Skip to the content

سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوون: هه‌موو ئامانجمان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌هێزكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەسەر پرسى هەڵبژاردنى ١٠ى ئۆکتۆبەرى ئەمساڵى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقى فیدراڵ و بەشداربوونى کاراى هاووڵاتیانى کوردستان، گفتوگۆیەکى لەگەڵ عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ساز داوە کە لێرەدا سەرنجتانى بۆ ڕادەکێشین:


ـ لەم هەڵبژاردنە پەرلەمانییەى عێراق، چی بۆ ئێمە وەک هەرێمى کوردستان گرنگە؟
عەبدولحەکیم خەسرەو: ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ ئێمه‌ زۆر گرینگه‌ و پێویست ده‌كات هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌شداری بكه‌ن، زیاتر پاڵپشتیكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ به‌غدا، بۆ ئه‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق و یاسا به‌ركاره‌كان به‌رگری له‌ ماف و شایسته‌ داراییه‌كانیان و ده‌ستكه‌وته‌كانی خه‌ڵك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ ئێسته‌دا پێویستمان به‌ كه‌سانی به‌ توانا و به‌هێز و به‌ هه‌ڵوێسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن شێوازی به‌دواداچوون و شێوازی كاركردنیان دیار بێت له‌سه‌ر به‌رگریكردن له‌ ماف و ده‌ستكه‌وته‌كان. له‌ ئه‌زموونی پێشووی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق چه‌ند خاڵێكمان بۆ ده‌ركه‌وت كه‌ ده‌كرێت كاری له‌سه‌ر بكه‌ین و له‌سه‌ری به‌رده‌وام بین. گرینگترینان ئه‌وه‌ بوو ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ڕاسته‌وخۆیه‌ی له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵ و نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو، كاریگه‌رییه‌كی زۆر ئه‌رێنی هه‌بوو كه‌ چۆن بتوانین به‌ دیپلۆماسییه‌ت و به‌ شێوازی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان بتوانین ماف و شایسته‌ دارایی و ده‌ستكه‌وت و هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ تا ئێسته‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق جێبه‌جێ نه‌كراون، پارێزگاریان لێ بكه‌ین و به‌رده‌وام به‌دواداچوونی بۆ بكه‌ین.

ـ لەم هەڵبژاردنە چى دەکەوێتە سەر شانى هاووڵاتیانى کوردستان و بەرپرسیاریەتییەکەیان چ دەبێت؟
عەبدولحەکیم خەسرەو: گرنگە بۆ هاووڵاتیانى کوردستان کە ئەم له‌ چوارچێوه‌ی پرسی نه‌ته‌وایه‌تی مامه‌ڵه‌ لەگەڵ ئەم پڕۆسەیە بكەن و ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌ر هاووڵاتییه‌كی هه‌رێمی كوردستانه‌ كاری له‌سه‌ر بكات، ئه‌مه‌یش بۆ ئەوەیە کە چۆن بتوانین له‌ به‌غدا نوێنه‌ره‌كانمان به‌هێز بكه‌ین و توانای زیاترمان له‌ به‌غدا هه‌بێت چ له چوارچێوه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و چ له‌ چوارچێوه‌ی حكومه‌تی فیدڕاڵی، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌رگری له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌م ناوچانه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا كه‌وتبوونه‌ ژێر كاریگه‌ریی كۆمه‌ڵێك ئیداره‌ی خۆسه‌پێن و له‌ مامه‌ڵه‌كردنیان وه‌ك ئیداره‌ی به‌عس وابوون به‌ تایبه‌ت دووباره‌ به‌عه‌ره‌بكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كان، بۆیه‌ له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ به‌شداریكردنی هاووڵاتیان له‌ ده‌نگدان و پاڵپشتیكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پڕۆسه‌كه‌ كاریگه‌رییه‌كی به‌هێزی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و ناوچانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و ده‌ستوور بپارێزین و خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ڕووی ماف و شایسته‌كانیان سوودمه‌ند بن. پێم وایه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كاریگه‌رییه‌ی زۆر ئه‌رێنی ده‌بێت كه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌ كاراییه‌وه‌ به‌شداری له‌ پرۆسه‌كه‌دا بكه‌ن و كه‌سانی به‌ توانا و شاره‌زا و به‌هه‌ڵوێست بۆ نوێنه‌رایه‌تیكردنیان ده‌ستنیشان بكه‌ن و هه‌ڵیان بژێرن و پاڵپشتییه‌كی زۆر باش بن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بتوانێت زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر ماف و ده‌ستكه‌وته‌كانی بكات و ئه‌م قه‌واره‌ سیاسییه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی وه‌ك ئه‌ركی هه‌موان بیپارێزن.

ـ ئه‌گه‌ر رێژەی كورسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌م بكات، ئاستی مه‌ترسییه‌كان لەسەر خزمه‌تگوزارییه‌كان و دیپلۆماسی چەندە؟
عەبدولحەکیم خەسرەو: ئێمه‌ له‌ كاتی گفتوگۆكردنمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ به‌ تایبه‌ت له‌ كاتی دانووستانه‌كان له‌سه‌ر بودجه‌ی گشتی هه‌ستمان به‌ چه‌ند بابه‌تێك ده‌كرد، ئه‌وه‌ی كه‌ نوێنه‌رانمان له‌ لیژنه‌ی دارایی ڕۆڵێكی كارایان هه‌بێت له‌ به‌رگریكردن له‌و داواكارییانه‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتی دانوستانه‌كان كاری له‌سه‌ر ده‌كات، هاوكات ئه‌و رێژە‌ و نیسابه‌مان له‌ په‌رله‌مان هه‌بێت تا بتوانین كاریگه‌ریمان له‌سه‌ر بڕیاره‌كان هه‌بێت و كاریگه‌ریمان له‌سه‌ر زۆرینه‌ هه‌بیت كه‌ ئه‌و زۆرینه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ به‌رژە‌وه‌ندی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بێت، كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێت به‌ پێی ڕێككه‌وتن و هاوپه‌یمانێتی‌ بێتە دی، بۆیه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی كورسییه‌كانی نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌ری ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و یاسا و بڕیارانه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌رده‌چێت كه‌ دواجار كاریگه‌رییه‌كی ڕاسته‌وخۆ ده‌كاته‌ سه‌ر ژیانی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان. زیادبوونی رێژەی به‌شداریكردنی هاووڵاتیان له‌ ده‌نگدان و زیادبوونی رێژە‌ی كورسییه‌كانی نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و زیادبوونی كه‌سانی شیاو و لێوه‌شاوه‌ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌رێنی ده‌بیت له‌سه‌ر به‌هێزكردنی هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ هه‌موو ئامانجمان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بریتییه‌ له‌ به‌هێزكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا.

ـ به‌گشتی هاووڵاتیان گرینگیدانیان به‌ هه‌ڵبژاردن كه‌م بووه‌ته‌وه‌، ئایا ئێمه‌ چی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته‌ پێچه‌وانه‌ بكه‌ینه‌وه‌؟
عەبدولحەکیم خەسرەو: له‌وانه‌یه‌ تیمێكی حكومی له‌ دانوستانه‌كان به‌شدار بێت له‌ به‌غدا، له‌وانه‌یه‌ چه‌ند كه‌سێك نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ڵام ئه‌م كه‌سانه‌ به‌ ده‌نگی هاووڵاتیان و حكومه‌ت چوونه‌ته‌ ئه‌و شوێنه‌، بۆیه‌ شانازیكردنی هه‌ر هاووڵاتییه‌كی هه‌رێمی كوردستان بریتییه‌ له‌ به‌شداریكردنی له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و بریتییه‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنی كه‌سانی شایسته‌ و بەتوانا كه‌ توانای به‌رگریكردنیان له‌ ماف و ده‌ستكه‌وته‌كان هەبێت، بۆیه‌ بە بۆچوونی ئێمه‌ به‌شداریكردن له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ لە لایەن تاكی هه‌رێمی كوردستانەوە، وا دەکات کە ئەو تاکە ڕۆڵی هەبێت له‌و شانازی و به‌رگریكردن و به‌هێزكردنه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئامانجی حكومه‌ت و هەموو كوردستانییەکه‌، بۆیه‌ له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ به‌ پێویستی ده‌بینین هه‌ر تاكێكی هه‌رێمی كوردستان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌شداری له‌ پڕۆسه‌كه‌دا بكه‌ن.