وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار: حكومه‌تی هه‌رێم خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كانی فه‌رامۆش نه‌كردووه
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- فه‌رمانگه‌ی میدیا‌و زانیاری، گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئه‌نجام داوه كه تیایدا باسی پڕۆژەكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له بواری شاره‌وانی و ئه‌و چاكسازییانه‌ی له‌م كابینه‌یه‌دا له وه‌زاره‌تەکە ئه‌نجام دراوه كردووه، سه‌ره‌ڕای بابه‌تی هه‌ڵبژاردن و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی تایبه‌ت به خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی.
ـ لەنێو پڕۆسەى هه‌ڵبژاردنداین، به‌شداریكردنی هاووڵاتیان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه له‌١٠ی ئۆكتۆبه‌ر به‌ڕێوه ده‌چێت، بۆ هه‌رێمی كوردستان چه‌نده گرینگی هه‌یه؟
ساسان عه‌ونی: به دڵنیاییه‌وه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق گرینگی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه له پڕۆسه‌ی سیاسی عێراق، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عێراق وڵاتێكی فره نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزا و پێكهاته‌یه بۆیه زۆر گرینگه هه‌موو پێكهاته و نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزاكان له په‌رله‌مانی عێراق نوێنه‌ریان هه‌بێت و به‌شداریی كاریگه‌ریان هه‌بێت. ڕاسته به حوكمی ئه‌وه‌ی عێراق وڵاتێكی فره پێكهاته‌یه وه پێكهاته‌یه‌ك له یه‌كێكی تر زۆرتره به ژماره یا باڵاده‌ستتره، به‌ڵام ئه‌وه ئه‌و بابه‌ته ناگه‌یه‌نێت كه پێكهاته‌كانی تر یا نوێنه‌ری ئایین و ئایینزاكان كه ژماره‌یان له‌وان كه‌متره وه‌ك پێویست كار نه‌كه‌ن یان حه‌زی به‌شداریكردنیان نه‌بێت، نه‌خێر به‌شداریكردنی هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك له‌و هه‌ڵبژاردنه گرینگی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و قورسی و پێگه‌ی ئه‌و پێكهاتانه به دیار ده‌خات.
ـ ناردنی نوێنه‌رانی به‌هێز بۆ به‌غدا چه‌نده كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر كۆی پڕۆژەكانی په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌سه‌ندن له هه‌رێمی كوردستان؟
ساسان عه‌ونی: ئێمه وه‌ك خه‌ڵكی كوردستان كه پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی عێراقین و نوێنه‌ره‌كانمان له په‌رله‌مانی به‌غدا ده‌توانن به‌رگرییه‌كی باش له مافه شه‌رعی و ده‌ستوورییه‌كانمان بكه‌ن، بۆیه گرینگه خه‌ڵكی كوردستان كه ده‌نگ ده‌ده‌ن، ده‌نگ به كه‌سانی به‌هێز بده‌ن، ده‌نگ به‌و لایه‌نانه بده‌ن كه ده‌توانن به‌رگری له‌و مافه شه‌رعی و ده‌ستووریانه بكه‌ن، زه‌رووره كه هاووڵاتیانی ئێمه ئه‌وه‌یان له‌به‌ر چاو بێت كه ده‌بێت نوێنه‌ری كوردستانی هه‌ڵبژێرن نه‌وه‌ك هیچ بابه‌تێكی تر و پێویسته ئه‌و كه‌سانه ده‌نگیان پێ بدرێت كه پێگه‌ی سیاسی‌یان به‌هێزه و مێژوو و ڕابردووی سیاسی‌یان به‌هێزه و نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و لایه‌نانه بن كه ده‌توانن به شكۆوه به‌رگری له مافه‌كانی كوردستان بكه‌ن، به‌رگری له مافه‌كانی كوردستان ئه‌ركه له‌سه‌ر شانیان و به مێژوو سهلماندبێتیان كه ده‌توانن نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستان بن له به‌غدا نه‌وه‌ك نوێنه‌ری بهرژەوهندیی كه‌سیی یا هیچ بهرژەوهندییهكی تایبه‌تی كه پێچه‌وانه بێت له‌گه‌ڵ بهرژەوهندییهكانی خه‌ڵكی كوردستان.
ـ ئه‌و خزمه‌تانه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم پێشكه‌شی ده‌كه‌ن به‌تایبه‌تی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی به‌راورد به وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی عێراق چۆنی ده‌بینن و چه‌نده گرینگه ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه به هاووڵاتیان به‌رده‌وام بن وه چه‌نده‌ش ده‌به‌سترێته‌وه به ستراتیژیه‌تی به‌غدا؟
ساسان عه‌ونی: من نامه‌وێت ئه‌و به‌راورده بكه‌م به‌ڵكو ده‌بێت خه‌ڵكی كوردستان و شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق و خه‌ڵكی بێ لایه‌ن بیكه‌ن، سه‌ره‌ڕای كه‌می داهات ئه‌و قه‌یرانه داراییه‌ی كه هه‌مانبووه، سه‌ره‌ڕای گه‌مارۆی دارایی به‌غدا له‌سه‌ر هه‌رێم و نه‌دانی شایسته داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان توانیویه‌تی سه‌ركه‌وتووانه كه‌رته‌كانی حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه ببات، بۆ هه‌ر بارودۆخێكی ناخۆش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ یه‌ك ڕۆژیش ئاستی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ی فه‌رامۆش نه‌كردووه و ڕانه‌وه‌ستاوه، سه‌ره‌ڕای بوونی قه‌یران و بوونی نه‌خۆشی و ناخۆشی ئه‌م خزمه‌تگوزارییانه به‌رده‌وام بوونه، جگه له‌م خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییانه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له هه‌ر ده‌رفه‌تێك پاشه‌كه‌وتێكی هه‌بووبێ توانیومانه پڕۆژەی پێ بكه‌ین و له پڕۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه و خزمه‌تكردنی شار و شارۆچكه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین.
ـ له‌ماوه‌ی ئه‌و دووساڵه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌مدا سه‌ره‌ڕای ئه‌و قه‌یرانانه‌ی ئاماژەتان پێ كرد زۆر كاری ستراتیژی و گرینگ ئه‌نجام دراون ده‌توانیت ئاماژە به‌و پڕۆژە جددی و ستراتیژیانه بده‌ن كه له وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ئه‌نجامتان داوه؟
ساسان عەونى: پێش وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌و خزمه‌تانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌شیان ده‌كات هێشتا خه‌ڵكی كوردستان شایه‌نی زیاتر و به‌رزترن، وه‌ك كارنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌ك تهوجیهاتهكانی جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه بووه كه ده‌بێت باشترین كار و خزمه‌ت و هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خۆمان هه‌بێت. بابه‌تێكی دڵخۆشكه‌ر هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه به‌رده‌وام خه‌ڵك ئاستى داواكارییه‌كانی له حكومه‌ت به‌رزه، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر ڕەنگدانهوهی شتێك بێت ئه‌وه‌یه كه هاووڵاتیان متمانه و باوه‌ڕیان به حكومه‌ت هه‌یه، بۆیه داواكارییه‌كانیان به‌رزه و داوای باشترین شت ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌یه كه داواكاری خه‌ڵك له حكومه‌ته‌كه‌ی داواكارییه‌كی ڕەوایه و پێیانوایه كه حكومه‌ت ده‌توانێت ئه‌و داخوازیانه‌یان بۆ جێبه‌جێ بكات. سه‌باره‌ت به‌و پڕۆژانه‌ی ده‌تواندرێت له‌م چوار ساڵه‌دا جێبه‌جێ بكرێت به‌سه‌ر چوار سێكته‌ردا دابه‌ش ده‌كرێت: له بواری خزمه‌تگوزاری شاره‌وانی و ئاو و ئاوه‌ڕۆ و گه‌شتوگوزار و شوێنه‌وار. ئه‌وانیش سێ پۆلێنیان بۆ كراوه، به‌شێكیان پڕۆژە بهردهوامەکانن كه له كابینه‌كانی پێشووتره‌وه كاریان تێدا ده‌كرێ و پڕۆژەی درێژخایه‌نن، پڕۆژەكانی پلانی وه‌زاره‌ت و سێیه‌م جۆریش ئه‌و پڕۆژانه‌ن كه له‌سه‌ر داهاتی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار جێبه‌جێ ده‌كرێن.
ـ ئه‌و پڕۆژە ستراتیژیانه چین كه ده‌بێت به خێرایی جێبه‌جێ بكرێن و ئێوه‌ش كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت دووپاتی ده‌كاته‌وه كه ده‌بێت كاره‌كان تا بكرێت به زوویی جێبه‌جێ بكرێن؟
ساسان عه‌ونی: ئه‌گه‌ر به ژماره ئاماژەی پێ بده‌م ئه‌و پڕۆژانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم جێبه‌جێ ده‌كرێن و به پڕۆژەی گه‌وره و ستراتیژی ناوده‌برێن ٣٩ پڕۆژەمان هه‌یه له بواری خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانی جێبه‌جێ ده‌كرێن و ١٠ پڕۆژەشمان هه‌یه له بواری سێكته‌ری ئاو جێبه‌جێ ده‌كرێن و ٣ پڕۆژەشمان هه‌یه كه له بواری گه‌شتوگوزار جێبه‌جێ ده‌كرێن. له بواره‌كانی تریش ٢٦٢ پڕۆژەمان هه‌یه له‌سه‌ر داهاتی شاره‌وانییه‌كان به گوژمه‌ی ٢٦,٢٩٠,٠٠٠,٠٠٠ دینار له هه‌موو پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێن و ١١٧ پڕۆژە له‌سه‌رداهاتی ئاو جێبه‌جێ ده‌كرێن به بڕی ٤,٠٣١,٠٠٠,٠٠٠ دینار له‌سه‌رجه‌م پارێزگانی هه‌رێم جێبه‌جێ ده‌كرێن، و ١٨ پڕۆژەش له‌سه‌ر داهاتی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی جێبه‌جێ ده‌كرێن.
ـ ئێوه له ماوه‌ی ڕابردوودا چیتان كردووه له ڕووی چاكسازی؟
ساسان عەونى: به شێوه‌یه‌كی گشتی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م و تهوجیهاتهكانی سه‌رۆكی حكومه‌تمان جێبه‌جێ كردووه، چاكسازییه‌كانی ئێمه له وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار چاكسازی بوون له بواری كارگێڕی و گرێبه‌سته‌كان و ڕێنماییه‌كانی نه‌خشه‌دانان و پلانسازی و بواره یاساییه‌كان، چاكسازی له بواری كارگێڕی به پێی ئه‌و ڕێنماییانه‌ی له وه‌زاره‌تی دارایی و فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به دواداچوون داندراوه بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بێت به‌م بابه‌ته‌وه نزیكه‌ی ٧٥%ی كاره‌كان ته‌واو بوونه و به‌رده‌وامیش كاری لێ ده‌كرێت و لیژنه‌ی تایبه‌تیشمان له هه‌موو پارێزگاكان هه‌یه كار له‌سه‌ر ئه‌و بواره ده‌كه‌ن. چاكسازی له بواری گرێبه‌سته‌كان و پێداچوونه‌وه به‌و گرێبه‌سته درێژخایه‌نانه‌ی كه خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی هاووڵاتیان ده‌كرا و دانانی مه‌رج و خزمه‌تی زیاتر كه بگاته هاووڵاتیان و هێنانه خواره‌وه‌ی نرخه‌كان به شێوه‌یه‌ك كه باری دارایی سه‌رشانی حكومه‌ت ئاسان بكات و بارگرانیی له‌سه‌ر هاووڵاتیان دروست نه‌كات، له بواری ڕێنماییه‌كانی پلانسازی، دانانی چه‌ندین پلانی چاكسازی كه ئه‌و بابه‌ته پڕۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وام و درێژخایه‌نه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ فراوانبوونی شاره‌كان بابه‌تی نوێ و گرفتی نوێ دێته پێشه‌وه كه به‌رده‌وام كاری تێدا ده‌كه‌ین ، وه له بواره یاساییه‌كان چه‌ندین یاسا و ڕێنمایی له ماوه‌ی ئه‌و دووساڵه‌دا كاری له‌سه‌ر كراوه و توانیومانه به‌سه‌ركه‌وتوویی كاری له‌سه‌ر بكه‌ین و ئێستاش چه‌ند پڕۆژەیاسایه‌ك له وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ئاماده كراوه و له‌به‌رده‌ستی لیژنه تایبه‌ته‌كانی په‌رله‌مانه تا كاری له‌سه‌ر بكرێت.
ـ خۆتان ئاماژەتان به‌وه‌دا كه سه‌رباری بوونی ئه‌و هه‌موو قه‌یران و كێشه داراییه‌ی له ڕابردوودا هه‌بووه به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام خزمه‌تگوزاریه‌كانی پێشكه‌ش كردووه، ئایا تا چه‌ند گرینگه خه‌ڵك بچێته هه‌ڵبژاردن و نوێنه‌ره‌كانی خۆی هه‌ڵبژێرێت تاكو داكۆكیان لێ بكات، چونكه خه‌ڵكێك هه‌ن ده‌ڵێن ده‌بێت سزای حكومه‌تی هه‌رێم بدرێت به‌وه‌ی نه‌چنه سه‌ر سندووقه‌كانی هه‌ڵبژاردن؟
ساسان عەونى: ده‌بێت ئه‌و دوو بابه‌ته جیا بكرێته‌وه، هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ران بۆ په‌رله‌مانی عێراق جیاوازه له هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌بێت خه‌ڵكی ئێمه به ئاگاتر و هۆشیارانه‌تر ئه‌و بابه‌ته لێك بداته‌وه. ئیراده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به شێوه‌یه‌كه كه خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات و پێی وایه خه‌ڵكی كوردستان شایه‌نی خزمه‌تی زیاتر و كاری زیاتر و هه‌موو قوربانیدانێكه، ئه‌و ئیراده‌یه شۆڕ بووەته‌وه بۆ هه‌موو جوومگه و فه‌رمانگه‌كانی دام و ده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌كو گوتم به خۆشحاڵییه‌وه به‌رده‌وام خه‌ڵك داواكاری و داخوازی هه‌یه، كه‌واتا حكومه‌تی هه‌رێم دابڕاو نه‌بووه له داخوازییه‌كانی خه‌ڵك وه دابڕاو نه‌بووه له‌و داواكاریانه‌ی خه‌ڵك كه توانیویه‌تی به‌شێكی جێبه‌جێ بكات و به دڵنیاییه‌وه ئایینده‌ش ده‌یسه‌لمێنێت كه ده‌توانێت چیتر و چی باشتر پێشكه‌ش بكات، بۆیه داوا له خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین كه به متمانه و بڕواوه بڕوایان به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت و به‌شدارییه‌كی كارا له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و له ڕۆژی ده‌نگدان ده‌نگ به‌و كه‌سانه بده‌ن كه به ڕاستی ده‌توانن نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن، خه‌ڵكی كوردستان خاوه‌نی قه‌زیه و پێگه‌یه و مافی ده‌ستووری و شه‌رعیمان له به‌غدا هه‌یه و پێویسته ده‌نگ به‌و كه‌سانه بدرێت كه ده‌توانن ئه‌و مافه شه‌رعی و ده‌ستووریانه به ده‌ست بێنن.