Skip to the content

به‌ بڕیاری سه‌رۆكی حكومه‌ت ٥٠%ی نرخی كاره‌بای فڕن و نانه‌واخانه‌كان كه‌م كرایه‌وه‌

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دوای ئه‌وه‌ی به‌ مه‌به‌ستی به‌دواداچوونی كێشه‌ و گرفته‌كانیان و به‌رگرتن له‌ لێكه‌وته‌كانی، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری فڕن و نانه‌واخانه‌كانی هەرێمی کوردستان كۆبۆوه‌ و هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری دا ٥٠%ی نرخی كاره‌با بۆ نانه‌واخانه‌ و فڕنه‌كان كه‌م بكرێته‌وه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش ڕاسپێردران بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌.

‌ ئومێد ئه‌حمه‌د وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای هەرێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی ٥٠%ی نرخی كاره‌بای فڕن و نانه‌واخانه‌كان، به‌ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ڕاگه‌یاند''حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جۆرێك له‌ كارئاسانی بۆ فڕن و نانه‌واخانه‌كان كردووه‌ و ده‌یه‌وێت له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ بارگرانیان له‌سه‌ر لا ببات.''
ئه‌م بڕیاره‌ی حكومه‌تی هه‌رێم دوو سوودی ڕاسته‌و خۆی هه‌بوو، یه‌كیان به‌ قازانجی خاوه‌ن فڕن و نانه‌واخانه‌كان و ئه‌وه‌ی دیكه‌شیان ڕێگر بوو له‌ گرانبوونی نرخی نان و سه‌موون له‌ هه‌رێمی كوردستان و بەوەش هاووڵاتیان تیایدا سوودمه‌ند بوون.

ئەحمەد عەلی خاوه‌نی یەکێک لە نانەواخانەکانی شاری هەولێرە و بە فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری راگەیاند'' سو‌پاسی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین ئێمه‌ی له‌ بیر بوو، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاری ئێمە زیاتر پەیوەستە بە ئارد و گازەوه‌، پێشتر لیتری گاز بە ٣٠٠ دینار یان ٢٩٠ دینار بۆمان ده‌هات، به‌ڵام لە ئێستادا بە ٥٨٠ یان ٥٧٠ دینار بۆمان دێت، هەروەها ئاردەکەش پێشووتر بە ٢٨ هەتا ٣٠ هه‌زار دینار بۆمان دەهات، بەڵام ئێستا بە ٤٧ یان ٤٦ هه‌زار دینار بۆمان دێت وغازیش پێشووتر بە ٦ هەزار بوو بەڵام ئێستا بووە بە ١٢ یان ١٣ هەزار دینار، بۆیە نرخی هەموو پێداویستییەکان زۆر گرانە و داوا لە حکومەت دەکەین نرخی پێداویستییەکانمان بۆ هەرزان بکات و دەستخۆشیان لێ دەکەین.''
رێبین عەبدوڵا خاوەن نانەوا خانەیەکی دیکە و ئاماژەی بەوەدا کە گرانبوونی ئارد کاریگەری زۆری لەسەر ئەوان هەبووە، بۆیە داوا لەحکومەت دەکەن یارمەتییان بدات و چارەسەرێکیان بۆ بدۆزێته‌وه‌. هەروەک چۆن به‌ بڕیارێك کێشەی کارەبا چارەسەر کرا ئاواش کێشەی ئارد و گازیان بۆ چارەسەر بکات.

ئه‌و پاڵپشتییه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ خاوه‌ن فڕن و نانه‌واخانه‌كان، ته‌نها له‌ داشكاندنی نرخی كاره‌با نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌ڵگرتنی ڕه‌سمی گومركی له‌سه‌ر ئارد و ڕێكخستنه‌وه‌ی وه‌رگرتنی باج له‌ پیشه‌وه‌ران، دوو هه‌نگاوی حكومه‌ت بوون له‌ پێناو پاڵپشتیكردنی پیشه‌وه‌ران و به‌رده‌وامیی كاركردنیان و سه‌قامگیركردنی بازاڕه‌كان نرابوون.

بۆ بینینی راپۆرتی ڤیدیۆیی کلیک لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە:

https://youtu.be/3nBFgQLveFU

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری
21ی نیسانی 2022