوادارین ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ش به‌ زووترین كات له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران په‌سند بكرێت و ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك یاسا په‌سند بكرێت.
 
ـ له‌ بواری چاكسازی و زیادكردنی داهات كاره‌كان به‌ كوێ گه‌یشتوون؟
د. ڤالا: له‌ بواری زیادكردنی داهات حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین هه‌نگاوی ناوه‌، كه‌ یه‌كێك له‌و هه‌نگاوانه‌ پڕۆژه‌یاسای چاكسازی بوو، ئه‌م یاسایه‌ كه‌ به‌ تایبه‌ت كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌ گرینگییه‌وه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ و كاری له‌سه‌ر ده‌كات هه‌ر له‌ سه‌ره‌تا و له‌ ده‌ستپێكردنی كاره‌كانی ئیشی له‌سه‌ر كرد و ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرا و وه‌ك یاسا په‌سند كرا و ئێستا‌ بووه‌ته‌ یاسایه‌كی به‌ركار له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ حكومه‌ت له‌سه‌ر چه‌ندان ئاست ئیش له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی مادده‌ و بڕگه‌كانی ده‌كات و هه‌موو سێ مانگ جارێكیش لیژنه‌ی باڵای چاكسازی راپۆرتی خۆی له‌مباره‌یه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات.
 
ـ كه‌مئه‌ندامان و شه‌هیدان و پیشه‌وه‌ره‌انی مین چ یاسایه‌ك ده‌یانگرێته‌وه‌؟
د. ڤالا: یاسای كه‌مئه‌ندام و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت هه‌موار كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ داخوازییه‌كانی ئه‌و توێژه‌ بگونجێت، له‌ ئێسته‌یشدا كار له‌سه‌ر شه‌هیدان و كه‌مئه‌ندامانی ده‌زگای مین ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی پیشه‌وه‌رانی مین كه‌ خزمه‌ت ده‌كه‌ن به‌و مافانه‌ بگه‌ن كه‌ شیاون.
 
ـ جێبه‌جێكردنی یاساكان وا ده‌كات متمانه‌ی هاووڵاتیان زیاتر بێت به‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان ، چۆن ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی نێوان په‌رله‌مان و لایه‌نی جێبه‌جێكار هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
د. ڤالا: بێگومان متمانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ یاسا له‌ جێبه‌جێكردنی یاساكه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت بۆیه‌ له‌ یاسادا ده‌وترێ ئاوێنه‌ی یاساكان یان رووحی یاسا بریتییه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی، واته‌ هه‌ر یاسایه‌ك با دره‌وشاوه‌ و جوانیش بێت، به‌ڵام كه‌ به‌ته‌نها وه‌ك مه‌ره‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌ز مایه‌وه‌ و له‌ لایه‌ن داموده‌زگه‌كانه‌وه‌ جێبه‌جێ نه‌كرا، ئه‌و یاسایه‌ به‌ مردوو و بێ گیان هه‌ژمار ده‌كرێت، بۆیه‌ متمانه‌ی هاووڵاتیان بریتییه‌ له‌ چه‌ندییه‌تی جێبه‌جێكردنی یاساكان، ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ ده‌رده‌چن پێویسته‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ماهه‌نگیان له‌ ده‌ركردن و په‌سندكردنیان هه‌بێت، چونكه‌ هه‌رچه‌نده‌ په‌رله‌مان یاسایه‌ك په‌سند بكات، به‌ڵام له‌ توانای حكومه‌تدا نه‌بێت جێبه‌جێی بكات ئه‌وه‌نده‌ كۆمه‌ڵگه‌ رووبه‌ڕووی بێمتمانه‌یی ده‌بێته‌وه‌، واته‌ چه‌نده‌ په‌رله‌مان پێی عه‌یبدار ده‌بێت، حكومه‌تیش به‌ قه‌د ئه‌و عه‌یبدار ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌بێت حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی توانای جێبه‌جێكردنی یاساكانیان هه‌بێت. بۆیه‌ جێبه‌جێكردنی یاساكان متمانه‌ی هاووڵاتیان به‌ یاساكان قووڵ ده‌كاته‌وه‌ و پته‌وتر ده‌كات.
 
ـ تا چه‌ند گرینگه‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌شداربن له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و ناردنی كه‌سانی شایسته‌ بۆ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ شه‌ڕی ماف و داخوازییه‌كانی كوردستان بكه‌ن؟
د. ڤالا: به‌شداری هاووڵاتیان له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق پرسێكی گرینگه‌ و له‌ یه‌ك كاتدا ماف و ئه‌ركی هاووڵاتیانه‌، بۆیه‌ به‌شداریكردنی له‌ هه‌ڵبژاردن پیاده‌كردنی مافێكی خۆیه‌تی، هاوكات جێبه‌جێكردنی ئه‌ركێكی نیشتمانیشه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی، بۆیه‌ زۆر گرینگه‌ هاووڵاتیان به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكه‌ن و ده‌نگ به‌ به‌ربژێره‌ كورده‌كان بده‌ن به‌مه‌به‌ستی مانه‌وه‌ و به‌هێزكردنی پێگه‌ی كورد له‌ ده‌سه‌ڵاتی فیدڕاڵی و ناوه‌ندی بڕیار له‌ ناو ده‌سه‌ڵاتی فیدڕاڵیدا.
 
به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر هاووڵاتی یاخود مافه‌؟
وه‌ك ئاماژه‌م بۆ كرد به‌شداریكردنی هاووڵاتیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان مافێكی ده‌ستوورییه‌ كه‌ به‌ هاووڵاتیان دراوه‌ به‌و مه‌رجانه‌ی كه‌ تێیدا بێت، وه‌ك باسم كرد ئه‌ركێكی نیشتمانیشه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی هاووڵاتیان، واته‌ هاووڵاتی چه‌نده‌ مافی هه‌یه‌ له‌ به‌شداریكردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن هێنده‌ش ئه‌ركی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، به‌مه‌به‌ستی مانه‌وه‌ و به‌هێزكردنی پێگه‌ی كورد له‌ ناوه‌ندی بڕیار له‌ حكومه‌تی فیدڕاڵدا. هه‌رچه‌نده‌ بابه‌تی كورسییه‌كان دیاری كراوه‌، به‌ڵام مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ به‌شداریكردنی هاووڵاتی كاریگه‌ری نه‌بێت، به‌ڵكو به‌شداریكردنی هاووڵاتیانی كورد به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رز، بێگومان ده‌نگ و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق ده‌رده‌خات، به‌ تایبه‌ت له‌ مانه‌وه‌ و به‌هێزكردنی كورد له‌ ناوه‌ندی بڕیاری سیاسی له‌ عێراقی فیدڕاڵدا.