Skip to the content

ڕاییکردنى کاروبارى فەرمانبەر و هاووڵاتیان لە خوێندنى باڵا ١٠٠% بەئەلیکترۆنی کراوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- د. توانا نجف حەمەخان بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەبارەى بەئەلیکترۆنیکردنى وەزارەت و بەڕێکردنى کارى فەرمانبەران و هاووڵاتیان بە شێوەى ئەلیکترۆنى، وەک فەرمانگەى میدیا و زانیارى ئەم گفتوگۆیەى لەگەڵ ئەنجام درا:

ـ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی کارى لەسەر بەشێکى کارنامەى حکومەتى هەرێم کردووە تایبەت  بە بەئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکان، لەم بارەوە گەیشتوونەتە کوێ؟

د. توانا: وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وه‌ك یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی داوه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ئیشوكاره‌ كارگێڕی و داراییه‌كانی سه‌رجه‌م زانكۆكان و نێو وه‌زاره‌ت بکاتە ئه‌لیكترۆنی بۆ ئاسانكاریی هاووڵاتیان تا بتوانن له‌ ماڵی خۆیان‌ یا له‌ شوێنی جوگرافییانەوە به‌دواداچوون بۆ نووسراو و كاره‌كانیان بكه‌ن.

سه‌ره‌تای بەئەلیکترۆنیکردنی كاره‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ ساڵی ٢٠١٧ـەوە ده‌ستی پێ كرد لە ڕێگەى سیسته‌مێكه‌وه‌ بە ناوی (mhe) کە دەکرێت هەم لە ئایۆئێس و هەم ئەندرۆید وەک ئەپێک دابگیردرێتە سەر مۆبایل و یا لاپتۆپ و دواتر ‌ کەسەکە به‌دواداچوون بۆ نووسراوه‌كانی‌ لە وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ زانستی بکات.

ـ له‌ ناو سیسته‌مه‌كه‌ چ بەشێک هەیە‌؟

د. توانا: سه‌رجه‌م ئه‌و ئیشوكاره‌ كارگێڕی و داراییانه‌ی كه‌وا دەگاتە وه‌زاره‌تمان، له‌و سیسته‌مه‌ ده‌رده‌كه‌وێ، هه‌ر هاووڵاتی و مامۆستا و فه‌رمانبه‌رێك، هه‌ر كارێكی له‌ وه‌زاره‌ت هەبێت، ته‌نیا لە ڕێگەى ئه‌و ئه‌پڵیكه‌یشنەى نێو‌ مۆبایله‌كه‌‌ی، ده‌توانێت به‌دواداچوونی بۆ بكات و هه‌ر به‌ڕێزێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی تریش سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیشه‌وه‌ نووسراوێكی ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تمان کردبێت، دەتوانێت بە داخڵکردنى نێو و ژمارە و ڕێکەوتى نووسراو لە نێو ئەپى mhe، بۆى دەردەکەوێت کە نووسراوەکەى له‌ چ قۆناغێكدایه‌، بۆیە لە زاخۆوه‌ بۆ خانه‌قین، پێویست ناكات فەرمانبەر و مامۆستا و هاووڵاتیان سه‌ردانی وه‌زاره‌ت بكەن، چونکە لە سیستەمەکە و چرکە نیشان دەدات کە نووسراوەکەى لە کوێیە و کەى واژوو دەکرێت، چونکە ڕاستەوخۆ و دواى هەر ژوورێک کە ببرێت سكان ده‌كرێت و دێتە نێو سیستەم و دەگاتە وه‌زاره‌تمان و ئێمه‌ش به‌ پێی یاسا و رێنماییه‌كان له‌ ناو دیوانی وه‌زاره‌ت كارەکانى بۆ ئەنجام دەدەین.

ئه‌مه‌ بۆ زانكۆ و وه‌زاره‌ته‌كانیش به‌ هه‌مان شێوه‌یە و به‌رنامه‌مان هه‌یه‌ فراوانترى بکەین، ئێستا بایه‌تی دارایی و سه‌رچاوه‌ مرۆیی و یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌كان و هه‌موو ئه‌و ئیشوكارانه‌ی كه‌وا په‌یوه‌ندی به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌یه‌ له‌م سیسته‌مه‌کە داخڵ كراوە.

ئەم کاروبارانە بە تەواوى بەئەلیکترۆنی کراون، جگە لە هه‌ندێك حاڵه‌تی وه‌ك یه‌كسانیكردنه‌وه‌ی بڕوانامه‌كان نەبێت کە لە‌ كۆتاییدا له‌وانه‌یه‌ پێویستی به‌ سیمینار بێت بۆیە دەبێت کەسەکە سه‌ردانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بكات بۆ ئه‌وه‌ی سیمیناره‌كه‌ی ئه‌نجام بدات، یان کۆتایی هاتبێ بۆ ئه‌وه‌ی هاردوێر کۆپى وه‌ربگرێته‌وه سەردانمان بکات،‌ ئه‌گینا پێویست ناكات کەس سه‌ردانی وه‌زاره‌ت بكات.

ـ سەبارەت بە ئیشوكاره‌كانی دارایی، چ کراوە؟

د. توانا: سه‌باره‌ت به‌ ئیشوكاری دارایی، ئه‌مه‌یان تایبه‌ته‌ به‌ ئیشوكاری وه‌زاره‌تمان، بۆ به‌رچاوڕوونی به‌رێزتان سه‌رجه‌م ئه‌و ئیشوكاره‌ داراییانه‌ی وه‌زاره‌ت له‌ زانكۆكان ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ خوولەک و چرکە سكان ده‌كرێت و دێته‌ ناو سیسته‌مه‌كه‌ی ئێمه‌وه‌، ده‌توانین بڵێین هه‌ر له‌ زاخۆوه‌ بۆ خانه‌قین دیسان كاروباره‌ داراییه‌كانمان بەئەلیکترۆنى کردووە و بە سكانکردنیان دێنه‌ ناو ئه‌و سیسته‌مه‌وه‌ له‌و سیسته‌مه‌ش لایەنە پەیوەندیدارەکان دەتوانن بیبینن، چونکە بینینى پرسى دارایی هەنگاو بە هەنگاو و به‌پێی ده‌سه‌ڵاته‌ کە كێ ده‌توانێ چ ببینێ؟

ـ وەزارەتەکانى دیکە سوودیان لە سیستەمەکەى ئێوە نەبینیوە؟

د. توانا: سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ کە وەزارەت و فەرمانگەکان به‌ئه‌لیكترۆنی بكرێن بۆ ئەوەى ڕۆتین و تێچوو که‌م بكرێته‌وه‌ و هاووڵاتیان بتوانن لە کاتێکى کەم و بێ ماندووبوون کارەکانیان جێبەجێ بکەن، بۆیە ئێمە کارمان لەسەر ئەم پرسە کردووە و ئێستا وەزارەتەکەمان ١٠٠% بەئەلیکترۆنى بووە و به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ نووسراوێكی فه‌رمیمان ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌، بۆ ئەوەى هاوکارى وه‌زاره‌ته‌كانى تربین بەتایبەت وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان کە په‌یوه‌ندییەکى زۆریان به‌  ئیشوكاری هاووڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن سوود له‌م سیسته‌مه وەربگرن و ئێمه‌ ئاماده‌یی خۆمان نیشان داوە كه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ش بده‌ینه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی لای خۆیانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی بكه‌ن تا بتوانن بدرێتە وەزارەتەکان و‌ سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان سوودى لێ وەربگرن.

ـ لە باکەپ و پشتیوانییە تەکنیکییەکە سوودتان لە فەرمانگەى تەکنەلۆژیاى زانیارى وەرگرتووە؟

د. توانا: ئەو سیستەمەى ئێمە سەرەتا بە گرێبەستێک ئەنجام دراوە لەگەڵ کەرتى تایبەت، بەسوپاسەوە لەسەرەتاى دروستبونى ئەم کابینەوە فەرمانگەى تەکنەلۆژیاى زانیارى سەر بە ئەنجومەنى وەزیران هاوکار بوون و سێرڤەرى سیستەمەکەیان بەشێوەى بێبەرامبەر بۆ دابین کردین، ئێستا فەرمانگەکە ئاگادارى ئیش و کارەکانمانن و هەماهەنگین لەسەر ئەنجامدانى پریزنتەیشنێک بۆ ڕوونکردنەوەى سیستەمەکە و سوودەکانى.

بۆ پارێزراویش سێرڤەرى ئەم ئەپڵیکەیشنە لەلاى فەرمانگەى تەکنەلۆژیاى زانیارى ـ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانە و بە شێوەى دەوڵەتدارى و لەلاى ئەوانەوە ئیدارە دەدرێت، چونکە زانیارییەکانى ناوى گرنگن و دەبێت پارێزراو بن، چونکە سەرجەم فەرمان و زانیارییەکانى فەرمانبەرانى هەر لە فەرمانبەرێکى ئاسایى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى تا جەنابى وەزیر و هاووڵاتیانى پەیوەست بە وەزارەتەکەمانى لەخۆ گرتووە.

بە دڵنیاییەوە بەردەوامیش دەبین و لەگەڵ ئەنجومەنى وەزیران لە سەر هێڵین بۆئەوەى ئەو خزمەتگوزارییەى کەوا لە وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى سەرکەوتنى بەدەست هێناوە، بگەیێنرێتە هەموو وەزارەتەکان تا ئاسنکارى بۆ هاوڵاتیان بکرێت بەشێوەى ئەلیکترۆنى.

 

بۆ بینینى ڕاپۆرتى ڤیدیۆیى، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

(62) خزمەتگوزارییەکی گرنگیی ئەلیکترۆنیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی - YouTube

 

فەرمانگەى میدیاو زانیارى