پڕۆژەی هایدرۆ پاوه‌ری دێره‌لووك.. پڕۆژەیەکى ستراتیژیی كابینه‌ی نۆیه‌م
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بابه‌تی كاره‌با و به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با یه‌كێك بووه له كاره له پێشینه‌كانی ئه‌م كابینه‌یه، لەبەر ئەوەى ساڵانێكی زۆره خه‌ڵكی له كه‌می كاره‌بای نیشتیمانی گله‌یی و گازه‌نده‌یان هه‌یه و پێیانوایه حكومه‌ت ده‌توانێت هه‌نگاوی باشتر و جددی تر بنێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی كاره‌باو باشتركردنی له‌وه‌ی كه ئێستا هه‌یه، كابینه‌ی نۆیه‌م چه‌ندین پڕۆژەی گرنگی له بواری كاره‌با و ئاو جێبه‌جێ كردووه، به‌ڵام دروستكردن و به ئه‌نجامگه‌یاندنی پڕۆژەیه‌كی له‌م جۆره تا ئێستا له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان نه‌كراوه ، چونكه له دوای ساڵی ١٩٥٧ كه پڕۆژەی هایدرۆپاوه‌ر له‌سه‌ر ئاوی دۆكان دروست كرا، ئه‌مه‌ی دێره‌لووك به یه‌كه‌م پڕۆژەی هاوشێوه داده‌نرێت كه حكومه‌تی هه‌رێم دروستی ده‌كات.
ئەم پڕۆژەیە ئێستا لە چ حاڵێکدایە؟
دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژەیه، زه‌وی پێویستی ته‌رخان كرد و له بری زه‌ویه‌كانیش كه موڵكی خه‌ڵكی ناوچه‌كه بوون قه‌ره‌بووی پێدانه‌وه و ته‌واوی پلانی جیبه‌جێكردنی پڕۆژەكه‌ش له‌ڕێی حكومه‌ته‌وه دانرا، ئیدی كاركردن له‌م پڕۆژەیه ده‌ستی پێ كرد.
له‌م باره‌یه‌وه ئه‌ندازیار سائیر ئەحمەد عەبدولفەتاح ئه‌ندامی وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌م پڕۆژەیه زانیارییه‌كانی به‌م شێوه‌یه بۆ فه‌رمانگه‌ی میدیا‌و زانیاریی حکومەتى هەرێمى کوردستان خسته ڕوو کە "وێستگه‌ی هایدرۆپاوه‌ری دێره‌لووك له‌سه‌ر زێی گه‌وره له لایه‌ن هه‌ردوو كۆمپانیای فارابی و بڵندپایه جێبه‌جێ ده‌كرێت له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی كۆمپانیایELC ئیتالی و وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
قۆناغە سەرەکییەکانى پڕۆژەکە:
- قۆناغی یه‌كه‌می ته‌واو بووه كه بریتییه له وێستگه‌ی ١٣٢ کەى.ڤى دێره‌لووك كه تایبه‌ته به دابه‌شكردنی كاره‌با دوای به‌رهه‌مهێنان
- قۆناغی دووه‌می وێستگه‌كه، بە به‌رده‌وام كاری تێدا ده‌كرێت.
- تا ئێستا ڕیژەی ٨٧%ی كاره‌كانی ئه‌م پڕۆژەیه ته‌واو بووه و بڕیار وایه له كۆتایی ئه‌مساڵدا ته‌واوی كاره‌كانی كۆتایی پێ بێت و بڕی ئه‌و كاره‌بایه‌ی لێی به‌رهه‌م دێت بخرێته ناو تۆڕی نیشتیمانییه‌وه.
زانیاریی زیاتر لەسەر پڕۆژەکە:
- ئه‌م پڕۆژەیه پێك دێت له به‌ربه‌ستێكی ئاولادهرو ئاووهرگر و تونێڵێك به درێژی ١٠٠ مەتر و به‌رزی ١٧ مەتر و كه‌ناڵی ئاو و حه‌وزی نیشتن و ژووری وزه و دوو یه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با و وێستگه‌یه‌كی ١٣٢ کەى.ڤى.
- قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌م پڕۆژەیه ته‌واو بووه و ئێستا كار له قۆناغی دووه‌م ده‌كرێت.
- بڕی پاره‌ی ته‌رخانكراو بۆ قۆناغی دووه‌م بریتییه له ١٢٩.٥ ملیۆن دینار
- بڕی پاره‌ی ته‌رخانكراو بۆ ته‌واوی پڕۆژەكه ١٥١.٨ملیۆن دیناره
- ئه‌و به‌نداوه‌ی لێی دروست ده‌كرێت به‌رزییه‌كه‌ی ١١ مه‌تر ده‌بێت
- چه‌ند فیلته‌رێك له‌سه‌ر ڕێڕەوی ئاوه‌كه داده‌نرێت بۆ ئه‌وه‌ی هیچ پیسی و زبڵ و خاشاكێك له كۆتاییدا نه‌مێنێته‌وه.
- وێستگه‌كه له دوو تۆڕباینی گه‌وره پێك هاتووه كه هه‌ر یه‌كێكیان بڕی ١٨.٦ مێگا ڤۆڵت ئه‌مپێر كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنێت واتە به هه‌ردوو تۆڕباینهكه نزیكه‌ی ٣٨ مێگا ڤۆڵت ئه‌مپێر كاره‌با به‌رهه‌م دێنن و دواتر به تۆڕی نیشتیمانییه‌وه ده‌به‌سترێته‌وه.
- ڕۆژانه زیاتر له ٣٠٠ كه‌س له‌م پڕۆژە‌یه‌دا كار ده‌كه‌ن كه ١٥%ی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ن.
- ته‌واوی ئه‌ندازیاره‌كان كوردن له‌گه‌ڵ یه‌ك ئه‌ندازیاری ئیتالى وەک هاوکاریان.
- ئه‌م پڕۆژەیه به دۆستی ژینگه‌ش داده‌نرێت، چونكه له‌سه‌ر ئاو كار ده‌كات و هیچ كاریگه‌رییه‌كی خراپی بۆ سه‌ر ژینگه نییه.
سوودەکانى دیکەى پڕۆژەکە:
پڕۆژەى هایدرۆپاوه‌ری دێره‌لووك دوای ته‌واوبوونی چه‌ندین سوودی ڕاسته‌وخۆی لێ وه‌رده‌گیرێت له‌وانه:
- به ته‌واوبوونی دواقۆناغی پڕۆژەكه بڕی ٣٨ مێگا ڤۆڵت ئه‌مپێر كاره‌با به‌رهه‌م دێت و تێكه‌ڵ به كاره‌بای نیشتیمانی ده‌كرێته‌وه.
- چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌می ڤۆڵتییه ده‌كات.
- ئه‌م پڕۆژەیه له بواری سامانی ئاژەڵی له ئاینده‌دا سوودی به‌رچاوی ده‌بێت.
- له بواری گه‌شتوگوزاریدا سوودێكی به‌رچاو به ناوچه‌كه ده‌گه‌یه‌نێت.
- به دانانی چه‌ند فیلته‌رێك ئه‌و ئاوه‌ی كه زیاد له پێویستی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌باكه ده‌مێنێته‌وه ده‌به‌سترێته‌وه به پڕۆژەی ئاوی پاك و سوودی بۆ ناوچه‌كه ده‌بێت.
- له بواری كشتوكاڵیدا خه‌ڵكی ناوچه‌كه سوودی لێ وه‌رده‌گرن.
ـ به گوێره‌ی ئه‌و مێژووه‌ی كه باسی لێوه ده‌كرێت، مێژووی پردی كه‌لیا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می دروستكردنی پردی ده‌لال له زاخۆ و ئه‌مه‌ش وای كردووه كه بیر له‌وه بكرێته‌وه ئه‌م پرده به شێوه كۆنه‌كه‌ی خۆی نۆژەن بكرێته‌وه و بڕە پاره‌یه‌كیش ته‌رخان كراوه بۆ ئه‌وه‌ی دوای ته‌واوبوونی ئه‌م پڕۆژەیه بكرێته شوێنێك خه‌ڵكی بۆ گه‌شتكردن و بینینی ئه‌م شوێنه‌واره كۆنه سه‌ردانی بكه‌ن كه ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا ده‌بێته هۆی زیادبوونی داهات و خه‌ڵكی ناوچه‌كه سوودمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بن له‌م جۆره پڕۆژانه.
دوای ته‌واوبوونی ته‌واوی قۆناغه‌كانی ئه‌م پڕۆژەیه، پلانه‌كه به شێوه‌یه‌كه كه له‌گه‌ڵ وێستگه‌ی بارزان و هه‌ولێر بكرێته یه‌ك بازنه و سوودی لێ وه‌ربگیرێت.