Skip to the content

وەرگێڕى زمانى ئاماژە بۆ نابیستان دابین دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی ٢٢ی ئابی ٢٠٢٢، لە دیوانی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستان، یادداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەت و ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت(CDO)، واژوو کرا.

یاداشتنامەکە بۆ ئامادەکردن و پێگەیاندنی وەرگێڕانی زمانی ئاماژە بوو بۆ نابیستان کە لەناو کۆمەڵگە و بوارى میدیایی تووشى کێشەى تێنەگەیشتن و لێکحاڵینەبوون و ئاستەنگى جێبەجێکردنى کارەکانیان دەبنەوە.

پرۆژەکە بە چەند قۆناغێکدا دەڕوات، کە یەکەم قۆناغ پێگەیاندنی ٢٠ وەرگێڕی زمانی ئاماژەیە بۆ نابیستان لە لایەن ڕێکخراوەکە و بودجەکەی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و بە پشتیوانی کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت.

ئەمە یەکەم جارە پرۆژەی لەم شێوەیە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت کە ئەمەش لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی دێت بۆ خزمەتکردنی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و ڕاییکردنی کارەکانیان لە دامودەزگا حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی (نابیستان).

 

پڕۆژەکە بۆ حکومەت و نێردە نێودەوڵەتییەکان گرنگە

ئاواز عەبدولخالق عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەرى کاروبارى یاسایی لە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى بە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕایگەیاند:''یەکێک لە داواکارییە بەردەوامەکانى نێردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتى هەرێمی کوردستان و ئێمە دابینکردنی وەرگێڕە بۆ نابیستان، چونکە بەلاى ئێمە و ئەوانیشەوە گرنگە کە لە دامودەزگا حکومییەکان وەرگێڕ هەبێت بۆ ئەم توێژەى کۆمەڵگە.''

بەڕێوەبەرى کاروبارى یاسایی لە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى ئاماژەشی بەوەدا کە ئەوە کەلێنێک بوو لە کوردستان کە بەداخەوە نابیست دەچووە هەر شوێنێکى حکومەت نەیدەتوانى مەبەستى خۆى بگەیێنێت، یا دابمەزرێت، ئەوەبوو ئەم هەلە هاتە پێشەوە و ئەو دەستپێشخەرییە لە لایەن ڕێکخراوى گەشەپێدانی مەدەنیەت بە هاوکارى وەزارەتى دەرەوەى ئەڵمانیا و کونسوڵیەى ئەو وڵاتە لە هەرێمى کوردستان کرا، تا یاداشتى لێکتێگەیشتن واژوو بکرێت بۆ ڕاهێنانى کەسانێک کە زمانى ئاماژە بزانن بۆ ڕاییکردن و هاوکارى نابیستان لە دام و دەزگا حکومییەکاندا.

 

ئامانجى پڕۆژەکە

ئامانجى یاداشتە واژوکراوەکەى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و ڕێکخراوەکە بە چەند خاڵێک دیارى کراوە کە بریتین لە:

 

ـ پێگەیاندنی ٢٠ وەرگێڕی زمانی ئاماژە بۆ نابیستان بۆ ١٤ حەفتە کە هەر حەفتەى ٤ ڕۆژ وانە دەخوێنن تا بتوانن هاوکاری نابیستان بن لە ڕاییکردنی مامەڵە حکومییەکان.

ـ تۆمارکردنی وانەکانی فێربونی زمانی ئاماژە بۆ یەکەم جار لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش و بڵاوکردنەوەی لە ماڵپەرەکانی وەزارەتەکە و ڕێکخراوەکە و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا تا زۆرترین کەس بتوانن سودی لێببینن.

ـ هەوڵدان بۆ بڕواپێهێنانی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، تا لایەنیکەم هەواڵە سەرەکییەکان یاخود بەرنامە پڕبینەرەکانیان لەگەڵ هەبوونی وەرگێڕی زمانی ئاماژە پەخش بکەن، تا نابیستان لە هەواڵ و زانیارییە گرنگەکان بێبەش نەبن.

 

هەنگاوى یەکەمى پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت

وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕاهێنەرانی وەرگێرانی زمانی ئاماژە کە کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانین، دەستنیشان دەکات تا ڕاهێنەری سەرەکی بن لە کۆرسی زمانی ئاماژە و پاشان دەرچووانی کۆرسی زمانی ئاماژە بە بەڕێوبەرایەتییە حکومییەکان و کۆمەڵگەی نابیستان دەناسێنرێت تا بتوانرێت سود لە تواناکانیان وەربگیرێت پاش تەواوکردنی کۆرسەکە و وەرگرتنی بروانامەی دەرچوون.

 

شارۆ شاهۆ موعتەسەم، بەڕێوەبەرى پڕۆژەى دروستکردنى وەرگێڕى زمانى ئاماژە بۆ نابیستان تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند:''بیرۆکەکەمان گەڵاڵى کرد بە ئاراستەى دروستکردنى وەرگێڕى ئاماژە بۆ نابیستان لە سۆنگەى ئەوەى کە ئەمڕۆ نابیستان پێویستییەکى زۆریان بەوە هەیە ئامانج و پەیامەکانیان بگەیێنن، بەڵام بەهۆى کەمى وەرگێڕى زمانى ئاماژەوە ئاستەنگیان بۆ دروست بووە و لەنێو دامودەزگا حکومییەکان کۆمەڵگەى مەدەنى. پاشان پڕۆپۆزەڵێک بۆ کونسوڵییەى ئەڵمانى لە هەرێمى کوردستان ئامادە کرا و دواى پەسەندکردنی بە هاوکارى لایەنى دارایی وەزارەتى دەرەوەى ئەڵمانیا پاڵپشتى دارایی بۆ پڕۆژەکە دابین کرا، کە ٢٠ وەرگێڕى زمانى ئاماژە وەک قۆناغى یەکەمى پڕۆژە لە پارێزگاى سلێمانى ڕادەهێنرێت بۆ ئەوەى فێرى زمانەکە بن و هاوکات هانی دامەزراوە میدیا ناسراوەکان دەدەین بۆ ئەوەى وەرگێڕانى زمانى ئاماژە زیاد بکەن بۆ پڕۆگرامە پڕ بینەرەکانیان.''

 

حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى یاسا و وەزارەتەکانییەوە گرنگى داوە بە کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت و لەسەر یاسای ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییانى تایبەت و کورتەباڵا، ژمارە ٢٢ ى ساڵى ٢٠١١ هەمواکراو بە یاساى ژمارە ٨ى  ٢٠٢١، کارى لەسەر پەروەردە و تەندرووستى و ڕاهێنان و ڕێگەوبان و زانیاری و مۆڵەتى شۆفێری و دامەزراندنى خاوەن پێداویستیانى تایبەت و کورتەباڵا و نابیستان لە هەردوو کەرتى گشتى و تایبەت کردووە و بە گرنگى دەزانێت کە زیاتریش هاوکاریان بێت کە نزیکەی ٦٥٠٠ نابیستمان هەیە لە هەرێمی کوردستان.

ئێستا ئەگەر نابیست خۆى لە بنەڕەتدا فەرمانبەر بێت و مووچەى هەبێت، ١٠٠ هەزار دینارى زیادەى وەک دەرماڵە پێ دەدرێت، ئەگەر هاتوو خانەنشین کرا ئەوا ١٠٠ هەزار دینارەکەى لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆڕى پاراسانى کۆمەڵایەتى لە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر کەسى نابیست فەرمانبەر نەبوو ئەوا ١٥٠ هەزار دینار مانگانە وەردەگرێت لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى لە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و ئێستا نابیستان لە ڕووى خوێندنەوە باش چوونەتە پێشەوە و حکومەتى هەرێم قوتابخانەى تایبەتی بۆ کردوونەتەوە و نابیستان توانیویانە قۆناغى ئامادەیی و ئامادەییەکانى پیشەسازى ببڕن و تەنانەت هەندێکیش گەیشتوونەتە پەیمانگە و تیایدا سەرکەوتوو بوون.

 

فەرمانگەی میدیاو زانیاری

٣١ی ئابی ٢٠٢٢